خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی 'كه‌شتییه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌'ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا

ڕەخنەی چاودێر 23/03/2021

د.كۆیار شێركۆ

ئه‌مڕۆ كتێبه‌كه‌م كڕیوه‌. پێش ئه‌وه‌ی بچم بۆ سه‌ر كار، وه‌ك هه‌موو جارێكی تر كه‌ كتێبێكی تازه‌ ده‌گرم به‌ ده‌ستمه‌وه‌، سه‌یری ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ده‌كه‌م. دووسه‌د و شه‌ش. به‌ خۆم ده‌ڵێم، له‌و كتێبانه‌یه‌ كه‌ زوو ته‌واو ده‌كرێن. ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ڵی لێنه‌كه‌م، به‌ سێ ڕۆژ ته‌واو ئه‌بێ. چاره‌كێكی ماوه‌ بۆ هه‌شتی ئێواره‌ و كاتی ده‌ستپێكردنی شفتی كار. له‌گه‌ڵ جانتاكه‌مدا ئه‌یخه‌مه‌ بن ده‌ستم و ده‌چم بۆ كار. تا دوای دوانزه‌ی شه‌و كاتم نابێت بیكه‌مه‌وه‌. ورده‌ ورده‌ نه‌خۆش كه‌م ده‌كات و قاوشه‌كان بێده‌نگ ده‌بن و ده‌چنه‌ خه‌وێكی قوڵه‌وه‌. منیش ده‌ستپێده‌كه‌م. 

فه‌قێ گڵناس، له‌ ژێر دارێكی گونده‌كه‌یاندا دانیشتووه‌. بیر له‌وسه‌ری دنیا ده‌كاته‌وه‌. ده‌یه‌وێت گوند و مه‌لایه‌تییه‌كه‌ی باوكی جێبهێڵێت. گڵناس ده‌ڕوات. گوند جێده‌هێڵێت. به‌ره‌به‌یان گالیسكه‌وانێكی لێپه‌یدا ده‌بێت و پێی ده‌ڵێت، ''من نازانم ئه‌وسه‌ری دنیا كوێیه‌. به‌ڵام كاری من هێنان و بردنی شت و مه‌كه‌ بۆ ئه‌م پێنج گونده‌ی دێنه‌ ڕێمان. گه‌ر ده‌ته‌وێت تا ئه‌وسه‌ری دنیاكه‌ی خۆمت ده‌بم.'' ده‌ڕۆن. له‌ هه‌ندێك گوند ده‌مێننه‌وه‌، به‌لای گونده‌كانی تردا تێده‌په‌ڕن. شتی زۆر ده‌بینن. به‌ ده‌م ڕێگاوه‌، گالیسكه‌وان پرسیاری وجوودی گرنگ له‌ فه‌قێ گڵناس ده‌كات. پرسیارگه‌لێك كه‌ گڵناس هه‌رگیز بیری لێنه‌كردوونه‌ته‌وه‌. وه‌ك بڵێی ئه‌م پرسیارانه‌ سه‌ر به‌ گونده‌كه‌ی ئه‌و نه‌بوون. 

به‌رده‌وامم له‌ خوێندنه‌وه‌، ده‌گه‌مه‌ لاپه‌ڕه‌ ٧٠، له‌ ده‌رگا ده‌درێت. فه‌رمووی لێده‌كه‌م. ده‌رگا ده‌كرێته‌وه‌، دكتۆر نه‌خۆشه‌كه‌مان هیلاكه‌. كتێبه‌كه‌ داده‌نێم. ماسكه‌كه‌م ده‌به‌ستم و له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵی نه‌خۆشه‌كه‌دا ده‌چمه‌ به‌شی چاودێری وردی نه‌خۆشخانه‌كه‌. دۆخی نه‌خۆشه‌كه‌ خراپ نییه‌. بیست خوله‌كێك لای ده‌مێنمه‌وه‌. كاری پێویستی بۆ ده‌كه‌م. ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ژووره‌كه‌م. ده‌چمه‌وه‌ بۆ گونده‌كان.

هه‌ر گوندێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌. ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ی له‌ ٢٠٢٠دا له‌ ئیسپانیا نووسیوه‌، له‌ ڕێی ڕووداو و كاراكته‌ری گونده‌كانه‌وه‌، دوو پرسی گرنگ ده‌گێڕێته‌وه‌. یه‌كه‌م، گوند وه‌ك به‌شێمی گرنگ له‌ مێژووی ئێمه‌ و كاریگه‌رییه‌ قوڵه‌كانی به‌سه‌ر دنیای ئه‌مڕۆمانه‌وه‌. دنیابینی گوندییه‌كان، دیارده و بۆچوونه‌‌ ساده‌ و قوڵه‌كانیان، تێگه‌شتنیان بۆ ئایین، ده‌سه‌ڵات، خه‌ون، ژن و پرسگه‌لێكی تری گرنگ. زۆرجار له‌ ده‌می خۆیانه‌وه‌ لێیان ده‌گه‌ین. هه‌ندێكجار له‌ تێڕوانینی گالیسكه‌وان و چه‌ندجارێكیش له‌ گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆژنامه‌نووسێكی بیانییه‌وه‌. دووه‌میش، ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا دواتر، كاتێك ئه‌م كاراكته‌رانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ سه‌رده‌می نوێ و ده‌چنه نێو شۆڕش و‌ شاره‌كانه‌وه‌، چ شتێكیان ده‌گۆڕێت؟ دنیاكه‌یان ده‌بێته‌ دنیایه‌كی كوێ؟ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌ ڕووكه‌شیه‌كانیاندا، ڕوانینشیان له‌ ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌دا دێت؟ له‌ شاردا، حوجره‌كان پێگه‌یان لاواز ده‌بێت یان به‌ فۆرمێكی تر خۆیان زاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌؟

