گۆڕان گەورەترین زیانی بە خۆپیشاندان و ئۆپۆزسیۆن و میدیا گەیاند

ڕاپۆرت 25/08/2021

گۆڕان لە شەڕەپەڕۆ‌و شەڕەجنێوەوە بۆ شەڕەپەیج 
چاودێر:

بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە كارێكی كرد، مێدیای كوردی بەرەو هەڵدێر برد، كەس متمانەی بە مێدیای كورد نەما، رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و چالاكی مەدەنی و ناڕەزایی و خۆپیشاندانی كووشت، كارێكی كرد كەس متمانەی بە هیچ نەمێنێت، تەنانەت گەیشتوەتە ئەوەی هاووڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردنیش نەماوە، ئاوات بۆ گەڕانەوەی بەعس و داعش بخوازن، ئەمە چەند خەتای حیزبە فەرمانڕەواكان بێت، چەند هێندە خەتای گۆڕانە.

مێدیا

مێدیای بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای درووستبوونیەوە بە زیندووكردنەوەی شەڕی مێدیایی حیزبەكان لە سەردەمی شەڕی نێوخۆ و  پڕوپاگەندە و هەڵمەتی مێدیایی بێناوەرۆك دەستیپێكرد، لەگەڵ فراوانبوونی سۆشیال مێدیادا هەڵمەتی مێدیایی گۆڕان بەرەوفراوان بوون چوو، شەڕە پەیج سەریهەڵدا، لە كاردانەوەدا حیزبە فەرمانڕەواكان هاوشێوەی گۆڕان دەستیان پێكرد، حیزب و بەرپرس و سەرمایەدار و خاوەن بەرژەوەندییەكان هاتنە مەیدانی جەنگی مێدیایی و شەڕە پەیج، هەریەكە و پەیج و سایت و رادیۆیەك و كەناڵێكی بۆخۆی دانا، تا بووە فەوزای مێدیایی و بڵاوكردنەوەی وێنەو فیلمى یەكدی، بەڕێوەبردنی ئاستنزمی مێدیایی هاتەگۆڕێ، جگە لە بە هەدەردانی ملیۆنان دۆلاری هەرێمی كوردستان لە شەڕە پەیجدا، متمانەی هاووڵاتیانیشی بە مێدیای كوردی نەهێشت، هەموو مێدیای كوردی لە پەیجە ئاست نزمەكانی سۆشیال مێدیادا كۆبووەوە.

ئۆپۆزسیۆن

هاووڵاتییەكی زۆری هەرێمی كوردستان ئومێدی گۆڕانكارییان بەستبووەوە بە جووڵانەوەیەكی ئۆپۆزسیۆنەوە، كە لە 2009 گۆڕان ئاڵاكەی هەڵگرت، بەڵام چۆن تەنها چوار ساڵی خایاند، لە 2013 چوونە حكومەتەوە كەوتن بەسەر پشكە كێكی خۆیاندا، لەنێو گۆڕان شەڕ لەسەر كورسییەكانی حكومەت و نزیكبوونەوە لە پارتی زیاتر بوو، بەوەش نەوەستا زۆرێك لە بەرپرسەكانی پارتیبوونی خۆیان راگەیاند، تا كار گەیشت بە هەڵگەڕانەوە بەسەر هەموو دروشمەكانی پێشووی خۆیاندا بۆ گۆڕانكاریی و چاكسازیی و بێدەنگ بوون لە هەموو كەموكوڕییەكان كە ئێستا سەدان هێندەی كاتی دروستبوونی گۆڕانن،  هەر ئەوەش نا بەشداریكردن لە نازم و نیعەمەتی دەسەڵاتدا.

ئەم مامەڵەی گۆڕان بووەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان متمانەیان بە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت و ئێستا گوێ لە كەس نەگرێت، ئاوات بە هاتنەوەی بەعس و داعش و توندڕۆكان بخوازێت.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بە دەستی گۆڕانەوە حاڵیان لە حاڵی مێدیا و ئۆپۆزسیۆن باشتر نییە، بزووتنەوەی گۆڕان هەر خۆپیشاندانێك دەكرا، كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی خۆی تێدەكرد بە گوتاری ئاگرین توانیان خۆیان بكەن بە ئەستێرە لە هەڵبژاردن هەزاران دەنگ و بێنن و دواتر بە بێدەنگی بەرهەمەكەی بۆ گیرفانی خۆیان و حیزبەكەیان بچننەوە، بۆیە ئێستا كەس ناچێت بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، چونكە دەڵێن خۆپیشاندان بۆ بانگەشەكردنی چالاكەوان و كادرە حیزبییەكانە بەتایبەت ئەوانەی گۆڕان.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر چەند رۆژی رابردوو هەوڵ هەبووە بۆ رێكخستنی خۆپیشاندانی مامۆستایان، بەڵام دواخراوە بەهۆی ئەوەی نەبێتە مەیدانی بانگەشەی كاندیدەكان.