حوكمی تاڵیبان لەبەردەم هەڕەشەی چوار ئاڵنگاریدا

ڕاپۆرت 22/08/2021

چاودێر: گۆران قادر
دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر ڕوخانی ڕژێمەكەیان لە ساڵی 2001دا، بزووتنەوەی تاڵیبان جارێكی دیكە كابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی كۆنترۆڵ كردەوە، كەوتنی كابوڵ دوای شەڕی چەند هەفتەیەك بوو، كە تاڵیبان توانی شار بە دوای شار كۆنترۆڵ بكات و چاوەڕوانی وادەی كشانەوەی ئەمریكا نەبێت،هەروەها ئەشرەف غەنی سەرۆكی وڵاتیش لە ترسی دووبارە نەبوونەوەی سیناریۆكەی ساڵی 1996، كە بزووتنەوەكە بە هاتنەوەی بۆ پایتەخت " نەجیبوڵڵا" سەرۆكی وڵاتیان كوشت، ئەفغانستانی بەرەو تاجیكستان بەجێهێشت.
گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، زۆر ئاسان بوو لە چاوەڕوانی كەسدا نەبوو بەو خێراییە كۆنترۆڵی تەواوی وڵات بكات، بەڵام وا دیارە هەر بەم شێوەیە نابێت، چونكە هەر بە گەڕانەوەیان ترس و دڵەڕاوكێ هەموو وڵاتی گرتەوە،هاوڵاتیان هەوڵی ڕاكردنیان دەدا،ئەگەر لەسەر باڵی فڕۆكەش بێت، هەروەها لە دەرەوەش چاوی لەسەرە و هیچ لایەك پەلە ناكات، لەوەی دانی پێدا بنێت، ئەمە جگە لەوەی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابوری و چەكی هۆزەكان و لەوەیە شەڕی ناوخۆش ببێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە، باس لە چوار ئاڵنگاری دەكەین، كە ڕووبەڕووی حوكمی  ئیماراتی ئیسلامی تاڵیبان دەبێتەوە، كە ئەمانەن:

یەكەم: ڕزگاربوون لە كابوسی ڕابردوو:
بزووتنەوەی تاڵیبان لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، ئیماراتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند،بەڵام ئەو ئیماراتە نەبووە جێی متمانەی ناوخۆ و دەرەوە، لە ناوخۆدا حوكمێكی توندی دژ بە هاوڵاتیانی بەتایبەت ژنان پەیڕەو دەكرد و لە سادەترین ماف بێبەشی دەكردن، هەروەها ئەفغانستانیش لە سایەی تاڵیباندا ببوە پێگەیەكی ئارام بۆ بزووتنەوە جیهادییەكانی جیهان، ئێستاش دوای گەڕانەوەی تاڵیبان ڕوون نیە، كە بزووتنەوەكە كۆنترۆڵی هێرشی گروپە تیرۆرستیەكان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا دەكات، یان نا،بەتایبەت كە ئێستا گروپی تیرۆرستی داعش لە ئەفغانستان بوونی هەیە و تاڵیبان نەیتوانیوە بە تەواوی كۆنترۆڵی بكات،بە پێی ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتوەكان لە ئەفغانستان سوپایەكی جیهادییەكان هەیە، كە ژمارەیان لە دە هەزار تێپەڕ دەكات، كە نیوەیان سەر بە گروپی داعشن،لەم كاتەدا تاڵیبان پێویستە ڕووبەڕوویان ببێتەوە، خۆ ئەگەر ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، ئەوا لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توشی چەندین قەیران و سزای سەپێندراو دەبێتەوە.

دووەم: توندوتیژی ناوخۆیی:
بوونی چەك بەدەست هاوڵاتیان و گروپەكان، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر حوكمی تاڵیبان، لە ئەفغانستان چەك بەپێی پێكهاتەكان لەڕووی ڕەگەزی و مەزهەبیەوە دابەش بوون، بەتایبەت بەدەست ئۆزبەك و تاجیك و هەزارەی شیعەوەن،لەوانیش مەترسیدارتر بوونی میلیشیایەكە بە ناوی " پارتی كۆمەڵەی ئیسلامی" كە بەسەرۆكایەتی محمد ئیسماعیل خانە، ئەم گروپە دیارترین گروپی جیهادیە كە لە ڕابردوودا شەڕی دژی سۆڤیەت كردووە، ئێستاش خۆی بە ڕكابەری تاڵیبان دەزانێت، خۆ ئەگەر نەگەنە ڕێك كەوتن، ئەوە زۆر نزیكە ڕووبەڕووی تاڵیبان ببێتەوە،چونكە پێشتر بەهۆی دەستگیر كردنی سەركردەی بزووتنەوەكەیان، گروپەكە ڕاپەڕینی دژی تاڵیبان ڕاگەیاند، لەلایەكی دیكەشەوە رۆژنامەی " الشرق الاوسگ" ئاشكرای كرد، كە لە دۆڵی پەنجەشێر ژمارەیەكی زۆری چەكدارە بەسەرۆكایەتی  كوڕەكەی ئەحمەد شا مەسعود، كۆبوونەوەتەوە و ڕووبەڕووی چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان دەبنەوە،بۆیە بوونی ئەم گروپە چەكدارییانە، كە هەموویان ماف بە خۆیان دەدەن حوكمی ئەفغانستان بكەن، گەورەترین هەڕەشە لە حوكمی تاڵیبان و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی ئەفغانستان دەكەن، خۆ ئەگەر بێت و ڕێككەوتن لە نێوانیان ڕوونەدات،ئەوە زۆر نزیكە، وڵات توشی شەڕێكی ناوخۆ بكەنەوە، كە داهاتووەكەی دیار نیە.

