تورکیا لە هەرێم ... چی کردووە و چی دەوێت؟

ڕاپۆرت 02/08/2021


چاودێر – ڕاپۆرت

لەگەڵ ئەوەی تورکیا بەردەوام بیانووی بوونی پەکەکە و مەترسییەکانی بۆ لەشکرکێشییەکانی ناو هەرێم دەهێنێتەوە، بەڵام بەپێی لێدوان و زانیارییەکان، تورکیا مەبەستی تر و ستراتیژیتری لەناو خاکی هەرێم هەیە؛ بەتایبەت دوای بێهیوابوونی لە ڕۆژئاوای کوردستان. هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری ڕانەگرتنی تورکیا، هەرێم دووچاری مەترسی و هەڕەشەیەکی جدیی لەناوچوون دەبێتەوە.

تورکیا لە هەرێم: لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە
بەپێی زانیارییەکان کە زیاد لە سەرچاوەیەک جەختی لێ دەکاتەوە، تورکیا ٣٧ بنکەی سەربازیی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە تا ئێستا بە چەند قۆناغێک بە قووڵایی ٣٨ کیلۆمەتر خاکی هەرێمی بەزاندووە و هاتووەتە ناوەوە.
فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا و درۆنەکانی، جگە لە تۆپبارانکردنی سنوورەکان، هاوکات ڕۆژێک لە ناوەڕاستی گوندەکانی بادینان، ڕۆژێک لەسەر شاخی گۆیژە لە شاری سلێمانی و ڕۆژێکیش لە دڵی شارباژێڕ لە سەیرانگای کونەماسی و جارێکی تریش لەناوەڕاستی کەمپی مەخموور بۆردوومان دەکات و قوربانی دەخاتەوە.
هەژموونی سەربازیی تورکیا لە خاکی هەرێم بەڕادەیەکە، هیچ هێز و لایەنێک و هیچ بەرپرسێکی سیاسی ناتوانێت نکۆڵیی لێ بکات و زۆرینەشیان مەترسییەکان دەبینن، بەڵام بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان وای لە حکومەتی هەرێم و هەندێ لایەنی سیاسی کردووە، هیچ هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوە و پێویست بەرامبەر تورکیا نەگیرێتەبەر.
تورکیا هەر ماوە و لەژێر ناوێک ئۆپراسیۆن دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام دەدات، هەر جارێکیش زیاتر دێتە ناو خاکی هەرێمەوە، سەرباز و بنکەی سەربازیی زیاتریش لەناو خاکی هەرێمدا جێگیر دەکات.
بە پێی لێداوانێکی ڕەسمیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ـەوە تاوەکو ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، تورکیا ٣٩٨ جار هێرشی ئاسمانی و بۆردومان و ٤٢٥ جاریش بە تۆپخانەکانی هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و ٢٨٨ گوند لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.
لەگەڵ ئەوانەشدا تورکیا تۆڕێکی فراوانی سیخوڕیی لەناو خاکی هەرێم دروست کردووە و پاداشت و مووچەی باش دەدات بەو کەسانەی هاوکاریی دەکەن و زانیاری لەسەر جموجۆڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەدات بە تورکیا.

