پاکیزەکانی شنگال
نوسینی: شەماڵ بارەوانی
پاکیزەکانی شنگال“عذراء سنجار” یەکەم ڕۆمانی عێراقی و عەرەبیە باس لە نەهامەتی و تراژیدیای منداڵ و پیر و پیاو کوڕو کچ و ژنە ئێزدیەکان بکات لەسەر دەستی تاریک پەرستان و تیرۆرستانی داعش.
دوومین ڕۆمانە بیخوێنمەوە لەسەر کارەساتی شنگال و بەر لەو ڕۆمانە،ڕۆمانی (لالەکانی شنگال)یشم خوێندەوە کەنووسەرەکەی باس لە نەهامەتی و تراژیدیاو کۆمەڵکوژی شنگالیەکان و کوردانی ئێزدی دەکات.
هەرچەند بەبۆچوونی من لەوکارەساتەمەزنەی بەسەر کوردانی ئێزیدی داهات ،لەتوانای هیچ کارێکی ئەدەبی و قەڵەمێکدا نییە بتوانێت هەموو ئەوەی بەسەر شنگال و ئێزدیەکانداهات،
بەتەواوی و وەک خۆی بیانخاتەڕوو و قەبارە و حەجمی ئەو تراژیدیا خوێناوی و کۆکوژیەگەورەیە نیشانی خوێنەربدات و لەدوو توێی ڕۆمانێکی ٤٠٠لاپەڕەیی و چەند سەت لاپەڕەییدا حەقی خۆی پێبدات.
وەڵێ نووسینەوەی ڕووداوگەل و چیرۆکی تراژیدیکیانەی لەو شێوەیه، خەفەتاوی ناخ هەژێن و پڕ لەئازار و فرمێسک ،لەقاڵبی کارێکی ئەدەبی و لەبەرگی ڕۆماندا، کارێکی تا بڵێیت پیرۆز و،پێتڤی و گرنگە،
( پاکیزەکانی شنگال)
ڕۆمانێکی مام ناوەندەو لە٤٠٨لاپەڕەپێک دێت،
نووسەر(وارد بەدر ئەلسالم) بەزمانێکی جوان و بەرز، خەیاڵ و واقعی تێکهەڵکێشکردووەو لەڕێگای کۆمەلەک کارەکتەری سەرەکی و لاوەکی بەژداربووی شاکارەکەی چیرۆکە تراژیدیاکانمان بۆدەگێڕێتەوەو کارەسات و ڕووداوە بەسوێکان دەخاتەڕوو و لەو ئازار و ناسۆری و موعانات و ناخۆشی و ئیبادەو تاڵیانەدەدوێت کە کوردانی ئێزدی، لەسەر دەستی شەمشەمەکوێرەکانی بیابان ڕووبەڕووی بوونەوە،
پاکیزەکانی شنگال شایەنە بکرێتەفیلمێکی سینەمایی و بەژداری فێستیڤاڵە جیهانی و نێودەوڵەتیەکانی پێ بکرێت ،
ڕۆمانێکە بەقوڵی دەچێتە ناو موعانات و ئازارەکانی کوردانی ئێزدی و لەو کارەسات و تراژیدیایانەدەدوێت کە لای ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ڕووبەڕووی بوونەوە، نووسەر بەوردی تشک دەخاتە سەربرینەکان ولەو تاوانانە دەودێت کە ئەو ڕێکخراوە تیرۆرست و هۆڤیەلەدەرحەقی خوشک و برایانی ئێزدیمان ئەنجامیان دان،ئەو ڕێکخراوەی لەدەرەوەی مێژوو و شارستانیەت و ڕێبازی مرۆڤ بوونە،
ئەو ڕێکخراوەی کە بەربەریترین چینن مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبووبێتن و زەوی لەخۆی گرتبووبن،گروپێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ، نموونەیان نەبووە لەدڵ ڕەقی و خوێن ڕێژی و وەحشی گەرێتی و ئەنجامدانی کاری قێزەون و نامرۆڤانەو هۆڤانە، گرووپێکی داچۆڕاو لەهەموو مۆڕاڵ و پڕەنسیپ و بەهایەکی ئینسانی و خاوەنی نزمترین ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاری، گرووپێکی دۆگمایی و چەقبەستوو داخراو ،گرووپێک هەڵگری ترسناکترین دید و فاشیسترین ئایدولۆژی،
گرووپێکی سەربڕ و خوێن ڕێژ و تێنوو بەخوێنی کەلە سەری بەنیادەم، گروپێک چێژ لەکوشتن وئەتکردنی مرۆڤ دەبات،گرووپێکی توندئاژۆ و لێوان لێو لەهەمەجیەت و ناشیرینی،گرووپێکی تاسەرمۆخی یەسقان پەڕگیرو فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی تاریک بیر، تاقمێک قێزەونترین تاوانی ئەنجامدا لە بەرامبەر کوردانی ئێزدی کرد، لەکوشتن و بەکەنیزەو کۆیلەکردن و جینۆسایدو داگیرکردنی خاکو ماڵ و شەڕەف،ڕێکخراوێک هەموو ناشیرینییەکانی فاشییەت و نازییەتی تێپەڕاند لە کارە وەحشیگەریەکانی و تاوانەقێزەونەکانیداو ڕووی مۆسۆلینی و،هیتلەری سپی کرد!
