دەستلەکارکێشانەوە لەناو کۆمەڵی دادگەری تەشەنەدەسێنێت

ڕاپۆرت 24/02/2021

چاودێر:
بەهۆی گۆڕینی ناوی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ کۆمەڵی دادگەری کوردستان ناڕەزایەتی لەناو ئەو حزبەدا دروستبووە و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەو حزبە دەستیان لەکارکێشایەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی خۆی بەست و بەزۆرینەى دەنگی بڕیاریدا ناوی حزبەکەیان بۆ کۆمەڵی دادگەری کوردستان بگۆڕن، و ناوی ئەمیر بکەن بەسەرۆک.

ئەم گۆڕانکارییانە نیگەرانی لەناو بەشێک لەئەندامانی حزبەکە دروستبوو، چونکە پێیانوابوو ئەمە دوورکەوتنەوەیە لەدینی ئیسلام و سەردەکێشێت بۆ گۆڕانکاری دیکە، بۆیە ژمارەیەک ئەندامی ئەو حزبە لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە نارەزایەتییان دەربڕی و دەستلەکارکێشانەوەیان لەحزبەکە ڕاگەیاند.

مامۆستا غەریب محەمەد پێشنوێژ و وتارخوێن لەشارەزوور و ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەپەیامێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و چەند خێزانێکی دیکەی لەڕیزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی ڕاگەیاند، لەئێستاشدا لەڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە هەوڵێدەدات ئەوە ڕوونبکاتەوە، کە لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لەحزبەکەیان کارێکی هەڵەبوو.

بەپێی زانیارییەکانی (چاودێر) ئێستا کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەهەوڵی ئاشتکردنەوەی ئەو کەسانەدایە، کە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە لە حزبەکە نیگەرانبوون.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لەنێو ماڵ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە حزبییەکان کۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ ناڕازییەکان دەکرێت، بەمەبەستی ئەوەی هۆکاری گۆڕانکارییەکان ڕوونبکەنەوە، بۆئەوەی ناڕازییەکان بەتەواوی واز لەحزبەکە نەهێنن و ئاشتیان بکەنەوە.

گۆڕانکارییەکان جێگەی پرسیار و گومانی بەشێک لەئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە، هەروەک ئەبوجیهاد کفری، بەرپرسی ئەنجومەنی کۆمەڵ لەکفری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد، لە هەموو کۆنفراسەکان گۆڕینی ناوی کۆمەڵی ئیسلامی دەنگی نەهێنا و لە کۆبونەوەی سەرکردایەتیش دەنگی نەهێنا، بەڵام لەسەر داوای مامۆستا عەلی باپیر خراوەتە کۆنگرەوە.

ئەوەشی نوسیوە، ئەگەر م عەلی باپیر پابەندنەبێت بە شورا و زۆرینەی دەنگی کۆنفراسەکان و سەرکردایەتی، چۆن ئێمە  پابەنددەکات بە شورا و دەنگی زۆرینە، بۆیە ئەم بابەتە دەبێت لیژنەى شەرعی بۆ دابنرێت و دادگایەکی شەرعی تاوتوێی بابەتەکە بکات.

يوسف گەرمیانی، ئەندامی کۆمەڵی دادگەری و  برای دلێرگەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری ناڕەزایەتی خۆی لەبەرامبەر ناوگۆڕینەکە دەربڕیوە و جەخت لەئەوەدەکاتەوە، گۆڕینی ناو لە نێو کۆمەڵ قۆناغێکی دوای گۆڕینی ناوەڕۆک بوو، واتە گۆڕینی ناو هەڵقوڵاوی ناوەرۆکێکی گۆڕاو بوو ، دەمێکە دڵسۆزانی کۆمەڵ بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە داوایان لە م.علی باپیر دەکرد، کە کۆمەڵ زۆر گۆڕاوە لە ڕوی پابەندبوون بە ئیسلام و شەرعەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە لەحزبی کوردی ئیسلامیدا نوێیە، بۆیە هەروەک چاوەڕواندەکرا ناڕەزایەتی لیکەوتەوە، تەنانەت لەناو کۆنگرەشدا لەکۆی ٩٠٠ ئەندام ٣٦٩ ئەندامی کۆنگرە دژی لابردنی پاشگری ئیسلامی بوون، واتە لەسەدا ٤١ی ئەندامانی کۆنگرە دژ بەو بڕیارەبوون.

لەگەڵئەوەی ناڕەزایەتی لەگۆڕینی ناوەکەدا هەیە، هەندیک کادری دیکەی ئەو حزبە بەپێویستی دەزانن گۆڕانکاری لەناوەڕۆکیشدا بکرێت و دادگەربن، نەک بەتەنها بەناوگۆڕین ببنە دادگەر.

سەید هێمن کە کادرێکی کۆمەڵی ئیسلامییە نوسیویەتی، ناوەکە زۆر گەورەوگرانە، بۆیە تا لەناو کۆمەڵدا دادگەری نەچەسپێنرێت و لێپرسینەوە لەگەندەڵکاران نەکرێت، چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگایەکی هەمەچەشن بەرەو دادگەری ببرێت. کاتێ خەڵک دڵی بەو ناونیشانە خۆشدەبێت، کە خۆمان نمونەی دادگەری و چاکسازی بین. کەواتە ناوتان گۆڕی دەستانخۆشبێت بەڵام ڕەفتاریشتان بگۆڕن و با لەئاست ناونیشاندابن.

لە چوارەمین کۆنگرەیدا کۆمەڵ، ئاڵا و ناوی حیزب و پۆستی ئەمیری حیزبەکەی بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە گۆڕی. ناوی حیزبەکە پێشتر کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بوو، گۆڕدرا بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و پاشگری ئیسلامییەکەی لێکردەوە. ھەروەھا ئاڵای کۆمەڵیشی گۆڕی و ناوی پۆستی ئەمیریشیان کردە سەرۆک.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان (ناوی پێشوو: کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان) جوڵانەوەیەکی ئیسلامییە لە باشووری کوردستان، لەلایەن عەلی باپیرەوە لە ساڵی ٢٠٠١ دامەزرێنراوە.