سەبارەت بە شیعری کوردی و سامی هادی وەک ئەزموونێکی سەربەخۆ

ڕەخنەی چاودێر 23/09/2021


بەشدار سامی

زستانی ساڵی دووهەزار و یانزە بوو، بە بۆنەی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە، من و حەمە مەنتک و شاڵاو حەبیبە لە سلێمانی ژووری هۆتێلێکمان پێدرابوو. ئەو چەند شەوەی لەوێ میوان بووین دوای ئەوەی پیاسەیەکمان بە شەقامە ساردەکانی سلێمانیدا دەکرد دەگەڕاینەوە بۆ هۆتێلەکە و هەر جارە و سەبارەت بە بابەتێکی ئەدەبی قسەمان دەکرد، دەربارەی شاعیران و نووسەرانی حەفتا و هەشتا و تا ناوەڕاستی نۆهەتەکانیش پرسیارمان هەبوو کە بۆچی هیچ گۆڕانکارییەکی نەوعییان لە ئەدەبیاتی کوردیدا نەکردوە، بۆچی شیعری کوردی بە تەواوەتی بووە بە ئەدەبیاتێکی خۆگونجاندن لەگەڵ ڕابردوویەکی لۆکاڵیدا! ئەو دەنگانەش کە جاروبار جیاواز دەرکەوتوون بۆچی تەمەنیان کورت بووە و هەر زوو بە هەر هۆکارێک بووبێت، گەڕاونەتەوە سەر شێوازە باوەکەی شیعری کوردی!

تا ئەمڕۆش کە من خەریکی ئەو نووسینەم هەمان پرسیارم هەیە و بە حاڵ دەتوانم دانەیەک جیا بکەمەوە لە هێڵە گشتییەکەی شیعری کوردی دەرچووبێت، بە گشتی وەک یەک سەبارەت بە شیعر بیر دەکەنەوە و وەک یەک دەنووسن تەنانەت وەک یەک زستانان حەزیان لە ملپێچە و وەک یەک تەماشای ژیان دەکەن و ئەوانەشی کە دەخۆنەوە هەموویان حەزیان لە عەرەقی کەیفییە و وەک یەک سەرخۆش دەبن! دانەیەکم نەناسی تەکیلا یان شتێکی جیاواز بخواتەوە بەڵکوو یارمەتی بدات جیاوازتر لەوانی دیکە سەرخۆش ببێت، ڕەنگە بڵێن جا ئەوە پەیوەندی چییە بە شیعرەوە، با هەیەتی هەتا ئەو مەلایانەش کە بە یەک تۆن، وتاری هەینی پێشکەش دەکەن، پەیوەندی بە ئەدەبیاتی کوردییەوە هەیە.
زۆرجار ئەگەر شیعرێک بخوێنینەوە و ناوی شاعیرەکەمان لەبەردەست نەبێت کێشەیەکی فکریمان بۆ دروست دەبێت بەوەی چۆن بزانین ئەو شیعرە هی کێیە! زمانی سەربەخۆ لە نێو شاعیرانی ئێمەدا هیچ بایەخێکی پێ نەدراوە کە ئەوە هەڵەیە، چونکە دانەیەک دەتوانێت لە جێگەی هەموویان بنووسێت و هیچ کێشەیەکیش دروست نەبێت.

هەر یەکێکیان شیعرێک بنووسێت ئەوەی تر یان ئەوانی دیکە دەست دەکەن بە بۆڕەبۆڕ و دەڵێن لە ژێر ڕۆشنایی شیعری ئێمەدا نووسیویەتی ئەوە بۆڕەبۆڕێکی دروستە بە بڕوای من بەڵام بەو جۆرەی کە هەموویان بەرامبەر بە یەکتری بیکەن، ئەوە مافێکە بۆ هەموویان.

