ئایا پێکوتەی فایزەر تەنیا بۆ بەرپرسان و کەسوکارەکانیان بەکاردێت؟

ڕاپۆرت 17/04/2021


چاودێر – ڕاپۆرت

دابەشکردنی پێکوتەی فایزەر لە هەرێمی کوردستان بە پەیوەندی و گلدانەوەی بۆ بەرپرسان و کەسوکاریان، دڵەڕاوکێ و گومانیان لەناو خەڵک دروست کردووە، ئەگەرچی تەندروستی ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان جەخت لە نادادپەروەرانەی دابەشکردنی ئەو پێکوتەیە دەکاتەوە.


لە هەرێمی کوردستان هەریەکە لە پێکوتەکانی سینۆفارما، ئەسترازێنیکا و فایزەر بوونیان هەیە بۆ بەکارهێنان، بەڵام تا ئێستا جگە لە ئەسترازێنیکا و سینۆفارما، فایزەر بۆ هیچ هاووڵاتییەکی ئاسایی بەکار نەهاتووە، ئەوەش گومانی لای خەڵک دروست کردووە، لە لایەک لە سەلامەتیی ئەو دوو جۆرەی تری پێکوتەیە کەوتوونەتە گومانەوە و لە لایەکی تریشەوە نیگەرانن کە فایزەر تەنها بۆ خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسان و کەسوکاریان بەکار دەهێندرێت.


لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان بە "چاودێر"ـی ڕاگەیاند، بەدواداچوونیان کردووە و لە لایەن زۆر خەڵکیشەوە پەیوەندییان پێوە کراوە، کە پێکوتەی فایزەر بۆ خەڵکی ئاسایی بەکار نایەت، بەڵکوو بە پەیوەندی و نزیکایەتی و خەڵکانی بەرپرس و دەستڕۆیشتوو بەکار دەهێندرێت.


وتیشی: "ئێمە لە سبەینێوە بەدواداچوونی تەواوەتی لەسەر ئەو پرسە دەکەین، ئەوە بارودۆخێکی تەواو قبووڵنەکراوە لە بواری تەندروستیدا و بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕێگە بەو نادادپەروەرییە بدرێت."


ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی تەدروستیی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەن لیستی بەکارهێنانی پێکوتەی فایزەریان پێ بدات و ئەوانیش بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە پێکوتەکەیان وەرگرتووە تا بزانن کێن و بە چ ڕێگەیەک وەریان گرتووە.


تا ئێستا پێکوتەی فایزەر تەنها لە شاری هەولێر و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەکار هاتووە، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی "چاودێر" لەو ماوەشدا کەسانێک کە پێیان وتراوە بە فایزەر دەکوترێن کە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە بەو ڤاکسینە نەکوتران و ئەسترازێنیکایان بۆ بەکار هێندراوە.


لە شاری سلێمانیش ئەگەرچی پێکوتەی فایزەر گەیشتووە، بەڵام وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی پێ دەدات، بەهۆی کاری تەکنیکییەوە تا ئێستا لە سلێمانی دەست نەکراوە بە بەکارهێنانی پێکوتەی فایزەر و بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەکار بهێندرێت.


د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە "چاودێر"ـی وت: "ئەوەی کە دەوترێت سەبارەت بە ناداپەروەریی لە پێدانی پێکوتەی فایزەر ڕاست نییە و بێبەڵگە و تۆمەتی بێبنەمان، ئەوەش وای کردووە کە گومان لای خەڵک دروست ببێت و ئەو دەنگۆیانەش میدیا ڕۆڵێکی خراپی بینی لە بڵاوبوونەوەیان."


وتیشی: "پێکوتەکانی دژە کۆرۆنا ئەوانەی بەردەستن سەرجەمیان کاریگەریی خۆیان هەیە و تا ئێستاش لە سلێمانی کە نزیکەی دە هەزار پێکوتە بەکار هاتووە هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە، جگە لە هەندێ تا و لەرز کە شتێکی ئاساییە و تەنانەت کە منداڵیش دەکوترێت ئەو نیشانانەی تێدا دەردەکەوێت."