ئیسرائیل چۆن دەگاتە دامەزراوە ناوەكییەكانی ئێران؟

ڕاپۆرت 14/04/2021

 
چاودێر:

ئیسرائیل ماوەی چەند ساڵێكە لە ململانێدایە لەگەڵ ئێران لە چەند رێگایەكەوە، كە درێژەی كێشاوە بۆ دانانی كۆمەڵێك كەس و چوونە نێو چەندین دەزگای هەستیاری ئێران و ئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆسەی چەكداری، لە بەرامبەردا ئێرانیش زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆن دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دووژمنە ژمارە یەكەكەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 

لە ماوەی رابردوودا دەزگای مۆسادی ئیسرائیل زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی كردووە لە دژی بەرنامەی ناوەكی ئێران و هەوڵدانی ئێران بۆ كردنەئامانجی ئیسرائیلییەكان، بەمەش رووبەڕووبونەوەكە هەمەجۆری وەرگرتووە.

لە مانگەكانی رابردوودا ئیسرائیل كۆمەڵێك ئۆپەراسیۆنی لە دژی بەرنامەی ناوەكی ئێران ئەنجام داوە، دواینیان كردنە ئامانجی دامەزراوەی نەتەنزی ئێران بوو لە ئەم هەفتەیەدا.

شارەزایان باس لە گرنگی و ستراتیژی ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل دەكەن كە لە رێگای كەسانی بەكرێگیراو یان زانا و پسپۆڕ یان كەسانی ئەمنی یان كەسانی ئاساییەوە ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەكات، بە هەر كامیان بێت زۆر قورس و ئاڵۆزە، پێویستی بە سەركێشی هەیە زۆر مەحاڵە، پێویستی بە سازكردنی رەوشێكی باش هەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكە.

لەگەڵ ئەوەش دا ئێران بەردەوام بانگەشەی تۆكمەیی دامودەزگاكانی دەكات، بەڵام تۆڕی سیخوڕی دەچنە نێو دەزگای هەستیاری ئێرانەوە.

پسپۆڕان دەڵێن: ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل پشت دەبەستن بە شێوازێك بۆ دیاریكردنی كەسانی گونجاو وەك بەكرێگیراو و سیخوڕ، پشت دەبەسترێت بە وردبوونەوە لە لاوازییەكان.

قورسە یان مەحاڵە راستەوخۆ كەسەكان رابكێشنە نێو تۆڕی سیخوڕییەوە، بەڵام لە زۆر كاتدا پەنا دەبەنەبەر  نزیكانی كەسایەتییەكان یان شوێنەكان بۆ كردنە ئامانجیان، بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و داتا پێش جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە و پلاندانان.

دامەزراوەی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان لەنێوەڕاستی ئێران هەڵكەوتووە، كارەكانی لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكیدایە، بە میحوەری ناوەكی ئێران ناودەبرێت.

حكومەتی ئیسرائیل بە فەڕمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری بۆ دەزگا میدیاییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایانكردووە كە ئیسرائیل لە پشت هێرشەكەوەیە.

هەرچەندە قورسە ئێستا زانیاری ورد لەسەر هێرشەكەی نەتەنز بزانرێت، بەهۆی زۆری گێڕانەوەكانەوە، بەڵام دڵنیایی هەیە كە ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگری و هەمەجۆر بووە.

ئاژانسە هەواڵگرییەكان سود وەردەگرن لە ماڵپەڕەكانی سۆشیال میدیا لە رێگای دروستكردنی كەسایەتی وەهمی و ساختە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی نهێنی و راكێشانی خەڵك بۆ ناویان بە ناوی گەشتیاری و بازرگانی و زۆر بابەتی دیكە.

ئێران دەزگای هەواڵگری نێوخۆی ئیسرائیل شاباك و دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل مۆساد تۆمەتبار دەكات بە بەكارهێنانی هەژماری ساختە بۆ راكێشانی هاووڵاتیان بە رفاندنیان و راكێشانیان.