قەیرانی ئاو لەنێوان توركیا و عیراق بەكوێ دەگات؟

ڕاپۆرت 23/05/2021


رەمەزان شێخانی 
جارێكی دیكە قەیرانی ئاو لە نێوان توركیا وعیراق سەرهەڵدەداتەوە،پاش ئەوەی رێژەی ئاوی هەردوو روباری دیجلەو فورات دابەزیوە 
بەغدا داوا لەتوركیا دەكات گفتوگۆ بكەن سەبارەت بە بەشی ئاوی عیراق وخستنە كاری بەنداوی ئەلیسۆ لەتوركیا
پرسیارێكی زۆر دەكرێت سەبارەت بە هۆكاری راستەقینەی ئەو كێشەیە و دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ چارەسەركردنی ریشەیی ئەو كێشەیە
دكتۆر ساڵەح هەماشی پسپۆری ئابوری عیراق لە لێدوانێكیدا ئاشكرای كردوە:ماوەیەكی زۆرە عیراق بەدەست كێشەی كەم ئاویەوە دەناڵێنێت ،
 لەساڵانی هەشتاو نەوەدەكانی سەدەی رابردوو عیراق حكومەتێكی بەهێزی هەبوو بارودۆخەكە جیاواز بوو، بەڵام لەپاش ساڵی 2003 ەوە حكومەتێكی بەهێز نەهاتوەتە سەر كار لەعیراق تابتوانێت لەگەڵ توركیا دانوستان بكات سەبارەت بە بەشە ئاوی عیراق لەبەر ئەوە بەشە ئاوی عیراق لەنزیكەی 70 بۆ 100 ملیار مەتری سێجا كەمیكردوە بۆ 30 ملیار مەتری سێجا ئاوی ساڵانە
روونیشكردوەتەوە هەر كاتێك ووشكە ساڵی بێت ئەو قەیرانە سەرهەڵدەداتەوە بەڵام كاتێك رێژەی باران بارین باش بێت حكومەت ئەو كێشەیە پشتگوێ دەخات وبایەخی پێنادات 
لاوازی سیاسەتی دەرەوی عیراق و لاوازی پرۆژەكانی درووستكردنی بەنداو وئیدارەدانی بەربوومە ئاویەكان پێگەی عیراقی لە دانوستانەكاندا لاواز كردوە.
توركیا بیانوی گرتنەوەی ئاو بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە كە عیراق سوودی لێنابینێت و ئاوەكە بەفیرۆ دەچێت و دەرژێتە كەنداوی عەرەبی یەوە هەروەها عیراق ناتوانێت میتودی نوێی ئاودێری بەكاربهێنێت ئەوەش پێگەی عیراقی لاوازكردوە 
كارتی ئابوری
هەماشی باسی لەوەشكردوە ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان عیراق وتوركیا ساڵانە دەگاتە نزیكەی 16 ملیار دۆلار بەڵام لەبەر ئەوەی عیراق لە رووی سیاسیەوە لاوازە ناتوانێت بە ئاسانی دانوستان لەسەر ئەو بابەتە بكات و عیراق 100% وڵاتێكی بەركاربەرە وهیچ كاڵایەك بەرهەم ناهێنێت نە لەبواری پیشە سازی و نە لەكەرتی كشتوكاڵدا وحكومەت مووچەی فەرمانبەران دەدات و هیچ بەرهەمیەكیان نیە وبەدەست كێشەی گەورەوە دەناڵێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە عیراق تەنها بازار نیە بەلای توركیاوە بگرە چوارەم وپێنجەمە لەبەر ئەوە عیراق زەرەرمەند دەردەچێت ئەگەر كارتی ئابوری وەكو فشار بەكاربهێنێت
هەروەك  حكومەتی عیراق دەسەڵاتی تەواوی نیە بەسەر تەواوی ناوچەكانی عیراقدا  لەوانەیە بریارێك دەربكات و حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێی نەكات  لەبەر ئەوە ناتوانێت كارتی ئابوری بەكار بهێنێت.
