دەربارەی کێشەی موسوڵمانانی چین

ڕاپۆرت 20/05/2021

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی ئیگۆری، حكومەتی چین لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا 630 بانگخواز و كەسایەتی ئایینی كە لە پێكهاتەی موسوڵمانی ئیگۆرن لە هەرێمی شینگیانگ لە وڵاتەكە دەركردووە، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەوانی راستی بابەتی چەوساندنەوە و هۆكارەكەی لەلایەن چینەوە ئاشكرا دەكات.

بەپێی راپۆرتی ئەو رێكخراوە ئیگۆرییە، 18 كەسایەتی ئیسلامی لەكاتی دەستگیركردنیان یاخود ماوەیەك دواتر كە ئازاد كراون گیانیان لەدەستداوە، تۆمەتەكەشیان ئەوە بووە كە ئاژاوەیان ناوەتەوە و توندڕەوییان بڵاوكردووەتەوە.

چارەنووسی 1046 كەسایەتی ئایینی موسوڵمان

وەك ئەو ڕێكخراوە ئیگۆرییە باسی دەكات هۆكاری تۆمەتباركردنی ئەو دوو بانگخوازەی دەستگیركراون ئەوە بووە كە خەڵكیان كۆكردووەتەوە بۆ نوێژكردن.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە تائێستا بەدوای چارەنووسی 1046 كەسایەتی ئایینی موسوڵماندا دەگەڕێن كە زۆربەیان ئیگۆریین، ئەویش بەپێی بەڵگەنامەكانی دادگا و شایەتحاڵی كەسوكاریان و راپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكان پشتڕاستبووەتەوە كە بێسەروشوێنن.

پێشبینی دەكرێت لەو ژمارە بێسەروشوێنكراوە، نزیكەی 304 كەسیان لەو بنكانە بووبن كە حكومەتی چین بەناوی دووبارە راهێنانەوە بۆ موسوڵمانانی ئیگۆری لە هەرێمی شینگیانگی زۆرینە موسوڵمان كردووەتەوە.

هەندێك بەڵگەنامە ئاشكرابوون سەبارەت بە سزادانی موسوڵمانانی ئەو وڵاتە و ماوەی سزادانیان لەلایەن حكومەتی چینەوە، دەردەكەوێت زیاتر لە %96 ی ئەو سزایانەی دەركراون لانیكەم پێنج ساڵ بوون.

زیاتر لە ملیۆنێك موسوڵمانی ئیگۆری 

لە هەرێمی شینگیانگ كە دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای چینەوە، بەپێی ئامارە فەرمیەكان زیاتر لە ملیۆنێك موسوڵمانی ئیگۆری هەن و موسوڵمانانی دیكەش زیاتر لە پێكهاتەكانی دیكەن، بەڵام ئەوانەی حكومەتی چین زیاتر رێوشوێنیان بەرانبەر دەگرێتەبەر ئیگۆرییەكانن كە بە ڕەگەز توركن.

 چین لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار دەكرێت

حكومەتی چین لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی مافی ئەو پێكهاتە موسوڵمانانە پێشێل دەكات و كەمپێكیشی بەناوی راهێنانەوەیان كردووەتەوە و هەندێكیانی دەستبەسەركردووە، هەروەها بەرپرسانی ئەو هەرێمە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە بە زۆر كار بەو كەسانە دەكەن و رێگری لە ژنەكانیان دەكەن منداڵیان ببێت و هەندێكیشیان دەستدرێژی دەكەنە سەر ژنانی ئەو كەسانەی دەستگیركراون، بەڵام بەهۆی ئەو دژایەتیەی لەنێوان چین و ئەمریكا و ئەوروپا لەبواری ئابوری و سیاسی هەیە دەردەكەوێت ئەو راپۆرتانەی باس لە پێشێلكارییەكان دەكەن زۆریان زیاتر فشارن و هەندێكیشیان تەنها دەنگۆن.

