لە 100 کەسی هەرێمی کوردستان یەکێکیان پاسەوانە

ڕاپۆرت 18/04/2021

چاودێر - ڕاپۆرت

زۆریی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان لە هەرێمی کوردستاندا، بووەتە هۆکاری بارگرانییەکی زۆر بۆ بودجە و لە هەمان کاتدا دروستبوونی دەرگایەکی گەورە بۆ گەندەڵی. ئەگەرچی زیاد لە بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەیان دەرچووە، بەڵام تا ئێستا کەمکردنەوەی پاسەوان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە پێی وتەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسانی هەرێم زیاترە لە ٦٥ هەزار پاسەوان.

بڕیارەکان بۆ کەمکردنەوەیان
ساڵی ٢٠١١ مەسعود بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیاری کەمکردنەوەی پاسەوانی بەرپرسانی هەرێمی دەرکرد. هەروەها ساڵێک دواتر لە پێکهێنانی لیژنەی چاکسازیی بارزانیدا، یەکێک لە بڕیارەکان کەمکردنەوەی پاسەوانی بەرپرسان بوو.

لە هەر ١٠٠ کەس پاسەوانێک هەیە
ئەگەر وا دابنێین ژمارەی پاسەوانان لە هەرێم تەنها ٦٠ هەزار بن و ژمارەی دانیشتوانی هەرێمیش شەش ملیۆن کەس بن، ئەوا لە هەرێمی کوردستان لە ١٠٠ کەسێک یەکێک پاسەوانە.


بە پێی زانیارییەکانی بەردەست "چاودێر"، کە لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستانەوە بە دەستی هێناوە، بەشێک لە پاسەوانەکان پاسەوانی بارەگای حزبن، بەشێکیشیان پاسەوان و باخەوانی ڤێللا و باخ و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسانن.

بڕیارە نوێیەکان
بە پێی نوێترین بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە، کە واژۆی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمـەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیاریکراو دەرکراوە.


هاوکات لە یاسای چاکسازیی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢١دا ڕێکخستنەوەی پاسەوانی بەرپرسانی حکومی و حزبی بەندێکی یاساکەیە.


پێشتریش، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیکەلی ڕێکخستنەوەی پاسەوانی بەرپرسان بەم جۆرەی خوارەوە ڕێک خراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


*سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، لە کاتی خزمەتدا ٤٠ پاسەوانیان دەبێت و لە دوای خزمەتیش هەشت پاسەوانیان دەبێت.
*جێگری سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان، لە کاتی خزمەت ٢٠ پاسەوان و لە دوای خزمەت چوار پاسەوانیان دەبێت.
*سکرتێری پەرلەمان چوار پاسەوانی دەبێت، دوای خزمەت یەک پاسەوانی دەبێت بۆ ماوەی یەک ساڵ.
*سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران شەش پاسەوانی دەبێت، دوای خزمەت بۆ ماوەی ساڵێک دوو پاسەوانی دەبێت.
*پەرلەمانتاران دوو پاسەوانیان دەبێت و دوای خزمەت بۆ ماوەی ساڵێک یەک پاسەوانیان دەبێت.
*وەزیرەکان شەش پاسەوانیان دەبێت و دوای خزمەت بۆ ماوەی ساڵێک دوو پاسەوانیان دەبێت.
*پلە وەزیر چوار پاسەوانی دەبێت، دوای خزمەت یەک پاسەوانی دەبێت بۆ ساڵێک.
*پارێزگار شەش پاسەوانی دەبێت و دوای خزمەت دوو پاسەوانی دەبێت بۆ یەک ساڵ.
*بریکاری وەزیر و جێگری پارێزگار سێ پاسەوانیان دەبێت، دوای خزمەت یەک پاسەوانیان دەبێت بۆ ساڵێک.
*سەرۆکی دادگای تەمیز شەش پاسەوانی دەبێت. جێگر و ئەندامانی دادگای تەمیز سێ پاسەوانیان دەبێت.
*سەرۆکی دادگاکان سێ پاسەوانیان دەبێت.
*دادوەرەکان دوو پاسەوانیان دەبێت.
*سەرۆکی داواکاری گشتی دوو پاسەوانی دەبێت، لە سەرۆکی دادگای تەمیزەوە تا داواکاری گشتی، دوای خزمەت یەک پاسەوانیان دەبێت بۆ یەک ساڵ.
*قائیمقامەکان سێ پاسەوانیان دەبێت، بەڕێوەبەری ناحیە دوو پاسەوان، ئەندامانی داواکاری گشتی یەک پاسەوانیان دەبێت و سەرجەمیشیان دوای خزمەت پاسەوانیان نابێت.


ئەوەی جێگەی پرسیار لەو هەیکەلەی ڕێکخستنی پاسەوانانەدا، بەرپرسانی حزبی باس نەکراون، کە بە وتەی پەرلەمانتاران پشکی شێری پاسەوان لە هەرێم لای بەرپرسە حزبییەکانن و مووچەی پاسەوانەکانیشیان لەسەر حکومەتە.


باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی پێی وایە نادادپەروەریی لە ژمارەی پاسەوانانی بەرپرس و پلەکانی وەزیفی حکومەتدا هەیە، بەڵام پێی وایە بەو شێوازەی ئێستا ئەو ژمارە پاسەوانەی کە هەیە گونجاوە.

 

دەشڵێت: "بۆ کەمکردنەوەی پاسەوان پێویستە سەرەتا حکومەت خەرجی و تەواوی پێویستی و ژیانی چەکدار لە هەرێمی کوردستان ڕێکوپێک بکات، دوای ئەوە بێت پاسەوانەکان وەربگرێتەوە و دەوامیان پێ بکات و ئەوکات ئەوەی دەوامی نەکرد دەردەکەوێت بندیوارە، چونکە ئێستا ئەگەر بەرپرسێک بیست پاسەوانی هەبێت بە وەجبە دەوامیان پێ دەکات و ئەگەر بشنێردرێتە ناو فەوجێکەوە هەر بەو جۆرە دەوامیان پێ دەکرێت و سەرجەمیان بەیەکەوە دەوامیان پێ ناکرێت.