ڕۆمانه‌كه‌ ساده‌ دێته‌ به‌رچاو. ئه‌و پرسانه‌ی ده‌رباره‌یان ده‌دوێت، شتی ساده‌ن. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵیان به‌ دنیای مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی و كورده‌وه‌ هه‌یه‌. بۆچی له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كاندا، هه‌ڵپه‌ركێ دیارده‌یه‌كی ئێجگار باوه‌؟ بۆ له‌ شین و شادیدا هه‌ڵده‌په‌ڕن؟ ئه‌مه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟ له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی تردا، هه‌مووان ته‌زبیح به‌ ده‌ستن. له‌ به‌رده‌رگای ماڵه‌وه‌، له‌سه‌ر سووچی گه‌ڕه‌كه‌كان، له‌ به‌رده‌م دوكانه‌كان، ته‌زبیحیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌. بۆچی؟ ئه‌مه‌ خوویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ساده‌یه‌ یان دیارده‌یه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ كۆمه‌ڵگای باوكسالار؟ ئه‌م گوندیانه‌ چۆن له‌ سه‌رۆكه‌كانیان ده‌ڕوانن؟ ژنه‌كانیان تا چه‌ند ئازادن؟ نا، ئایا له‌ بنه‌ڕه‌تدا بیریان لای شتێك هه‌یه‌ به‌ ناوی ئازادی؟ 

كاراكته‌رێك، كه‌ مه‌لای گونده‌. دواتر كه‌ زه‌مه‌نێكی تره‌ له‌ كتێبه‌كه‌دا، ده‌بێته‌ شه‌راب درووستكه‌رێكی بێوێنه‌. له‌ گوند، له‌ زه‌مه‌نی یه‌كه‌مدا، خه‌ون لێكده‌داته‌وه‌. هه‌موو ڕۆژێك به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی، ڕیزێكی درێژ به‌ستراوه‌، هه‌مووان به‌ خه‌ونه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی شه‌وی پێشوویانه‌وه‌ دێن و چاوه‌ڕێی لێكدانه‌وه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌میش به‌ كتێبه‌كه‌ی ئیبن سیرین خه‌ونه‌كانیان بۆ لێكده‌داته‌وه‌. به‌ هه‌ندێك ده‌ڵێت ته‌مه‌ن درێژ ده‌بن و خه‌به‌ری مردنیش ده‌داته‌ هه‌ندێكیان. كتێبه‌كه‌ چیرۆكی تایبه‌تی زیاتری تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ گونده‌كان. كه‌ یارمه‌تیمان ده‌دست تێگه‌شتنێكی باشترمان سه‌باره‌ت به‌ واقعی ڕابردووی خۆمان هه‌بێت. 

ده‌گه‌مه‌ لاپه‌ڕه‌ ١٢٠. كاتژمێر ٣ی به‌ره‌بایه‌نه‌. خه‌سته‌خانه‌كه‌ له‌ خه‌وێكی قوڵدایه‌ و منیش خه‌ریكه‌ خه‌و ده‌مباته‌وه‌. قاوه‌یه‌ك ده‌خۆمه‌وه‌ تا نه‌خه‌وم. كتێبه‌كه‌ لاده‌به‌م. به‌ خۆم ده‌ڵێم سبه‌ینێ ته‌واوی ده‌كه‌م. سبه‌ینێ دێت، ڕاست ناكه‌م. نایخوێنمه‌وه‌. له‌ بری سێ ڕۆژ، به‌ هه‌فته‌یه‌ك ته‌واوی ده‌كه‌م. جدیترین پرسیاری كتێبه‌كه‌ لای من ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئێمه‌ قۆناغی گوندمان تێپه‌ڕاندووه‌؟ هه‌ڵبه‌ت گوند وه‌ك جوگرافیا دڵگیر و ژیانه‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌ جوانه‌كه‌ی نا. گوند وه‌ك به‌شێكی دابڕاو له‌ دنیا. وه‌ك دنیایه‌كی كپی بێ پرسیار. ئایا ئێمه‌ ئێستا شارمان هه‌یه‌ یان له‌ گوندی گه‌وره‌تردا ده‌ژین؟ ده‌زانم، چاخانه‌كان بوونه‌ته‌ قاوه‌خانه‌. ته‌زبیحه‌كان له‌ هه‌ندێ جێ ماون و له‌ جێی تر بوونه‌ته‌ مۆبایل. شه‌راب بووه‌ته‌ ڤۆدكا و ته‌كیلا. به‌ردبارانكردنی ژن له‌ هه‌ندێ جێ ماوه‌ و له‌ جێی تریش بووه‌ته‌ سوكایه‌تی ئه‌لیكترۆنی. له‌ بری ئیبن سیرین، فرۆید ده‌خوێنینه‌وه‌. ئاساییه‌‌ گه‌ر پیاوان سمێڵیان نه‌بێت. حوجره‌كانیش بوونه‌ قوتابخانه‌.به‌ڵام ئایا گونده‌كانمان بوونه‌ته‌ شار؟ ئێمه‌ هه‌ر له‌ ڕووكه‌شدا له‌ شارین یان به‌ڕاستی؟ ئایا ئه‌م گوندانه‌ هه‌رگیز ده‌بنه‌ شار؟