بۆچی جەلال محەمەد لە شاشەی کەناڵی پەیام دورخرایەوە

ڕاپۆرت 25/05/2021



چاودێر- تایبەت:
پاشئەوەی ڕۆژنامەنوسێکی کەناڵی پەیام وتارێک لەفەیسبوکەکەی خۆی بڵاودەکاتەوە، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەری تووڕەدەبێت و داوادەکات دەستبەجێ ئەو ڕۆژنامەنوسە دەربکرێت.

جەلال محەمەد پێشکەشکار و ڕۆژنامەنوس لەکەناڵی ئاسمانی پەیام وتارێکی لەفەیسبوکەکەی خۆی بڵاوکردەوە، کە تێیدا وتبووی: ئێمە هەموومان یان پارتین یان یەکیتی جا ئیدی لە رێگەی سیاسی بێت یان بازرگانی و کۆمپانیاکانیان، بەڵام جیاوازییەکەی ئێمە ئەوەیە، ئێمە دەستی دوو و دەستی سێ عەیبدار بووین و بە خۆمان نازانین(دەقی نوسینەکە لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە).

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەدۆسیەکە لەناو کۆمەڵی دادگەری بە(چاودێر)ی ڕاگەیاند، نوسینەکە لەناوەڕاستی مانگی پێشوو بڵاوکرایەوە، کە پاش ئەوەی عەلی باپیر نوسینەکەی بینیوە، توڕەبووە و داوایکردوە دەستبەجێ بنێردرێتە ماڵەوە، بەڵام ئەم سزایە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەرییەوە سوکتر کرا.

ئەوەی باسکرد، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری سزای دەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەی لەدەرکردنەوە گۆڕی بۆ دوورخستنەوە لەشاشە بۆ ماوەیەکی نادیار، کە تاکو ئێستا نزیکی مانگێکە دوورخراوەتەوە و هیچ بڕیارێکیش نییە، بۆئەوەی بیخەنەوە سەر شاشەی پەیام.

سەرچاوەکەی (چاودێر) ئەوەشی وت: هەندێک لەسەرکردەکانی ناو کۆمەڵی دادگەری قسەکانی جەلال محەمەدیان پێ ڕاستبووە، بەڵام ڕایان وابووە، کە نەدەبوو بڵاوبکرێتەوە، هەر بۆیە نوسینەکەیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پێ سڕییەوە.

(چاودێر) هەوڵیدا بۆچوونی جەلال محەمەد ڕۆژنامەنوس لەکەناڵی پەیام وەربگرێت، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

بەپێی زانیارییەکان، لەئێستادا ئەو ڕۆژنامەنوسە لەناو کەناڵی پەیام وەک ئامادەکاری بەرنامە کاردەکات، بەڵام لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە سەر شاشە بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەکەی.

دەقی نوسینەکەی جەلال محەمەد:

عەبدوڵڵا کویخا موبارەک راستگۆتر لە سیاسیەکان
یەکیتی و پارتی فەرقیان چیە ؟
گەر قەرار بێت پارتی بوون عەیب بێت دڵنیابە یەکێتی بوونیش هەر عەیبەیە .
باشە بۆ مەگەر حزب و کەسایەتی سیاسی ماوە ژێر بە ژێر کەین وبەینێکی لەگەڵ پارتی یان یەکێتی یان کەسێکی سیاسی باڵای ناو ئەو دوو پارتە نەبێت ؟
ئەوە نیە هەموو حزبەکانی بە رێککەوتن نهێنی لەگەڵ پارتی یان یەکیتی بشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن .
ئێمە هەموومان یان پارتین یان یەکیتی جا ئیدی لە رێگەی سیاسی بێت یان بازرگانی و کۆمپانیاکانیان بەڵام جیاوازییەکەی ئێمە ئەوەیە ئێمە دەستی دوو و دەستی سێ عەیبدار بووین و بە خۆمان نازانین.
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک بە پێچەوانە سیاسیەکانەوە راستۆگۆیانە خۆی و خزمەکانی کردە پارتی دەستە یەک.
با تانە لە عەبدوڵڵا نەدەین تانە لە خۆمان بدەین ئایا ئێمە دەستە چەند پارتی و یەکیتین ؟؟