هەر سەبارەت بەوەی کە ئەگەر شیعرێکمان هاتە بەردەست و لێمان بپرسن ئەو شیعرە هی کێیە وڵامێکی تا ڕادەیەک ئازاربەخش هەیە کە بێ دوو دڵی ناچارین بڵێین هی هەموویانە!
ئەوە ئاسان و قبووڵکراو نییە بۆ خوێنەری ئێمە کە بەدوای دەقی تازەدا دەگەڕێت و زمان دەزانێت و دەزانێت ئەدەبیاتی گەلان لە چ ئاستێک دایە و مەبەستیەتی جیاوازی یان ئاستێکی باڵا لە نێو ئەدەبیاتی کوردی بە دیاریکراوی شیعردا بدۆزێتەوە، جیاواز بوونیش ئەو جۆرەیان نەبێت کە هیچ هونەرێکی تێدا نییە، دەبێت ئاگاداری ئەوەبین کە خدر بێگەڵاسیش لە نێو دەنگبێژانی کورددا جیاوازە بەڵام دەپرسم جیاوازی بێگەڵاسی هیچ ئیزافەیەکی بۆ هونەری کوردی پێبووە؟ بێگومان نەخێر.

کەوایە جیاوازبوون دەبێت بەو جۆرە بێت کە خوێنەرێک دەتخوێنێتەوە نائومێد نەبێت، تۆ دەبێت باکگراوند و خوێندنەوەیەکی باشت هەبێت بۆ جیاواز نووسین کە سەبارەت بە خوێنەریش قسە دەکەم مەبەستمە بڵێم باسی ئەو خوێنەرە دەکەم کە ڕۆشنبیرییەکی باڵای هەیە و نووسەر دەتوانێت تەنانەت بۆ سەرنجوەرگرتن لەبارەی نووسینەکانی ڕاوێژی پێ بکات.
کێشەیەکی تر ئەوەیە کە شیعری کوردی، شیعری کوردییە و شاعیرانیش بەوە ڕازین کە ئەوە بە بڕوای من هەلەیە و دەبێت شیعری کوردی شیعری جیهان بێت.

شاعیرانی ئێمە ژیانی خۆیان فەرامۆش دەکەن کاتێک دەنووسن، لەکاتێکدا گرنگترین کەرەستە بۆ نووسین ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا دەژیت.

شاعیرێکم دەناسی شەوێک ویستی باوکی خۆی سەرببڕێت، خۆشبەختانە لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو و پۆلیس دەستگیریان کرد.
کە بەڕەڵایان کرد، بینیم و گوتم بیکە بە نووسین، هەر چەندە هونەری شیعر نووسینی نەدەناسی بەڵام دەیتوانی لە نووسیندا ڕاستگۆبێت کە بەداخەوە ئەوەی نەکرد.
لە نێو شاعیرانی ئێمەدا تەنیا ئەوکاتە هەست دەکەن کەرستەی باشیان لەبەردەستە بۆ نووسین کە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا شکست دەهێنن یان کە دەچنە پەیوەندییەوە جیاوازی نییە، ئەوە جگە لەوەی کەرستەیەکی سواوە(بەو جۆرەی ئەوان دەینووسن) کە دەشیانخوێنینەوە وا هەست دەکەین تەواوی پیاوە شاعیرەکانی ئێمە لەگەڵ یەک خانمدا پەیوەندیان هەبووە، چیرۆکەکان و داڕشتنەکانیان یەک جۆرن.

هەرچەندە جاروبار لێرە و لەوێ دەنگێکی شیعری دەدۆزینەوە کە خاوەن دنیابینینی خۆی بێت بەڵام دیسان ماندوو دەبین تا ئەو دەنگە سەرهەڵدەدات و گەشەیەکی هونەریی سەربەخۆ پیشان دەدات.
لە نێوان ساڵانی دووهەزار و شەش و حەوتەوە تا ئەمڕۆ کە دەکاتە چواردە پانزە ساڵ و من بە وردی ئاگاداری ئەو قۆناغەی شیعری کوردیم، ئەگەر هەولێر بە نموونە وەربگرین، دەتوانین دەست لەسەر شیعری ڕێبین خدر دابنێین وەک دەنگ و فۆرمێکی جیاواز دەرکەوتبێت، ئەوەش هیچ دڵخۆشکەر نییە بۆ شارێکی گەورەی وەکوو هەولێر، ئاخر لە نێوان سەدان کەس کە دەنووسن دانەیەکی زیندوو هەبێت واتا ئەو شارە لەڕووی شیعری داهێنەرانەوە شارێکی مردووە.

من باسەکەم سەبارەت بە شیعرە بەڵام گومانم نییە بۆ چیرۆک و ڕۆمانیش هەر وایە، ڕەنگە خراپتریش بێت.

