بەلسەم گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی لەسوید بەدەست دەهێنێت
بەلسەم كامیل كەرەك فەیلی ئەدیب و نوسەری تاراوگەی كورد، بەرۆمانەكەی كەبەناوونیشانی ئاسۆی رووداوە، بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی وڵاتی سویدی بەدەست هێنا.
بەلسەم كامیل كەرەم فەیلی ، خەڵاتی سمۆلتسی ئەدەبی ساڵی ٢٠٢١ی وڵاتی سویدی پێبەخشرا بۆ ئەو رۆمانەی بەناوونیشانی ( ئاسۆی روداو ) بە زمانی سویدی نوسیویەتی.
ئەم خاتوونە كچی كامیل كەرەم فەیلییە كە سەركردەیەكی دیاری حزبی شیوعی عیراق بووە.
خانەوادەی بەلسەم بە ھۆی ئەوەی كە كوردی فەیلی بوون، سەرەتای ساڵانی ھەشتاكان لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە عیراق دەركراون و رەوانەی ئێران كراون.
بەلسەم ساڵی ١٩٨٣ لە ئاوارەیی و لە وڵاتی ئێران لە دایك بووە.
دواتر كۆچیان كردووە بۆ یەكێتیی سۆڤیەت و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان و لە كۆتاییدا لە ساڵی ١٩٩٠ لەسوید گیرساونەتەوە.
بەلسەم مناڵێكی ٧ ساڵ كە گەیشتوونەتە سوید، لەوێ خوێندوویەتی ، خوێندكارێكی زیرەك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەركەوتوانە بڕیوەو ماستەری لە بواری ئەدەبدا بەدەستھێناوە.
خولیای ئەدەب بووەو بایەخی بە نووسینی چیرۆك و رۆمان بە زمانی سویدی داوە. چیرۆك و رۆمانەكانی ھێندە جوان و پڕ مانا بوون، خوێنەرێكی زۆر لە دەوریان كۆبوونەتەوەو بوونەتە جێی سەرنج و بایەخی رووناكبیران و دەزگا ئەكادیمییەكان. ھەر بۆیەش رۆمانی ئاسۆی روداو كە رۆمانێكی جوانی بواری كۆمەڵایەتییە، بۆتە جێی سەرنجی دەزگا ئەكادییمیە ئەدەبییەكانی وڵاتی سوید و خەڵاتی سمۆلیستت پێبەخشراوە كە باڵاترین و بەنرخترین خەڵاتی ئەدەبی ئەو وڵاتەیە.
داڕشتنەوە – لە واڵی نوسەر خەلیل عەبدوڵڵاوە وەرگیراوە.