توركیا دوای كشانەوەی ئەمریكا هێرش دەكاتەسەر باشوور و رۆژئاوای كوردستان

ڕاپۆرت 25/08/2021

توركیا جێگەی هێزە ئەمریكاییەكان دەگرنەوە  لە سووریا و عێراق و ئەفغانستان و سۆماڵ
چاودێر: 

 توركیا بە ئاشكرا و بە نەهێنی خۆی سازكردووە بۆ جێگرتنەوەی هێزە ئەمریكایی و خۆرئاواییەكان لەئەو وڵاتانەی لێی دەكشێنەوە، بەتایبەت ئەفغانستان و عێراق و سووریا و سۆماڵ.

توركیا چەند جارێك لە سەر ئاستی باڵای سەركردەكانیانەوە رایگەیاندووە ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی ئەفغانستان لە دوای كشانەوەی ئەمریكا و گەڕانەوەی گرووپە چەكدارەكان، بەتایبەت گرتنەئەستۆی پارێزگاری لە فڕۆكەخانەی كابووڵ.

لای خۆشیەوە محەمەد نەعیم یەكێك لە رێبەرانی گرووپە چەكدارەكانی ئەفغانستان بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆی فەڕمی توركیا لێدوانی داوە، گوتی: پێویستیمان بە توركیا هەیە كە هاوكاریمان بكات.
 
توركیا لەگەڵ رووداوەكانی ئەفغانستان بێ دەنگ دانەنیشت هێرشێكی گەورەی كردە سەر شەنگال، لەوێ سەركردەیەكی باڵای هێزە ئێزدییەكانی سەر بە پەكەكەی كوشت، نەخۆشخانەیەكی بۆردومان كرد، بەوەش نەوەستا گەورەترین هێرشی ئاسمانی كردە سەر شارباژێڕ و پێنجوێن.

وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاویكردەوە دوێنێ بە درێژایی 200 كیلۆمیتر لە زنجیرە شاخی ئاسۆس لە ناوچەی شارباژێڕ بە بەشداریی 200 فڕۆكەی شەڕكەر و بێفڕۆكەوان 28 ئامانجی پەكەكەیان بۆردومانكردووە، ئەمە یەكەم هێرشی گەورەی توركیایە لە ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی.

هاوكات ئەمڕۆ چوار شەممە جارێكی دیكە فڕۆكە شەڕكەرەكانی توركیا ناوچەی شەهبای رۆژئاوای كوردستانیان بۆردومانكرد، رۆژانی پێشتر بۆردومانەكانیان لەوێ بەردەوامی هەیە.

بەپێی شرۆڤەكان توركیا چاوی لە دوو ناوچەی كوردی رۆژئاوا و باشووری كوردستانە كە لە حاڵی كشانەوەی ئەمریكاییەكان بە ناوی شەڕی تێرۆرەوە هێرش دەكات و دەستیان بەسەردا دەگرێـت.

گۆڤاری واشنتن ئیگزامینێری ئەمریكایی بڵاویكردەوە زیاد بوونی هێرشەكانی توركیا بۆسەر كوردەكان لە عێراق و سووریا كە قوربانیی سڤیلیشی لێكەوتۆتەوە، پاشهاتی كشانەوەی ئەمریكایە لە ئەفغانستان.

گۆڤارەكە هۆشداریی داوە كە توركیا، سەرقاڵبوونی ئەمریكای بەپرسی كشانەوە لە ناوچە ناكۆكەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی لە عێراق و سووریا قۆستووەتەوە كە زیاتر بوونی هێرشە درۆنییەكان نموونەی بەرچاوی ئەو ڕووداوەیە.

واشنتن ئیگزامینێر زیاتر شی دەكاتەوە و دەڵێت هۆكاری زیاتر بوونی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر خاكی عێراق و سووریا ناتوانایی ئەو وڵاتەیە لە چارەسەر كردنی سیاسیی كێشەكانی لە ناوچەكە.

ئەم گۆڤارە ئەمریكاییە هۆشداریی داوە كە توركیا دەیهەوێت لەو ناوچانەدا كە ئەمریكا بوونی هەیە تەنانەت لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەكەڵك وەرگرتن لە شەڕی درۆنەكان شوێن پێی ئەمریكا و ناتۆ شل بكات.
زۆرێك لە شرۆڤەكان گەیشتوون بە ئەو بڕوایەی دوای كشانەوەی ئەمریكا هەردوو ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان لە سووریا و ناوچەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان لە عێراق رووبەڕووی مەترسیی هێرش دەبنەوە، بەڵام هێشتا بۆچوونەكان لەسەر ئەو هێزە كۆك نین، كە دێتە مەیدان، بەڵام ئاماژە بۆ گەڕاندنەوەی بەعسییەكان، یان سەرهەڵدانەوەی داعش كە كاربەدەستانی ئەمریكایی بانگەشەی بۆ دەكەن، یان توركیا یان هێزێكی دیكە لە ناوچەكەدا.