سودان لەنێو بەرداشی دین و دونیادا

ڕاپۆرت 01/04/2021

جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت لە سودان بووەتە جێی مشتومڕ و خەڵكی ئەو وڵاتەی كردووە بە دوو بەشەوە

رێككەوتنی "راگەیاندنی بنەماكان"
رێككەوتنی "راگەیاندنی بنەماكان" لەنێوان حكومەتی سودان و بزوتنەوەی گەلی باكوور كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە شاری جوبا ئەنجامدرا، كە ماوەی مانگێكی داوەتە هەردوولا بۆ گفتوگۆ لەناو خەڵكی ئەو وڵاتە و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش مشتومڕی دروستكردووە.
بەپێی ئەو رێككەوتنە دەبێت لە سودان ئاین لە دەوڵەت جیابكرێتەوە و بێ لایەنیش لە دۆسیە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە ئاین بگیرێتەبەر، گرەنتی ئازادی بیروباوەڕەكانیش بكرێت، دەوڵەتیش نابێت هیچ ئاینێك وەك ئاینی فەرمی وڵات بناسێنێت.
هەر بەپێی رێككەوتنی راگەیاندنی بنەماكان، پێویستە دەوڵەتی سودان مافی ئۆتۆنۆمی بداتە ئەو هەرێمانەی ئاین و پێكهاتەی جیاوازی تێدایە و سوپایەكی یەكگرتووی سودان پێكبهێنرێت كە سەرجەم پێكهاتەكان لەخۆ بگرێـت.

"ئەو رێككەوتنە ئازادی بۆ ئاین و پێكهاتەكان دابین دەكات و مافەكانی مرۆڤیش لە سودان دەپارێزێت"
سەبارەت بەو رێككەوتنە عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سودان كە ئەنجومەنێكی كاتییە لەو وڵاتەو دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر پێكهاتووە، وتی:"ئەو رێككەوتنە دەبێتە سەرەتایەكی راستەقینە بۆ قۆناغی راگوزەر لە سودان".
لەلایەن خۆشیەوە عەبدولعەزیز حلو سەرۆكی بزوتنەوەی گەلی باكوور وتی:"ئەو رێككەوتنە ئازادی بۆ ئاین و پێكهاتەكان دابین دەكات و مافەكانی مرۆڤیش لە سودان دەپارێزێت".

"بەزاندنی سنوری خودا"
هەرچەندە رێككەوتنەكە هێشتا گفتوگۆی لەسەرە و نەبووەتە فەرمی لەو وڵاتە، بەڵام بووەتەهۆی دووبەش بوونی رای خەڵك و لایەنەكانی سودان، بەتایبەت لایەنە ئیسلامییەكان، یەكەم كاردانەوەی توندیش لەلایەن یەكێتی زانایان و بانگخوازانی سودانەوە بوو، كە بەشێوەیەكی رەها رێككەوتنەكە رەتدەكاتەوە بەتایبەتیش جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت، بەوەشەوە نەوەستاون سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سودان  بە دەرچوون لە سنوورەكانی "خودا" تۆمەتبار دەكەن.

"سەرەتای رێگاكە بەرەو ئازادی"
هەرچەندە ئیسلامیەكان بەتوندی رووبەڕووی رێككەوتنەكە وەستاونەتەوە، بەڵام وا دەردەكەوێت بەشێكی زۆری خەڵكی رۆشنبیر و هاوڵاتیانی ئاسایی سودانیش لەگەڵ رێككەوتنەكەن، لەوبارەیەوە چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بەناوی محەمەد ئەلتوم لە تویتێكدا نوسیویەتی:"گفتوگۆ لەسەر سیكۆلار بوونی دەوڵەت و ئیسلامی بوونی نییە، لەبەرئەوەی دیموكراتی بە مانا ئاساییەكەی دەسەڵاتی گەل و سەربەخۆیی جەماوەرە، بەڵام بەداخەوە خەڵكێك بە نەزانی خۆی رێگری دەكات لەوەی رێككەوتنەكە ئەنجام بدرێت".

بەشێك وای دەبینن سەرەتای رێگایەكە بەرەو ئازادی لە سودان
زۆرێكی دیكەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رای خۆیان لەبارەی رێككەوتنەكە دەربڕیوە، بەشێوەیەك وای دەبینن سەرەتای رێگایەكە بەرەو ئازادی لە سودان، كە پێشتر بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەڕێوەدەچوو.
وەك كچە چالاكوانێكی سودانی بەناوی حەنین لە تویتەر نوسیویەتی:"جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت بەمانای ئەوە نییە ئێمە كافر دەبین"، ئەو كچە بەشێك لە ئیسلامیەكانیش تۆمەتبار دەكات بەوەی ئیسلام بەكاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی خواستەكانیان.