دراوی دیجیتاڵی بیتكۆین لەوڵاتێكی جیهان بەیاسایی كرا

جیهان 10/06/2021


لە سلڤادۆر لەدوای بە یاسایی کردنی مامەڵەکردن بە پارەی دیجیتاڵی بیتکوین، ئەو وڵاتە بووە یەکەم وڵات لە جیھاندا کە ئەم دراوە بە فەرمی پەسەند بکات.
سەرۆکی سلڤادۆر، نەیب بوکیلی لە بڵاوکراوەیەکیدا لە رێگەی ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، بە یاساییکردنی بیتکۆین لە وەڵاتەکەی بە بڕیارێکی مێژوویی وەسفکرد.
بوکیلی رایگەیاندووە، "کەمێک پێش ئێستا یاسای بیتکۆین لەلایەن زۆرینەی رەھاوە پەسەندکرا. رۆژێکی مێژووییە، لە کۆی ٨٤ دەنگدا، ٦٤ دەنگی بەدەستھێنا".
بەمشێوەیە سلڤادۆر، بووە یەکەم وڵات لە جیھان کە دراوی دیجیتاڵی بیتکۆین بە یاسایی بکات.
بڕیارەکە، بووە ھۆی دروستبوونی مشتومڕێکی زۆر لە وڵاتەکەدا، لەلایەک زۆرینەی بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتیان بۆ بڕیارەکە دەربری، لەلایەكی دیكەشدا بەشێکی گرنگ بە وریاییەوە دەڕواننە بڕیارەکە.
سەرۆکی سلڤادۆر، نەیب بوکیلی ئاماژەی بەوەکرد کە لەسەدا ٧٠ی دانیشتوانی وڵاتەکەی توانای گەیشتن بە خزمەتگوزارییە داراییەکانیان نییە و بەھۆی دراوی دیجیتاڵییەوە ئەو کەسانەی کە ھەژماری بانکییان نییە دەتوانن ببنە خاوەنی داھاتێکی دارایی.