ئاو وەكو چەك
كیفاح مەحمود نوسەرو توێژەری سیاسی رایگەیاند: قەیرانی ئاو لەنێوان عیراق و توركیا كۆنە و حكومەتی توركیا بەردەوامە لەسەر درووستكردنی بەنداو لەسەر هەردوو روباری دیجلەو فورات
ئاشكراشی كردوە لە هەموو وڵاتانی دونیا ئەو وڵاتانەی هاوبەشن لە رووبارێكدا رێككەوتن دەكەن و پێویستە عیراقیش رێككەوتن بكات لەگەڵ توركیا،بەڵام كێشەكە ئەوەیە نە حكومەتی عیراقی و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنداوییان دروست نەكردوە بۆ گلدانەوەی ئاو بەتایبەت لەوەرزی زستاندا ئەوەش وادەكات توركیا كارتی ئاوو و كارتی دیكەش وەكو كارتی فشار بەكاربهێنێت لەعیراق وسوریا بۆ بەرژەوەندی سیاسی و سەربازی .
ئەو نوسەرە ئاشكرای كردوە بەرپرسانی توركیا چەندین جار رایانگەیاندوە ئەگەر عیراق نەوت مان بەهەرزانتر لەبازاڕ پێنەفرۆشێت ئەوان ئاویان بە بەرمیل پێدەفرۆشن بێگومان ئەوەش مانای بەكارهێنانی ئاوە وەكو چەك لەدژی عیراق و ناوچەكە بەگشتی.
لە 30 مانگی حوزیرانی رابردوو وەزیری بەروبومە ئاویەكانی عیراق رایگەیاند: داوامان لە توركیا كردوە دانوستانمان لەگەڵ بكات سەبارەت بە بەنداوی ئەلیسۆو تا لەسەر پلانێك رێبكەون بۆ بەگڕخستنی ئەو بەنداوە بێ ئەوەی زیان بە بەشە ئاوی عیراق بگەێنێت ولایەنی توركیا دەستپێشخەری ئەرێنیان هەبوە سەبارەت بەو دۆسیە.
ساڵانی 2017 و 2018 هەردوو ساڵەكە پرۆسەی پڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆیان دواخست كە كاریگەری لەسەر ئاوی روباری دیجلە دروست دەكرد وتا پارێزگاری لەبەشە ئاوی عیراق بكەن.
دكتۆر بورهان كور ئۆغلۆ مامۆستا لەپەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان ئاشكرای كردوە نەبونی حكومەتێكی سەقامگیر وبەهێز لەعیراق وایكردوە دۆخی ئاوی وڵات سەقامگیر نەبێت و بەرامبەر تۆمەتبار بكەن لەكاتێكدا ئەوان بەرپرسیارن لەو دۆخە،ئەو بارە ناسەقامگیرە وایكردوە نەتوانرێت هیچ رێككەوتنێك لەو بارەیەوە بكرێت 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بیرۆكەی توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لەعیراق بریتیە لەوەی عیراق چەند بەنداوێك دروست بكات تا بتوانێت سوود لە ئاوی ئەو دوو روبارە ببینێت بگرە تا سوود لە بەنداوەكانی توركیاش ببینێت لە چوارچێوەی هاریكاری هاوبەشدا.
بەلام لەبەر ئەوەی بەنداوەكانی عیراق كۆن وبێكەڵكن بوەتە هۆی ئەوەی بەروبومی ئاوی عیراق بەفیرۆ بچێت 
وتیشی توركیا ئامادەیە هاوكاری عیراق بكات بۆ دروستكردنی بەنداو یان خزمەتگوزاری تەكنیكی پێشكەش بكات لەو بوارەدا وسوود لە ئاوی دوو روبارەكە ببینێت نەك برژێتە كەنداوی عەرەبیەوە.