کەی رەخنەکانتان بە خەڵک دەڵێن؟
چاودێر
بزووتنەوەی گۆڕان کە خۆی بە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەختی دەسەڵات دەبینی، ئێستا بەشدارێکی کارای دەسەڵاتە، بەڵام جار جار دەمەزەردی هەنێ هەڵوێست دەکەنەوە بە تایبەتی لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردندا خۆیان وەک چاکساز و خەمخۆری خەڵک پیشان دەدەن، بەڵام کە دەکەونە گیانی کێکی دەسەڵات کرێمەکەشی بۆ کەس ناهێڵنەوە. لەم رۆژانەی رابردودا عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ هەڵسوڕاوەکانیان دەڵێت: (ئەگەر چاکسازی نەکرێت ئەوا رەخنەکانی خۆمان بە هاوڵاتیان دەڵێین). کە وتەکانی جێگەی هەڵوەستەن.
ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ تیمی بزوتنەوەکە لە حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و تیمەکانی حکومەتە خۆجێییەکان و خانەی راپەراندن و ژوورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وتەیەکی پێشکەشکرد.
ناوبراو لەوتەکەیدا وتی: (ئێمە لە حزبی دەسەڵاتداری قبوڵ ناکەین بە خواستی خۆی کابینەکە بەڕێوەبەرێت).
تەنها ئەم ڕستەیە دەکرێت، چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، بەنمونە:
کاتێک دەڵێت (حزبی دەسەڵاتدار) وەک ئەوەیە خۆی ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر کارابێت! لەبیریچووەتەوە یان خۆیلاداوە لەوەی، بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارێکی کارای حکومەتە و خۆی دەسەڵاتدارە، ناکرێت حزبێک خۆی دەسەڵاتداربێت و بەخۆی بڵێت: (ئێمە لە خۆمانی قبوڵ ناکەین بە خواستی خۆمان کابینەکە بەڕێوەبەرین). ئەمە لاکاتێکدایە گۆڕان لەهەموو ئەو بڕیارانەدا بەشدارە کە باری ژیانی خەڵکیان قورس کردوە.
کاتێک دەڵێت( قبوڵی ناکەین)، ڕوونی نەکردووەتەوە بۆچی چەند ساڵە کە دەسەڵاتدارن قبوڵیان کردووە و بێدەنگبوون، دیارە لەئێستادا کە نزیک بانگەشەی هەڵبژاردنە دەیانەوێت، بڵێن هەین، بەڵام ئەم وتانە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونە جێگەی پێکەنین، چونکە سیاسەتی بزووتنەوەکە ڕوونبووەتەوە لەناو هاوڵاتییاندا کە چۆن بوونەتە دەسەڵاتدار و لەخەمی کورسییەکانی خۆیانن، نەک قبوڵکردن و قبوڵنەکردنی شێوازی ئیدارەدانی حکومەت.
کاتێک دەڵێت( بەخواستی دەسەڵات) ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە خۆی لەدەسەڵات دەدزێتەوە و خۆی بێبەری دەکات لەوەی دەسەڵاتدارە و چەندین وەزیر و بەڕێوەبەری لەنێو حکومەتدا هەیە.
عومەر سەید عەلی لەدرێژەی قسەکانیدا لەکۆبوونەوەکەدا وتویەتی (لەکاتی رێککەوتنی سیاسیشمان لەگەڵیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێمان وتوون: کە ئێمە دەرفەتێکیان دەدەینێ بۆ چاکسازی و ئەگەر چاکسازی نەکرێت ئەوا رەخنەکانی خۆمان بە هاوڵاتیان دەڵێین).
لەم قسانەوە دەردەکەوێت، کە ئەم بزووتنەوەیە خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک و خۆی دەدزێتەوە لە بەرپرسیارێتی سەر شانی، ئەگەرنا خێرە ئاشکراکردنی ڕەخنەکانیان وەک کارتی فشار بەکاردەهێنن؟ ئەی خەڵک مافی ئەوەی نیە رەخنەکانیان پێ بڵێن، یان دەبێت هەر لەو کاتانەدا خەڵکیان بیربکەوێتەوە کە نزیکە هەڵبژاردنەو دەیانوێت ختوکی سۆزی خەڵکی بدەن.
بزووتنەوەی گۆڕان، کە خۆی بەڕەخنەگر و ئۆپۆزسیۆنێکی توندی دەسەڵات دەزانی، ئێستا وای لێهاتووە، نەک ڕەخنە ناگرێت، بەڵکو وتنی ڕەخنەکانیش دەکاتە منت و کارتی فشار.
بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستەکانی ڕابردووی سەلماندوویەتی کە حزبێکی بێ هەڵوێستە و کاریگەری نەماوە، ئەگەرنا دەیان قەیرانی وەک گرانی ئارد و نان، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خۆراک و کاڵا جیاوازەکان، بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و کێشەی ئاوی خواردنەوە، بەڵام هەڵوێستی کرداریان نەبووە.