حسێن ڕابی: مرۆڤ مەکینەیەکە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی جینەکانی

ڕاپۆرت 08/05/2021

چاودێر - ڕاپۆرت


پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، سەر بە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، شەشەم دیالۆگی سەكۆی جیاوازی بەناونیشانی (جینی خۆپەرەست) بۆ حوسێن ڕابی، مامۆستای زانكۆ لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕێك خست.


حوسێن ڕابی، لە سەرەتای کۆڕەکەدا ڕایگەیاند، "جینی خۆپەرست" سەرەتا لە لایەن ڕیچارد داوکینز بەکار هاتووە و تیایدا تەواوی خەسڵەتەکانی مرۆڤی بەستووەتەوە بە جینەوە. بەشێوەیەک داوکینز پێی وابووە بوونەوەر مەکینەیەکە بۆ هەڵگرتنی تەواوی جینەکان و هەوڵدان بۆ پاراستنی و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی تر.


ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاشکرای کرد، گرنگترین پرسیاری مرۆڤ لە دونیا و ناو زانست و فەلسەفە ئەوەیە "من بۆ لێرەم". کە ئەم پرسیارە بووەتە سەرچاوەی ژیان و گەردوون و ئاگایی مرۆڤ.


باسی لەوەش کرد، کە مرۆڤ نایەوێت بمرێت، هەمیشە هەوڵی ئەوە بووە شتێک بخوات یان شتێک بکات بۆ ئەوەی زۆرتر بژیت، ئەوەش بە دوو ڕێگە دەکات، یەکێکیان زاوزێکردنە و ئەوەی تریش داهێنانەکانیەتی، کە لە ڕێگەیەوە بمێنێتەوە.


وەک حسێن ڕابی باسی کرد، ڕیچارد داوکینز ئەم خواستانەی لە جینەکاندا کۆکردەوە و پاساوی هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤی بۆ جینەکان گەڕاندووەتەوە.


وتیشی: "زانست وەک وەڵامدەرەوەی مرۆڤ لە گالیلۆوە دەست پێ دەکات، کە لەناو دەسەڵاتێکی زاڵی ئایینیدا دەستی پێ کرد و دواتر درێژەی کێشا تا شۆڕشی پیشەسازی."


باسی لەوەش کرد، سەدەی نۆزە سەدەی تەحەدای گەورە و شتی گەورە گەورە بوو، وەک تۆپی گەورە و تەنانەت ئایدیۆلۆژیای گەورەش. بەڵام گەورەترین شۆڕش شۆڕشی چارلس داروین بوو بۆ پاساوی بەبەردبووەکان. کە ئەوکات جۆرەها پاساو هەبوون و داروین هەموو ئەوانەی تێپەڕاند و تیۆرییەکەی بەناوی "هەڵبژاردنی سروشتییەوە" داڕشت.


بە بڕوای حسێن ڕابی، فاشییەکان ئەو تیۆرییەی داوکینزیان زۆر بە خراپی بەکار هێنا، کە ئەویش بەکارهێنانی بوو لە بواری کۆمەڵایەتیدا. وایان لێکدایەوە سروشت گونجاوترین جین هەڵدەبژێرێت و ئەوانیش خۆیان پێ گونجاوترین بوو، ئەوەش وای کرد کوشتاری جولەکەکان و سڕینەوەی کەمئەندامان و نەخۆشەکان ڕوو بدات. بۆیە تا ئێستاش ئەو مەترسییە ماوە ئەو تیۆرییە بەو جۆرە بەکار بهێندرێتەوە.


سەبارەت بە جیاوازیی نێر و مێ و جیاوازیی جین و چۆنیەتی پاراستن و گواستنەوەی جینەکان، مامۆستاکەی زانکۆ وتی: "نێر لەبەر ئەوەی توانای وەچەخستنەوەی زیاترە لە مێ و بە پێچەوانەی مێوە، کە کاتی زیاتری دەوێت بۆ ئەو پرسە، بۆیە نێر زیاتر هەوڵی وەچەخستنەوە دەدات بۆ پاراستنی جینەکەی و مانەوەی. بەڵام مێ دەیەوێت ئەوەی هەیەتی یان دروستی دەکات بە کوالێتی بیکات و بیپارێزێت و بمێنێتەوە، بۆیە بەوە دەوترێت جینی خۆپەرستی نێر، کە هەمان ویستی مانەوە و نەمرییە."


 ڕاشیگەیاند، ئەوانەی دزی دەکەن یان درۆ دەکەن، لە ماوەیەکی کورتدا سروشت جینەکانیان دەسڕێتەوە. لە مرۆڤدا ئەوانەی دزی یان درۆ دەکەن وردە وردە دوور دەخرێنەوە و کەمتر توانای وەچەخستنەوە و گواستنەوەی جینەکانیان دەمێنێت. لە ئاژەڵەکانیشدا ئەو مێیانەی کە کەمتر نێرەکان داگیر دەکەن وردە وردە سروشت جینەکانیان دەسڕێتەوە و ئەوانە دەمێننەوە، کە دەتوانن نێرەکان داگیر بکەن و بەخۆیانەوە گیرۆدەیان بکەن.


لە درێژەی باسەکەدا ترسی بەردەم جینی خۆپەرستی بۆ زاوزێنەکردن گەڕاندەوە.


لە کۆتایی کۆڕەکەدا لە لایەن ئامادەبوانەوە پرس و گفتوگۆی چڕوپڕ دەربارەی ئەو باسە کرا