دادگای دەستوری توركیا لەبارەی داخستنی هەدەپە كۆدەبێتەوە

جیهان 20/06/2021


سبەی ئەنجوومەنی گشتیی دادگای دەستووریی تورکیا، یەکەم لێکۆڵینەوە دەکات لەو داوایەی کە سەرلەنوێ کراوەتەوە بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).
ئەو سکاڵانامەیەی بۆ داخستنی هەدەپە ئامادەکرابوو و دادگای باڵا بەمەبەستی تەواوکردنی کەموکوڕیەکانی گەڕاندبوویەوە، دووبارە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی دادگای باڵاوە ئامادەکرایەوە و رەوانەی دادگای دەستووریی کرایەوە.
دوای ئەوەی نووسەری دادگا راپۆرتی ئامادەکرد بۆ پەسەندکردنی سکاڵانامەکە، سبەی کاتژمێر ١٠:٠٠ دەستەی دادگا یەکەم لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات و بڕیار دەدات لەبارەی ئەوەی سکاڵانامەکە پەسەند بکرێت یان نا.
- قۆناغەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
ئەگەر سکاڵانامەکە پەسەند کرا، ئەوا بۆ بەرگریکردن لەخۆ رەوانەی هەدەپە دەکرێت. پێویستە ئەو پارتە لەو ماوەیەدا کە دادگای باڵا بۆی دیاریی کردووە بەرگریکردنی یەکەم لەخۆی بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەدەپە دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی ماوەکە بکات کە ئەوەیش لەلایەن دەستەی دادگای دەستووریییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
دوای ئەوەی هەدەپە یەکەم بەرگریکردنی لەخۆی کرد، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی دادگای باڵا، بەکر شاهین بۆچوونە بنچینەییەکانی خۆی دەخاتەڕوو.
ئەو بۆچوونەش رەوانەی هەدەپە دەکرێت و دواتر لەو وادانەی کە لەلایەن دادگای دەستووریییەوە دیاریی دەکرێن سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی دادگای باڵا، بەکر شاهین لێدوان دەدات و بەرپرسانی هەدەپەش لێدوانی بەرگریکردن دەدەن.
دوای ئەو قۆناغە، نووسەری دادگا تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و راپۆرتێک لە بارەی بنچینەی دۆسیەکە ئامادە دەکات، لەو ماوەیەشدا چ سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی دادگای باڵا، چ هەدەپە دەتوانن بەڵگە یان نووسراوی دیکە پێشکەش بکەن.
دواتر راپۆرتەکە دەدرێتە ئەندامانی دادگای باڵای دەستووریی و سەرۆکی دادگاکە رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاریی دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگای باڵای دەستووریی راوبۆچوونی خۆیان دەربارەی داخستنی هەدەپە دەخەنەڕوو.
دوای ئەوەی راپۆرتەکە بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا دابەشکرا، سەرۆکی دادگای دەستووریی تورکیا، زوهتو ئارسڵان رۆژێک دیاریی دەکات بۆ کۆبوونەوە و ئەندامانی دادگاکەش لەو رۆژەدا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی داواکاری داخستنەکە دەکەن.
دۆسیەی داخستنی هەدەپە پەیوەستە بە بڕیاری دەستەی دادگای دەستووریی کە لە ١٥ کەس پێکهاتووە. بڕیارەکەش بە زۆرینەی دەنگ کە دەگاتە دوو لەسەر سێی ئەندامانی، واتا ١٠ ئەندام دەدرێت.
ئەو بڕیارەی لە ئەنجامی دۆسیەی داخستنی پارتە سیاسییەکە دەدرێت، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی دادگای باڵا و پارتە سیاسییەکەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.