شەوێکیان لەو شەوانەی لە پەنجەرەی هۆڵی پێشوازی هۆتێڵەکە تەماشای دەرەوەمان دەکرد کە باران بە خوڕ دەباری، پیاوێکی عەینەکلەچاو هاتە ژوورەوە حەمە مەنتک گوتی ئەوە سامی هادییە، گوتم نووسەرە، گوتی شاعیرە. هەوڵم دەدا لانیکەم چەند شیعرێکی بخوێنمەوە، بۆم گرنگ بوو بزانم لە کوێدا جیاوازتر بیری لە نووسین کردووەتەوە و لە کوێدا ئەوانی تر نییە، هەر ئەو شەوە چەند شیعرێکی سامی هادیم بە ئاسانی دەست کەوت بەر لەوەی بخەوین خوێندمەوە، بە خۆێندنەوەی شیعرەکانی سامی هادی دڵخۆش بووم، شاعیرێکم ناسی شێوازێکی سەربەخۆی هەبوو لە زۆر ڕووەوە، زمانێکی ڕوون و بێ خۆئاڵۆزکردنی هەبوو.

شار لە شیعری سامی هادیدا بە پێکهاتەکانی خۆیەوە ناسراوە.
ئەوەی سامی هادی بخوێنێتەوە دەزانێت ئەو شاعیرە، سینەما بەباشی دەناسێت و تێکەڵاوییەکی باشی لەگەڵ هونەر و ئەدەبیاتی گەڵاندا هەیە چونکە بە ڕوونی هەست بەوە دەکەیت کاتێک دەیخوێنیتەوە، ئەوەم پێشتر لە شیعری شاعیرانی تری کورددا بە دەگمەن کەوتبووە بەرچاو.

سامی هادی بینینێکی وردی هەیە و دەزانێت لە کوێدا وردەکارییەکان پێویستن لە شیعردا بکرێن پێچەوانەی شاعیرانی هاوتەمەنی خۆی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کتێبێکی تازەی سامی هادی لە دەزگای باڵندە بۆ بڵاوکردنەوەی شیعر چاپ و بڵاو کرایەوە بە ناونیشانی (بەلەمی نادیار).

لە کاتێکدا کە ئەدەبیات شۆڕ بووەتەوە بۆ ئاستێک کە هیچ قووەتێکی هونەریی تێدا نەماوە ئەم شیعرانەی سامی هادی گرنگن.

ئەو کتێبە تازەیەی سامی هادی ئەگەرچی بە بۆچوونی من کتێبێکی زۆر باشە هێشتا لە هەندێک لە شیعرەکاندا مەبەستی نەبووە لە هێڵە گشتییەکەی شیعری کوردی دەربچێت، لە نیوان ئەو زمانەی کە شیعری نوێی پێ دەنووسرێت و ئەو زمانەش کە هاوتەمەنەکانی خۆی شیعری پێ دەنووسن، خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، هەردوو شێوازەکەی شیعر هەست پێ دەکەیت لە کاتی خوێندنەوەدا بۆ ئەوەش ڕەنگە شاعیر، لەو ڕووەوە بیری کردبێتەوە کە ویستبێتی هەردوو ئاراستەکەی شیعری کوردی ڕازی بکات بەڵام ئەوە لە ئاستی شیعرەکانی سامی هادی کەم نەکردووەتەوە بە پێچەوانەوە هێندە گرنگی بە وێنەسازی داوە مەجالی نەهێشتووەتەوە بۆ منێک کە بمەوێت ڕەخنەیەکی بابەتیانەی لەبارەوە بنووسم.

لە نیوان ئەو جیلەی کە سۆشیال میدیا هێشتا ڕازی نەکردوون و ئەو جیلەش کە سۆشیال میدیا ئاراستەیان دەکات چەند دەنگێکی شیعری پەراوێز و دابڕاو هەن کە بە ژماردنیان پەنجەکانی دەستێک تێپەڕ ناکەن، سامی هادی لەو دەنگانەیە و من پێموایە ئەوان بابەتە درووستەکەی شیعری باشن.

سامی هادی کەم دەنووسێت، ماوەی چەند ساڵ جارێک کتێبێک چاپ دەکات بەڵام بە وریاییەوە. دەکرێ ناو لەو ئەزموونەی ئەو بنێین ئەزموونێکی سەربەخۆ.