بەڕێوەبەری خۆسەر : لەمەودوا ڕێگە بە كەناڵی 24 نادرێت ڕوماڵی ڕوداوەكانی ڕۆژئاوای کوردستان بكات

جیهان 20/06/2021

بەڕێوەبەری خۆسەری ڕایگەیاند لەمەودوا ڕێگە بەكەناڵی كوردستان 24 نادرێت لەهیچ شوێنێكی ڕۆژئاوای كوردستان ڕوماڵی ڕوداوەكان بكات ، هەر ئەمڕۆ ئەو بەڵگانەی كە بۆیان كرابو وەك ڕێگە پێدان لێییان سەندرایەوە.
بەڕێوەبەری خۆسەری سەبارەت بەڕوماڵنەكردنی كەناڵی كوردستان 24 ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردۆتەوە و دەڵێت :
لەچوارچێوەی ئەو ڕاگەیاندنە سیاسییەحیزبییەی كە كوردستان 24 پەیڕەوی دەكات و بەتەنها بۆ بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی دیاریكراو نانەوەی دوبەرەكی لەنێوان ڕۆڵەكانی كوردستان دروستكردنی ئاشوب و كێشە لەنێوان براكوردەكانی هەر چوار چارچەی كوردستان لەدەستدانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و بڵاوكردنەوەی تۆوی دوبەرەكی و ڕێگە خۆشكردن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی براكوژی ، هەر بۆیە بەباشمانزانی كە لەمەودوا ڕێگە نەدەین كە كەناڵی ئاسمانی كوردستان 24 ڕوماڵی هیچ ڕوداوێك و كۆبونەوەیەكی بەڕێوەبەری خۆسەری بكات.
ئەم كارانەی كە كوردستان 24 دەیكات لەگەڵ هیچ یاسایەكی ڕۆژنامەوانیدا یەك ناگرێتەوە ، ئەو كەناڵە بەتەواوەتی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی لەدەستداوە.