دیسان یار و نەیاری روانگە، کەوتنەوە دیالۆگ

ڕەخنەی چاودێر 19/06/2021

فواد مەجید میسری: دروستبوونی ڕوانگە بە مەبەستی سیاسی بوو
ڕاپۆرت – چاودێر

لە درێژەی کۆڕ و چالاکییەکانیدا، بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ ئێوارەی شەممە 19/6/2021 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر کۆڕێکی لەژێر ناونیشانی "ڕوانگە و نەیارانی" بۆ نووسەر و لێکۆڵەر، فواد مەجید میسری ڕێک خست.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا، فواد مەجید میسری باسی لە نوێترین کتێبی کرد کە دەربارەی ڕوانگە بڵاوی کردووەتەوە و وتی: "کاک حسێن عارف کتێبێکی ئامادە کردووە بە ناوی یاران و نەیاران دەربارەی ڕوانگە، نووسینی هەموو کەسێکی تیادایە دەربارەی ڕوانگە هی من نەبێت، لەکاتێکدا من نزیکەی کتێبێکم لەسەر ڕوانگە نووسیوە و ئەوەی نووسیویشمە تێڕوانینی من بووە بەرانبەر هونەر و ئیستاتیکا و شیعر."
باسی لەوەش کرد، ئەوە یەکەم جار نەبووە کە حسێن عارف وا بکات. بەڵکوو پێشتریش کتێبێکی لەسەر چیرۆکی کوردی چاپ کردووە و تەنها ئیبراهیم ئەحمەدی تێدا نییە. ئەوکاتە وتی لەبەر سانسۆر و چاپی سەردەمی بەعس باسی ئەوی نەکردووە، بەڵام دوو مانگ دوای ئەو عومەر مارف بەرزنجی کتێبێکی لەسەر چیرۆک بڵاوکردەوە و باسی ئیبراهیم ئەحمەدی کرد و هیچ کێشەش نەبوو. تەنانەت کاک حسێن ساڵی ٢٠١١ کتێبەکەی سەرلەنوێ چاپ کردەوە، بەڵام باسی ئیبراهیم ئەحمەدی هەر نەکردبوو.
دەربارەی ڕوانگەییەکان، ناوبراو پێی وابوو ئەوان هیچ ڕەخنەیەکیان قبووڵ نەبوو. قبووڵیشیان نەبوو پێیان بڵێی لاسایی داداییزم و سوریالیزم دەکەنەوە. 
ڕاشیگەیاند: ئێمە زۆر جەختمان لە ئەرکی کۆمەڵایەتیی ئەدەب دەکردەوە. بەڵام ئەوان ئەدەبێکیان باس دەکرد کە بۆ تێگەیشتنی گشتی نەبوو. بۆ کۆمەڵێک بوو، تەنانەت لە هەڵسوکەوتیشیاندا لەگەڵ خەڵک ئامادە نەبوون لەگەڵ هەموو کەسێک هەڵسوکەوت بکەن و هەموو کەسیان بە مستەوای خۆیان نەدەزانی.
زیاتر وتیشی: "ڕوانگەییەکان شێوە و ناوەڕۆکیان پێ دوو هێڵی هاتەریب بوون کە هیچیان لە پێش هیچیانەوە نین. بەڵام ئێمە پێمان وابوو ناوەڕۆک لەپێشترە."
فواد مەجید میسری باسی لەوەش کرد، کە بەداخەوە کۆمەڵێک لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ ڕوانگە بە بزووتنەوە دادەنێن. بە پێچەوانەوە ئەوەی ڕوانگە بڵاوی کردەوە بانگەواز بوو و لاساییکردنەوەی نەزەرییەکانی فازڵ عەزاوی و گرووپی ٦٩ بوون. بەدەر لەوەش دروستبوونی گرووپی ئەدەبی و ئەنجامدانی نوێگەری و تازەگەری پێویستی بە بەیاننامە نییە. گۆرانی شاعیر شیعری کوردیی نوێ کردەوە و هیچ بەیاننامەیەکیشی دەرنەکرد."
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ڕوانگە لە بنەڕەتدا بە مەبەستی سیاسی دروست بوو. چونکە خۆیان لە کاک شێرکۆ و کاکە مەم بۆتانی و هەموویان دەڵێن مەبەستەکە سیاسی بووە و بۆ چاککردنی وەزعی سیاسیی ئەوکات و بەخۆداچوونەوەی حزبە سیاسییەکان دامەزراون و وتیشی: "ڕوانگەیەکیان هیچ تازەگەری و داهێنانێکیان نەکرد. هیچیان نەکرد پێش خۆیان و دوای خۆیان جیاوازی دروست بکەن. وەک کاک لەتیف هەڵمەت وتبووی، ڕوانگە هێلکەیەکی پیس بوو و هیچی هەڵنەهێنا."
فواد مەجی میسری باسی لەوە کرد، ڕوانگەییەکان زۆر دژایەتیی هەرکەسێکیان دەکرد کە ڕەخنەیان لێ گرتوون و بۆ ئەوەش چەند نموویەکی هێنایەوە: "لەگەڵ من هەوڵی حەجمکردن و دەمکوتکردن و کوشتن درا. تەنانەت یەکێک لەوان چووبووە لای بەرپرسێکی باڵای ئەوکات و وتبووی تێزابی پێدا بکەن. لەکاتێکدا ئێمە هیچ شتێکی شەخسیمان لەگەڵیان نەبووە. جگە لەوانەش، وتاری ئێمە بە دوو ساڵ لە هاوکاری ماوەتەوە و نەیانهێشتووە بڵاو بکرێتەوە. وتارم ناردووە بۆ ڕۆژنامەی عێراق گەیشتوونەتە لایی و وتوویانە با بڵاونەبێتەوە، بەڵام بە قسەیان نەکراوە و بڵاوکراوەتەوە."
ئەوەشی وت کە: "ڕوانگەییەکان ویستیان بە ئاڵۆزی و وەهم تەمومژ دروست بکەن و بوونە پاشکۆی سیاسی."
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا لە لایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی پرسەکە کراو جارێکی دیکە لەنێو دیالۆگەکاندا یار و نەیاری روانگە و بیروبۆچونەکانی فواد مەجید میسری دروستبونەوە.