تورکیا لە هەرێم: لە ڕووی ئابوورییەوە
وڵاتی تورکیا لەگەڵ دەرهێنان و دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن هەرێمەوە، ڕاستەوخۆ دەستی بەسەر نەوتی هەرێمدا گرت. هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ تورکیا کرد و بۆریی نەوتیشی بۆ تورکیا ڕاکێشا بۆ ساغکردنەوەی نەوتەکەی. لە ئێستادا بۆ هەر بەرمیل نەوتێک کە بە زیاتر لە ٧٠ دۆلار دەفرۆشرێت کەمتر لە ٢٠ دۆلار بۆ هەرێم دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام بە وتەی پەرلەمانتارانی کوردستان وڵاتی تورکیا لە هەر بەرمیلێک زیاتر لە هەرێمی دەست دەکەوێت و لە کاتی هەر ناڕەزایەتییەکانی هەرێمیش، هەڕەشەی ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتەکەی دەکات لە ڕێگەی بۆریی نەوتی جەیهانەوە. بەوەش تورکیا دڵی ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەژێر دەست دایە و هەرچۆنێک بیەوێت مامەڵەی پێوە دەکات و کارتێکی فشاریشە لەسەر هەرێم کە دەتوانێت بەکاری بهێنێت.
لە لایەکی تریشەوە لە کۆی ٥٥ ملیار دۆلار سەرمایەی دەرەکی کە لە هەرێم سەرمایەگوزارییان کردووە، نزیکەی ٣٧ ملیار دۆلاری هی کۆمپانیا تورکییەکانە و لەو ڕووەشەوە دەستکەوتێکی باش بۆ تورکیا لەناو خاکی هەرێمەوە بەدەست دەهێنن.
سەرباری ئەوانەش، لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، بووەتە هۆی چۆڵکردنی نزیکەی ٥٠٠ گوندی هەرێمی کوردستان، سوتانی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار پاوان و دارستان و لەناوچوونی سەدان سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی سنوورەکان و ڕەز و باخەکانیان و ئاوارەبوونیان بۆ ناوچەکانی تری هەرێم.

تورکیا لە هەرێم: چی دەوێت؟
بە پێی هەندێک زانیاریی پشتئەستوور بە کۆمەڵێک لێدوانی بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم لەشکرکێشییەی تورکیا ستراتیژییە و ئەگەر بتوانێت و لە شەڕی تایبەتدا گەریلاکانی پەکەکە بشکێنیت و دۆخی هەرێمایەتی یارمەتیدەری بێت، بەتایبەتی سیاسەتی ئێران بەرامبەر پەکەکە و ناوچەکانی قەندیل، ئەوا تورکیا دەیەوێت بۆ هەمیشەیی بمێنێتەوە و لە قەندیلەوە هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.
تورکیا کە رۆژانە پارەیەکی بێ شوومار لە بۆردومانی فڕۆکەکانی و جموجوڵی سەربازەکانیدا خەرج دەکات لەناو خاکی هەرێم، تەنها بۆ پرسێکی تاکتیکی و کاتی نییە و ئامانج و بەرنامەی قووڵتر و مەرامی سیاسیی گەورەتری لەپشتەوەیە.
پێشتر تورکیا دەیەویست ناوچەیەکی ئارام لەناو خاکی هەرێم دروست بکات. بەڵام تورکیا لە ئێستادا پشتێنەیەکی ئەمنی و سەربازیی بە درێژایی سنوورەکانی هەرێم و بە قوڵایی نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروست کردوە.
ئەوە دەیسەلمێنێت تورکیا نیازی نییە چیتر ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات و لێیان بکشێتەوە، مێژووش سەلماندویەتی هێزی تورکیا بچێتە هەر ناوچەیەک، بەئاسانی دەستبەرداری نابێت و لێی ناکشێتەوە..
تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی بوونی لەنێو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەک بە وردی ئاگاداری جموجۆڵ و پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بێت، لە لایەکی دیکەش دەخوازێت لەم ڕێگەیەوە هێڵی پەیوەندی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە لەناو سنووری هەرێمی کوردستاندا ببڕێت.
کۆماری تورکیا هەمیشە پاساوی ئامادەی گرووپە چەکدارەکانی پەکەکەی کردووەتە ئامانجی خەونە لەمێژینە جیۆپۆلیتکییەکەی، کە ئەویش گەڕانەوەی موسڵ و کەرکوکە بۆ سەر نەخشەی جوگرافیی تورکیا.
بۆ هەموو ئەمانەش کارتی هەیە. پرسی نەوت و ئابووری لەگەڵ هەرێم و بەهەمان شێوەش لەگەڵ عێراق، سەربارەی هەڕەشەی ئاو، کە دەستی تورکیا لە خاکی عێراقدا زیاتر ئاوەڵا کردووە.