خۆری ئەردۆغان بەرەو ئاوابوونە

ڕاپۆرت 06/04/2021

چاودێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا سەركەوتنی گەورەی لە مێژووی توركیادا لەنێوخۆ و دەرەوە تۆماركرد، ئێستا كار و پرۆژەكانی رووە و لێژییە، وردە وردە خۆری ئەردۆغان ئاوا دەبێت.

پارتی دادوگەشەپێدان كە ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكیەتی، لە دوای هاتنەسەری كاری حزبەكەی لە دوای 2000وە كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی هاوێشت، كە لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە گرنگی مێژووییان هەبوو بۆ توركیا.

هەنگاوەكانی ئەكەپە لەنێوخۆی توركیا

ئاكپارتی توانی سیستمی پەرلەمانی توركیا بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی.

 سنوورێك بۆ سوپا و فەرماندە سەربازییەكان دابنێت كە هەر دەسەڵاتێكیان بەدڵ نەبوایە بە كودێتا دوریان دەخستەوە و سوپای خستە ژێر فەرمانی خۆیەوە بەتایبەت لە دوای هەوڵی كۆدێتاكەی ساڵی 2016.

گەڕاندنەوەی رۆڵی ئاینی ئیسلام بۆ توركیا دوای زیاد لە 80 ساڵ لە هەوڵەكانی كەمكردنەوەی رۆڵی ئاین لە ئەم دەوڵەتەدا لەلایەن حكومەتەكانەوە و لاوازكردنی حزبە چەپ و نەتەوەییەكان و گەیشتووەتە ئەوەی ئەردۆغان بە سوڵتانی نوێی عوسمانی پێناسە بكرێت.

ئەردۆغان نەك هەر لەنێوخۆ بگرە لە دەرەوە و لە ناوچەكەش هەنگاوی گرنگی ناوە، توركیا رۆڵی گرنگ و یەكلاكەرەوەی هەیە لە هاوكێشەكاندا و دەستی درێژكردبوو بۆ زۆر وڵاتی وەك سوریا، عێراق، لیبیا، سوماڵ، یەمەن، ئازەربایجان، هەوڵی زێدەڕۆییشی دەدا لە خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوەكانی وزەدا.

پاشەكشەی ئەردۆغان

ئەردۆغان دوای ئەوەی بووە سەرۆك كۆمار و سەركەوتووبوو لە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی هەنگاوەكانی خێراتر كرد، بەڵام ئەم هەنگاوانەی دواجار ئەردۆغانیان دۆرپێچ كرد.

بەشێكی زۆری ئەوانەی پێشتر لە سەركەوتنی ئاكپارتی و خودی ئەردۆغاندا هاوكارببوون بوونە نەیاری ئەمڕۆی ئەردۆغان وەك فەتحوڵڵا گولەن كە تۆمەتبارە بە كودێتاكەی 2016 و بە تیرۆرست ناسراوە لەلایەن توركیاوە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی بابا جان كە دوو سەركردەی دیار و هاوكاری ئەردۆغان بوون، ئێستا حزبی خۆیان دروستكردووە و بوونە ئۆپۆزسیۆن.

كورد و جەهەپە، نەیار و دوژمنەكەی دوێنێ بوونە دۆست و هاوپەیمانی ئەمڕۆ و توانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ئیستەنبوڵ لە بن دەستی ئاكپارتی دەربهێنن و ئەگەریشی هەیە بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی گورزێكی كوشندە لەئەردۆغان بدەن و ئاكپارتییان ناچاركردووە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەی نەتەوەپەرستدا بكات.

ئەردۆغان دەیەوێت لە ئێستا لە بەڵای هەدەپە رزگاری بێت بۆیە هەوڵیدا لە رێگای داواكاری گشتییەوە حزبەكە دابخات، بەڵام دادگا رەتیكردەوە، ئەمە سەرباری گرتن و زیندانیكردنی دەیان سەركردە و ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە.

قەیرانی دارایی و داكشانی بەهای لیرەی توركی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و هەڵكشانی بێكاری و قەیرانی كۆرۆنا و هەڵكشانی ناڕەزایەتییەكان بەتایبەت لەسەر هەوڵی دروستكردنی نۆكەندی ئیستەنبوڵ و كشانەوە لە رێككەوتنی تایبەت بە ژنان بەرۆكی ئەردۆغانیان گرتووە.

شكستی سوپا و هەواڵگری توركیا لە گەڕاندنەوەی 13 دەستگیركراوی توركیا لە ئۆپەراسیۆنی گارەدا كە هەموویان كوژران و توڕەبوونی نێوخۆی توركیای بەدواداهات.

ئەمە لەنێوخۆدا، لە دەرەوەشدا فشارەكانی سەر ئەردۆغان زیادیانكردووە بەتایبەت ئەمریكا و ئەوروپا لەسەر بابەتەكانی مافی مرۆڤ و رادەربڕین و سیستمی ئێس 400 و خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و زۆری بابەتی دیكە، بایكۆتكردنی بەرهەمی توركی لە هەندێك وڵات وەك سعودیە.

 هەوڵی كودێتای نوێ

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك فەرماندەی هێزی دەریایی خانەنشین راگەیەندراوێكیان لە دژی ئەردۆغان بڵاوكردەوە، بۆیە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەكیان دەرچوو، ئەردۆغان گوتی بەیاننامەكەیان بۆنی كودێتای لێدێت.

چاودێران بە پشت بەستن ئەم پێشهاتانەدا خوێندنەوەیان بەجۆرێكە ئایندەی ئەردۆغان و حزبەكەی باش نابێت، بەتایبەتە لە هەڵبژاردنەكانی ئایندە و دواین هەوڵەكانی ئەم حزبە بۆ گۆڕینی دەستووری توركیا.