نیویۆرك تایمز: وێستگەی ئەتۆمیی نەتنز بە بۆمبی چێندراو تەقێندراوەتەوە

جیهان 13/04/2021

ئەمرۆ سێشەممە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بەپشت بەستن بەسەرچاوە هەواڵگریەكان بڵاویكردوەتەوە ، كورەی نەتنزی ئەتۆمی ئێران بە بۆمبی چێندراو كراوەتە ئامانج كە ئەو بۆمبانە دزەیان پێكراوە بۆ نێو دامەزراوەكە.
رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی هەواڵگری ئەمریكاوە بڵاویكردوەتەوە تەقینەوەكە لەرێگەی بۆمبەوە ئەنجامدراوەو لە دوورەوە تەقێنراوەتەوە و بەگوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسە رووداوەكە زەرەرو زیانی زۆری گەیاندوە بە تۆڕی سەرەكی وتۆڕی یەدەگی كارەبای دامەزراوەكە.
بە گوێرەی سەرچاوەكە ئێران پێویستی بە 9 مانگ دەبێت بۆ دووبارە پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی نەتنز كە لە بیابانەكانی ئەسفهان لە ناوەراستی ئێران درووستكراوەو بە ناوەندی پرۆگرامەكانی ئێران دادەنرێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ولە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكانە.
ئێران دانی ناوە بەتەقینەوەكەدا و ئاشكرای كردوە كە زیانێكی سووكی بە دامەزراوەكە گەیاندوە ،بەڵام كازم غەریب ئابادی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكە لە ڤیەنا رایگەیاند: پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەكە بەردەوامەو رانەوەستاوە.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی ئاسایشی ئێران بڵاویكردوەتەوە ئەنجامدەرانی رووداوەكەی نەتنز ئاشكراكراون و كار بۆ دەستگیركردنیان دەكرێت .

هاوکات چاودێرانی سیاسی پێیانوایە جارێکی دیکە ئیسرائیک توانی گورزی جەرگبڕ لە ئەتۆمی ئێران بدات. هاوکات ئەمەش هێندەی دیکە باردۆخەکەی ئاڵۆز کردوەو ئەگەری پێدادانی راستەوخۆی سەربازی لە نێوان ئێران و ئیسرائیکدا زیاتر کردوە.