پلانی رووخاندنی كابینەكەی كازمی دانرا
چاودێر:
چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئاشكرایان كرد میلیشیاكانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا و بەدر و نوجەبا و سەید شوهەدا رێنماییان بۆ دەرچووە خۆیان بخزێننە نێو ریزی خۆپیشاندەران و ناڕازییانەوە لە دژی حكومەت پاڵ بە خۆپیشاندانەكانەوە بنێن بۆ رووخاندنی حكومەتەكەی كازمی.
سەرەتای ئەم جووڵانەوە و ناڕەزایەتییانە لە بەغدا و واست و بابل و دیوانیە و كەربەلا و بەسرە دەستیپێكردووە، دروشمی رووخانی كابینەكەی كازمی بەرز دەكەنەوە، میلیشیاكان هەوڵ دەدەن ئەم خۆپیشاندانانە بەرفراوانتر بكەن بە ئامانجی رووخاندنی كابینەكەی كازمی.
چاودێران دەڵێن میلیشیاكان تووڕەیی جادە دەقۆزنەوە دوای سووتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب تایبەت بە كۆرۆنا و مردنی نزیكەی 100 كەس تێیدا كە كاردانەوە و توڕەیی جادەی لێكەوتووەتەوە.
میلیشیاكان خۆپیشاندانەكانی بێكاران و دەرچووان دەقۆزنەوە كە داوای هەلی كار دەكەن.
سەدان بێكار و دەرچووی زانكۆكان لە پێش دەرگەی وەزارەتەكان گردبوونەوە مانیان گرتووە داوای دامەزراندن و كار دەكەن، لەوێ میلیشیاكان چوونە نێویانەوە بۆ زیادكردنی داواكانیان بۆ گوشاری زیادە لە سەر حكوومەت.
میلیشیاكان وەبەرهێنان دەكەن لەسەر توڕەیی جەماوەری لە دژی دارووخانی سیستمی كارەبای نیشتمانی لەگەڵ هاتنی وەزری گەرما و هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ 40 پلە، رێژەی پێدانی كارەباش بۆ ماڵان لە زۆرینەی پارێزگاكان تەنها یەك كاتژمێرە.
سەرچاوەیەكی پەرلەمان گوتی: دەبێـت كابینەكەی كازمی بەرپرسیارێتی دارووخانی تەواوی ژێرخانی عێراق لەئەستۆ بگرێت.
ئەو سەرچاوەیە بۆ رۆژنامەی العرب گوتی: حزب و ملیشیا شیعەكان هەست بە ئەوە دەكەن كە رەوشەكە لە بەرژەوەندییان نییە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، كار دەكەن بۆ كێبڕكێ و دۆزینەوەی چارەسەر، بۆ رێگری لە هەڵمەتی كازمی لە دژی گەندەڵی بۆ زیادكردنی جەماوەری خۆی، ئەوە دەتوانێت كاریگەری هەبێت لەسەر چانسی پاڵێوراوەكانی میلیشیاكان.
مستەفا كامل نووسەری عێراقی گوتی: میلیشیاكان هەوڵ دەدەن ئاراستەی خۆپیشاندانەكان لە دژایەتی گەندەڵی و تایەفی و دژایەتی ئێرانەوە بگۆڕن بۆ رووخانی دەسەڵات.
كازمی رۆژی یەك شەممە داوای لە وەزارەتی نێوخۆ كرد بە توندی بەرەنگاری ئەو كەسانە ببنەوە كە ژیانی هاووڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە.
كازمی گوتی: رێگا بە كەس نادرێت پێگەی خۆی لە وەزارەتەكان بەكاربهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن پالێوراوان و لایەكانەوە.