سێیەم: قەیرانی دارایی:
بەپێی ڕاپۆرتێك كە نەتەوە یەكگرتوەكان لە حوزەیرانی ئەمساڵ 2021دا بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری بڵاوی كردۆتەوە، بزووتنەوەی تاڵیبان زۆرینەی داهاتەكەی لە ڕێگای نایاساییەوە بەدەست دەهێنێت، وەك بەرهەمهێنانی ئەفیون و بازرگانی كردن بە مادەی هۆشبەرەوە، بەشێكی دیكەی داهاتیشی بەهۆی هاوكاری ئەو ناوچانەوەیە كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بوون، یان لەدەرەوە هاوكاری دەكرێن، بەشێوەیەكی گشتی داهاتی تاڵیبان لە ساڵێكدا نزیكەی ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلارە.
ئەم داهاتە بەشی بزوتنەوەكە ناكات، كە بتوانێ فەرمانڕەوایی وڵاتی پێبكات و سەقامگیری ئابوری پێفەراهەم بكات، بەتایبەت كە ئەفغانستان بەدەست كورتهێنانی بودجەوە دەناڵێنێت،بەپێی ڕاپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی، حكومەتی ئەفغانستان لە ساڵی 2018دا 11 ملیار دۆلاری خەرج كردووە، كە لە %80ی لە هاریكارییەكانی دەرەوە بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە بووە،ئەمەش واتای ئەوەیە كە حكومەتی كابوڵ تەنها ملیارێك و 800 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ بووە،بۆیە هیچ ڕوون نیە كە چۆن تاڵیبان دەتوانێت ئەو داهاتەی سەرەوە دەستبخات، لە كاتێكدا كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەك هاوكاری ناكەن، بەڵكو ئامادە نین لە ئێستادا دانی پێدا بنێت،بۆیە چارەسەركردنی قەیرانی ئابوری و بەو ئابورییە بەر خۆرەی ئەفغانستان یەكێكە لە كێشە گەورەكانی بەردەم بزووتنەوەكە.

چوارەم: تاڵیبان و پەیوەندی دیپلۆماسی:
بە چاوپۆشین لە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كە تاكو ئێستا خاوەنی بەرژەوەندی گرنگە لە ئەفغانستان، وا دیارە وڵاتانی جیهانی بە ئاسانی دان بە حكومەتی داهاتوودا نانێن، بەتایبەت دوای ئەوەی كە تاڵیبان ڕایگەیاند حكومەتی ڕاگوزەر پێكناهێنن،بەڵكو ڕاستەوخۆ دەسەڵات دەگرنە دەست، دوای ئەو لێدوانە چەند دەوڵەتێك ڕایانگەیاند شەرعیەت بەو حكومەتە نادەن، كە بەهێز خۆی بچەسپێنێت،بۆیە وادیارە قەیرانێكی فعلی ڕووبەڕووی تاڵیبان دەبێتەوە، قەیرانەكەش بریتی دەبێت لەوەی كە تاڵیبان نەتوانی قەناعەت بە وڵاتانی جیهان بكات، دیپلۆماتكار و هاوڵاتیەكانیان نەگوازنەوە،هەرچەندە بەڵێنی پێداون كە پارێزگاری لە باڵیۆزخانە و نێردەكانیان بكات، هەروەها قەناعەتیان پێبكات بە كەناڵە سیاسی و ئابورییەكانیان بهێڵننەوە، بۆ ئەوەی لەلایەك دانپێدانانی نێودەوڵەتی وەربگرێت و لەلایەكی دیكەشەوە سودی ئابوری پێبگات.
ئەمریكا تاكو ئێستا هۆشداری دەدات، وڵاتانی جیهانیش بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكەن، نایانەوێت ئەفغانستان ببێتە شوێنێكی ئارام بۆ تیرۆرستان، بەڵام پێشهاتەكان بۆ تاڵیبان دڵخۆش نین،چونكە وڵاتانی وەك هند و بەریتانیا و ئەڵمانیا و سوید و دانیمارك و نەرویج و كۆریای باشور و ئیتاڵیا و كەنەدا، باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان داخستوە، بەتەنها داخستنی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا زیانی 430 ملیۆن یۆرۆ (505 ملیۆن دۆلار) زیانی لە تاڵیبان داوە، هەروەها وڵاتانی كۆمەك بەخشیش كۆمەكیان بۆ ئەفغانستان ڕاگرتوە، بۆیە نەمانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و دان نەنان بە تاڵیبان، یەكێكە لە ئاڵنگارییە قورسەكان، چونكە تاڵیبان لەسەر ئاستی دەرەوە  گۆشەگیر دەكات و لە ناوخۆش ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابوری دەكاتەوە. 
لە كۆتاییدا، لەوەی تاڵیبان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بكات، كە دانی پێدا بنێن، هەروەك چۆن دانیان بە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران نا لە ساڵی 1979دا، بەڵام پەیوەندی لایەنەكانی ناو ئەفغانستان كێشەیەكی دوور مەودا دەبێت، داهاتوویەكی ڕوونی نیە، هەروەها هەرچەندە تاڵیبان لەڕووی هێزەوە سەركەوتوو بوو، بەڵام مەرج نیە هەر بەو ئاسانیە بتوانێت ئیدارەی وڵات و لایەنی ئابوری بدات و بەرگەی گوشارە نێودەوڵەتیەكان بگرێت.