حیزبەكانی توركیا كورد بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەكاردەهێنن

ڕاپۆرت 06/09/2021

جەهەپە بەدوای كوردانی باشوور و باكووری كوردستانەوەیە بۆ گەیشتنەوە بە دەسەڵات

چاودێر: 

حیزبەكاتی توركیا كاتێك ئۆپۆزسیۆنن، دۆستی كوردن كاتێك دەچنە دەسەڵات دەبنە دووژمنی كورد، ئەمە بۆ زۆرینەی حیزبە عەلمانیی و ئیسلامییە سەرەكییەكانی توركیا راستە، كوردیش بێ ئەنجام لێی دەرچووە، تەنها شەڕوشۆڕی بۆ ماوەتەوە.

پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانڕەوای توركیا بە رێبەرایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەرەتای هاتنەسەر كاری لە 2001 خۆی وەك دۆستی كورد نیشان دەدا، هەوڵی بەرپاكردنی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە جەنگی دەدا، هەنگاوی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد دەنا، بواری بۆ چالاكی سیاسیی و فەرهەنگیی كوردی كردەوە لەنێو توركیادا، گەیشتە ئاستێك زۆرێك لەنێوخۆ و دەرەوەی توركیا ئەردۆغانیان وەك دۆست و پەنای كورد دەزانی، جەماوەرێكی زۆری بۆ خۆی لە باشوور و باكووری كوردستان كۆكردەوە، كە ئێستاش بەرگریی لێ دەكەن.

ئەم نەرمینواندنەی ئاكپارتی زۆری نەخایاند، لەگەڵ جێگیربوونی فەرمانڕەواییەكەیدا و دوورخستنەوەی نەیارەكانی و لاوازكردنیان و دواتر پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەی رەگەزپەرست لەپێناو رازیكردنی دڵی هاوپەیمانە نوێیەكەیدا كەوتەوە دژایەتیكردنی كورد و دەستپێكردنەوەی جەنگ لە باكوور و باشوور و رۆژئاوای كوردستان، هەرچەند لە دەستپێكردنەوەی جەنگدا لایەنی كوردیش بێ خەتا نییە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە ئێستا دەگوترێت ئاستی جەماوەریی خۆی و حیزبەكەی دابەزیوە و گومانیان لە بردنەوە هەیە لە هەڵبژاردنەكانی 2023دا دوای زیاد لە 21 ساڵ حكومڕانی ئەم وڵاتە، ناوبراو چووەتە دیاربەكری باكووری كوردستان، سەردانی كوردانی كردووە و گۆرانی لەگەڵ گوتوون، ئەمەش یەكەم سەردانی ئەردۆغان نییە لەگەڵ نێزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان سەردانی باكووری كوردستان دەكات، پێشترێش ئەم جۆرە سەردانانەی هەبوون، مەسعود بارزانیی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان و شڤان پەروەریی گەورە هونەرمەندیی نەتەوەیی كوردی لەگەڵ خۆیداوە گێڕاوە بە شارەكانی باكووری كوردستاندا بانگەشەی هەڵبژاردنی كردووە.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و یەكێك لە رێبەرانی پێشووی حیزبی ئاكپارتی، ئێستا حیزبی خۆی پێكەوەناوە و بەتەمای بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانە.

داود ئۆغلۆ چەند هەفتەی رابردوو سەردانی چەند ناوچەیێكی باكووری كوردستانی كرد لەوێ لەگەڵ هاووڵاتیانی ناوچەكە بە جل و پۆشاكی كوردیی و جامەدانەوە شایی كرد، ئەو وەسفی زۆری كوردی كرد.

حیزبێكی دیكەی توركیا جەهەپە كە پێشتر دەسەڵاتدار بووە و زۆر دژایەتیی كوردی كردووە، دەمێكی زۆرە ئۆپۆزسیۆنە و چاوی لە گەیشتنەوەیە بە كورسی فەرمانڕەوایی، بە هاوكاریی كورد توانی كورسی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبوڵ لە ركابەرە ئیسلامییەكەی ئاكپارتی بەرێتەوە، وەك دەگوترێت ئەوەی شارەوانیی ئیستەنبوڵ بەرێتەوە توركیا دەباتەوە، بۆیە لەسەر بنەمای لاوازبوونی ئاكپارتی و بردنەوەی ئیستەنبوڵ ئومێدەكانی بۆ  گەیشتنەوە بە دەسەڵات زیاتر بوون لە 2023.

جەهەپە تا دێت زیاتر مەیلی خۆی بۆ كورد دەكاتەوە و چاوەڕێی بەستنی هاوپەیمانییە لەگەڵ هەدەپەدا، كە هاوپەیمانێیەكی رانەگەیەندراویش لەنێوانیان هەیە، كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، مەیلی هەدەپەش بۆ جەهەپە هەیە بەهۆی نزیكی ئایدۆلۆژییەوە .

جەهەپە هەر بە تەنیا بە نێزیكبوونەوە لە هەدەپە و كوردانی توركیاوە رانەوەستاوە، بەڵكو شاندێكی باڵای حیزبەكە بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی حیزب دوو رۆژی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد لەگەڵ مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی و مەسروور بارزانیی سەرۆك وەزیرانی هەرێمدا كۆبوونەوە باسیان لەگرنگی پێوەندییەكانی دوولایەنە كرد.

بە گوتەی شرۆڤەكاران ئەم هەنگاوەی جەهەپە بۆ رێخۆشكردنی زیاترە بۆ بەكارهێنانی كورد بۆ گەیشتنەوە بەدەسەڵات، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا كوردانی باكوور و باشووری كوردستان دەتوانن چۆن هاوكاریی جەهەپە بن، ئایا جەهەپە بە تەواوی بیری بەرامبەر كێشەی كورد گۆڕاوە یان تەنها تاكتیكە كۆنەكەی حیزبەكانی توركیایە بۆ بەكارهێنانی كورد بۆ مەرامەكانی خۆیان.

بە گوتەی شرۆڤەكاران رەوشی داهاتووی توركیا لەبەرژەوەندی باكوور و باشووری كوردستانە، پێویستە تاكلایەنە نەچێتە بەرەیەكەوە، بەڵكو دەبێـت هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان هەردوولایەك لایەندا، یان كام لایەن گرەنتی مافەكانی كورد بكات، بچێتە ئەو لایەنەوە.

 شرۆڤەكارێك دەڵێت بۆ هەرێمی كوردستان ئاسان نییە بچێتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە كاتێك هاوبەشیێكی زۆری سیاسیی و ئابوورییان هەیە، رەنگە هەر ئەمەش هۆكاربووبێ بۆ ئەوەی كە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی جەهەپەدا كۆنەبووەوە.