پاركەكانی سلێمانی ووشك بوون

ڕاپۆرت 02/08/2021


دوای دوو مانگ زیاتر هێشتا 5 ملیار و 700 ملیۆنەكەی پاركەكانی سلێمانی نەگەیشتووە
چاودێر: 
لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 6 ملیار دیناری بۆ پاركەكانی سلێمانی تەرخانكردووە پێش دوومانگ ، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە نەگەیشتووە و پاركەكانیش ووشك بوون.

پەیامنێری چاودێر لە سلێمانی دەڵێت: چیمەنی پاركەكانی شاری سلێمانی بە تەواوی ووشكبووە و دار و درەختەكانیش بەرەو لەناوچوون دەچن، بەهۆكاری ئەوەی لەم وەرزی گەرمایەدا ئاو نادرێت.

گوتیشی: كاتێك گوزەر دەكەیت بەنێو بەش و باخەكانی پاركی هەواری شار لە سلێمانی كە پاركێكی گەورە و ناسراوە، سەوزاییەكەی نەماوە، هەموو چیمەنەكەی ووشك بووە، گوڵ و دارە بچووكەكانی زەردهەڵگەڕاون، درەختەكانی دیكەی بێ ناز و بێڕەنگن.

هەرچەندە لە كاتی چوونەژوورێی هەر ئۆتۆمبێلێك بڕی 500 دینار وەردەگیردرێت بۆ خزمەتگوزارییەكانی نێو پاركەكە، بەڵام دەبیندرێت گەشتیاران سەرجەم بەشەكانی پاركەكەیان پیسكردووە، زبڵ و خۆڵ و خاشاكیان فڕێداوە، تیمەكانی پاككەرەوەش پاكیان ناكەوە.

پاركی ئازادی یەكێكی دیكەیە لە پاركەكانی شاری سلێمانی، بە گوتەی پەیامنێری چاودێر، ئەویش بە هەمانشێوەی پاركی هەواری شار بێخزمەتە، بەهۆی خزمەتنەكردنییەوە.

جەزرەی نێو شاڕێی دوو سایدی تونێلی پێشڕەو بۆ هەواری شار كە لەلایەن بنەماڵەیەكی ژینگەدۆستەوە ئەمساڵ دەیان نەمامی لێ رووێندراوە، بەهۆی خزمەت نەكردنیانەوە زۆرینەی دار و نەمامەكان ووشك بوون.

پەیامنێری چاودێر لە ئەوبارەیەوە گوتی: ئەم بنەماڵەیە ئەم شاڕێیەیان سەوزكرد بە ناشتنی دەیان دار، بەڵام حكومەت ئاوی نەدان هەموویان ووشك بوون.

ئەمە چەند نموونەیەكی كەمی دیارترین پارك و شوێنەكانی سلێمانی نین كە ووشك بوون بەهۆی بێ ئاویی و خزمەتنەكردنیانەوە، بەڵام رەوشی پارك و شوێنەكانی دیكەش لەوان باشتر نییە.

لەكۆتایی مانگی ئایاردا مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی كردنەوەی پرۆژەیەكدا گوتی: من داواكاریم لە رێگەی وەزارەتی شارەوانیی پێگەیشتووە لەسەر دابینكردنی بودجەیەك بۆ بەڕێوەبردن و چاكسازی ئەو سەوزاییەی لە پاركی هەواری شار و شەقامی شێخ مەحموودی سلێمانی هەیە، بۆیە بڕی 5 ملیار و 700 ملیۆن دینار  دابینكراوە.

گوتیشی: من دەمەوێ لێرە بە خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی رابگەیەنم، كە ئێمە ئەم بڕە بودجەیە تەرخان دەكەین، بۆ ئەوەی ئەوەش بكەوێتە خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانییەوە.
  
دوو مانگ زیاتر تێپەڕ دەبێت بە سەر بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ئەم بڕەدا، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی چاودێر هێشتا ئەم بڕەپارەیە بەهۆی رۆتیناتی دامودەزگا حكومییەكانەوە نەگەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە، بەم شێوەیە بڕوات رەنگە بۆ ساڵی داهاتوو پارەكە بگاتە ئاستی خزمەتكردنی بانكەكان.

ئەو كاتەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئەو بڕیارەی دا بۆ خەرجكردنی پارەكە، تۆزێك رووحی سەوزایی لە پاركەكاندا مابوو، بە خێرایی ئەو پارەیە بگەیشتایە دەست، رەنگە پاركەكان لە مردن رزگاربكرانایە، بەڵام هێشتا بەجۆرێك پاركەكان زیانیان پێگەیشتووە و ووشك بوون بە ئاسانی سەوز ناكرێنەوە.