حكومەتی چین بەردەوام بوونی زیندانی بۆ موسوڵمانان ڕەتدەكاتەوە

حكومەتی چین بەردەوام بوونی زیندانی بۆ موسوڵمانان ڕەتدەكاتەوەو باس لەوەشدەكات لە 2019 ەوە  ناوەندی راهێنانەوەی موسوڵمانانیان لەو وڵاتە داخستووە، كە بەوتەی خۆیان بۆ ئەوە بووە گونجاندن لەنێوان پێكهاتەكانی ئەو هەرێمە دروست بكەن.

وا دەردەكەوێت لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكان حكومەتی چین ئەو ناوەندانەی كردبێتەوە

بەپێی بەڵگە مێژووییەكان وا دەردەكەوێت لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكانەوە حكومەتی چین ئەو ناوەندانەی بەناوی راهێنانەوەی پێكهاتەكانی هەرێمی شینگیانگ كردبێتەوە، ئەوكاتیش ئەو كەسانەی شەرابیان نەخواردووەتەوە و ریشیان هێشتووەتەوە و جلوبەرگی تایبەتی خۆیان لەبەركردووە ڕەوانەی ئەو ناوەندانە كراون.

ئایا چین دەیان چەوسێنێتەوە یاخود وێنەكە بەوشێوەیە نییە؟
بەپێی راپۆرتێكی بی بی سی، تا هەشتاكانیش موسوڵمانانی چین تاڕادەیەكی زۆر ئازادییان هەبووە بەتایبەت لە هەرێمی شینگیانگ، هەروەها چەندین مزگەوتیان هەبووە و بە ئازادانە كۆبوونەتەوەو نوێژیان ئەنجامداوە و بۆیان هەبووە خۆشیان مزگەوت دروست بكەن، هەروەها رێگەشیان پێدراوە قورئان بۆ زمانی خۆیان وەربگێڕن و هیچ یاسایەكیان بەسەردا نەسەپێندراوە.

خۆپیشاندانێك هەموو شتێكی گۆڕی

بەڵام خۆپیشاندانێكی توندوتیژانە لەلایەن موسوڵمانانی شارۆچكەی بارن لە هەرێمی شینگیانگ هەموو شتێكی گۆڕی، وای لە دەوڵەتی چین كرد هەڵمەتێكی دەستگیركردن و سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندەرانە و دواتریش موسوڵمانان دەستپێبكات ئەویش بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و لەدەست دەرچوونی دۆخەكە، بەهۆی ئەوەش كە بانگخواز و وتاربێژانی مزگەوتەكان رۆڵیان هەیە لە كۆكردنەوەی خەڵك بوونە ئامانجی یەكەمی هەڵمەتەكان.

لەساڵی 2019 تەواوی ئەو كەسانەی لە ناوەندەكانی راهێنانەوەدا بوون ئازادكراون

بەوتەی بەرپرسانی چین لەساڵی 2019 تەواوی ئەو كەسانەی لە ناوەندەكانی راهێنانەوەدا بوون ئازادكراون، ئەویش پاش فشارە نێودەوڵەتیەكان بەتایبەتیش ئەمریكا، بەڵام رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن بەشێك لەوكەسانە ڕەوانەی زیندانی ئاسایی كراون، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش ئاشكرایكردووە كە لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018 ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی شینگیانگ دەستگیركراون گەیشتووەتە 230 هەزار كەس ئەوەش لەكاتێكدایە پێش ئەو ساڵانەش زیاتر لە 200 هەزار كەس دەستگیركراون، بەوەش دەردەكەوێت حكومەتی چین نزیكەی نیو ملیۆن كەسی بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی توندڕەوی دەستگیر كردووە.

لەلایەن خۆشیانەوە بەرپرسانی حكومەتی چین رایدەگەیەنن، رێژەی توندوتیژی وتاوان لە هەرێمی شینگیانگ %21 ی وڵات پێكدەهێنێت، لەكاتێكدا دانیشتوانی ئەو هەرێمە %1 و نیوی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە.