تۆم لەبەر خۆشویستن خۆش دەوێ

ڕەخنەی چاودێر 02/09/2018

پۆل ئێلوار
و. ڕەخنەی چاودێر

تۆم لە بری هەموو ئەو کەسانەی نەمناسیون، خۆش دەوێ
تۆم لەبەر بۆنی نانی گەرم
لەبەر بەفرێک کە دەتوێتەوە، خۆش دەوێ
تۆم لەبەر خۆشویستن خۆش دەوێ
تۆم لەبەر هەموو ئەو کەسانەی خۆشم نەویستوون، خۆش دەوێ
تۆم لە پێناو خۆشویستندا خۆش دەوێ
لەبەر فرمێسکێک کە وشک بووەوە و نەڕژا
زەردەیەک کە کوژایەوە و هەرگیز نەپشکووت، خۆش دەوێ
تۆم لەبەر بیرەوەرییەکان خۆش دەوێ،
لەبەر پشتکردنە ئارەزووی مەحاڵ
لەبەر لەناوچوونی خەیاڵ و وەهم خۆشم دەوێی،
تۆم لەبەر خۆشویستن خۆش دەوێ
تۆم لەبەر هەموو ئەو کەسانەی نەمبینیون خۆش دەوێ
تۆم لەبەر بزەی تاڵی ساتەکان
فڕینی شیرینی بیرەوەرییەکان خۆش دەوێ
تۆم لەبەر هەموو ئەو کەسانەی نایانبینم خۆش دەوێ
بە قەد دڵۆپەکانی باران، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان خۆشم دەوێی
تۆم هێندەی خۆت، هێندەی ئەو دڵە پاکەت خۆش دەوێ
تۆم لە پێناو خۆشویستندا خۆش دەوێ
تۆم لە بری هەموو ئەو کەسانەی کە خۆشم ناوێن، خۆش دەوێ