ئەفغانستان دەبێتەوە مۆڵگەی تێرۆر

ڕاپۆرت 23/08/2021

داعش لە كابووڵەوە سەرهەڵدەداتەوە 
چاودێر: 

لەگەڵ گرتنەوەی ئەفغانستان لەلایەن گرووپە چەكدارە توندڕۆكانەوە هەرزوو كارناسان و پسپۆڕانی بواری تێرۆر و ئاسایشی نێونەتەوەیی هۆشدارییان دا كە ئەم وڵاتە دەبێتەوە مۆڵگەی گرووپە تێرۆریستییەكان.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە گرووپێك چەكداری نەناسراو هێرشی چەكداریی توندیان كردەسەر هەزاران كەسی ئەفغانستانی و هاوپەیمانان لە فڕۆكەخانەی كابووڵ، لەوێ پێكدادانی تووند لەنێوان هێزە ئەفغانستانییەكان و هێزە ئەمریكایی و ئەڵمانییەكان لەلایەك و گرووپە هێرشبەرەكەدا بە روویدا.

بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لەو پێكدادانەدا كەسێك كوژراوە و 3ی دیكەش بریندار بوون.

لای خۆی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند لە دەروازەكانی فڕۆكەخانەی كابووڵ شەڕ لەنێوان گرووپێكی هێرشبەر و هێزە پاسەوانەكاندا رووی داوە، بەڵام هێزی بەریتانی بەشداری شەڕی نەكردووە.

ئەمە لە حاڵێكدایە شەوی رابردوو جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە تایبەت بە رەوشی ئەفغانستان سازیكردبوو، لەبارەی سەرهەڵدانەوەی گرووپە تێرۆریستییەكان لە ئەفغانستان هۆشداریی توندی دا.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وەڵامی رۆژنامەواناندا گوتی: گرووپی داعش یان گرووپە تێرۆریستییەكانی دیكە رەوشی خراپی ئەمنی فڕۆكەخانەی كابووڵ دەقۆزنەوە، سڤیلەكان و هاوپەیمانان بە ئامانج دەگرن.

جۆ بایدن گوتیشی: رەوشەكە زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت، ژیانی سڤیلیەكان لە مەترسیدایە.

لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە هەزاران هاووڵاتی گوازرانەوە دەرەوەی ئەفغانستان لە رۆژانی رابردوودا، بە هەزارانی دیكەش چاوەڕوانی گەشت دەكەن.

لە فڕۆكەخانەی كابووڵ پشێویەكی زۆر هەیە، هەزاران كەس دەروازەكانی فڕۆكەخانەیان گرتووە، هێزێكی گەورەی ئەمریكایی لەوێن، بەهۆی گرژییەكان و پاڵەپەستۆوە زیاد لە 10 كەس مردوون.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: كاری لە پێشینەمان گواستنەوەی ئەمریكایی و هاوڵاتیانی ئەفغانستانە كە هاوكاری ئێمەیان كردووە.

هەرچەندە گرووپە چەكدارەكان دووپاتی دەكەنەوە كە رێگا نادەن ئەفغانستان ببێتە گۆڕەپانی هیچ رێكخراوێكی دەرەوەیی و رێگاش نادەن خاكی ئەفغانستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دەرەوە بەتایبەت دراوسێكان، بەڵام هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی كابووڵ پێچەوانەی ئەو پەیامانە بوو، كە بە دیار كەوت بە ویستی گرووپە چەكدارەكان بێت یان نا گرووپە تێرۆرستییەكان لە نێو ئەفغانستان دەستیان بە چالاكی كردووە.
بەشێك لە شرۆڤەكاران دەستی تۆمەتیان بۆ داعش راكێشا كە لە پشت هێرشەكەی ئەمڕۆی فڕۆكەخانەی كابووڵەوەیە.

لە ماوەكانی رابردوودا ئەفغانستان یەكێك بووە لە ئەو وڵاتانەی بووە بە پەناگەی گرووپە تێرۆریستییەكان هاوكات لەگەڵ سووریا و عێراق و لیبیا و چەند وڵاتێكی دیكە.