گروپێکی سەرلێ شێواو لادەر لە بنەماکانی تۆلەرەنس و پێکەوەژیان،گرووپێکی شۆڤێنی و فاشیست و ڕاسیزم،گرووپێکی نەخۆشی بارگاوی بە ڕق و کینە،گروپێکی ئایدۆلۆجیا ڕەشی دڵ ڕەش و مێژوو ڕەش و بەرگ ڕەش و تێڕوانین ڕەش،گرووپی ئەتکردنی مرۆڤ و بێ ڕێزیکردن بەژیان، گرووپێکی سادیک، چێژ لە سوتاندن و بەکۆیلەکردن و بەکەنیزەکردنی مرۆڤ و کردەوەی تێکدەرانەو کاری تیرۆرستی دەبات،گروپێکی داوێن پیس و ئارەزووباز، گروپێکی بێ مۆڕاڵ و خاڵی لە ئەخلاق، تەنها لەڕوانگەی حەزی سێکسی و ناوگەڵیانەوە لەژن و کچ دەڕوانن و مێ تەنها وەک پاشکۆی پیاو ئامێری خۆخاڵی کردنەوەو جاریەوخزمەتکاری نێردەبینن،گرووپێکی جەلاد، سەتان دایک و کچ و خوشکی ئێزدی پاکیزەی ستەم دیدەی بێ تاوانیان دەست بەسەرداگرت و لە بازاڕی بێ ڕەوشتی بەربەریانەی خۆیان لە ڕەقەو موسل کڕینی و فرۆشتیان پێوەدەکردن و دوور لەهەموو بەهایەک دەست درێژیان دەکردەسەریان و وەک کاڵایەکی مادی بێ گیان و ڕۆح ئەو دەست و ئەم دەستیان پێدەکردن و مامەڵەیان دەکردن، ئەو بێ ڕێزی و سوکایەتی و کارەقێزەونەشیان ناونابوو سێکسی پیرۆز و ئایینی خواو سونەتی پێشینان، دەبێ چ ئایین و ئەخلاق و ویژدانێک هەبێت بەو شێوەهۆڤانەیە پشت بکاتەمرۆڤ بوون و بەهاکان و ڕێگە بەخۆی بدات ئەو کارە هۆڤانەیە لەدەرحەقی خەلکانێک ئەنجام بدرێت بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت، بسوتێندرێن و دارکاری بکرێن و سەرببڕێن و بکرێنە کەنیزە کۆیلەو ژن لەمێردەکەی و کچ لەدایک و باوک و خوشک و براکانی و دایک لەهاوسەرو منداڵەکانی جیابکرێتەوەو بکرێن بە بارمتەو ژێردەستەو جاریەی موتعەو حەزە نەگریس و قێزەونەکانی کۆمەڵێک مرۆڤی نامرۆڤ و لادەرو نەخۆش و سادیک و بێ مۆڕاڵ ،کەناویان لەخۆیان ناوە سێبەر و نوێنەر و شمشێر و جوندی خواو پەپەپولەکانی بەهەشت و پاسەوانانی دەرگای دۆزەخ!
ئێزدیەکان بەدرێژایی مێژوویان زیاد لەهەفتاجار ڕووبەرووی فەرمان و کۆکوژی و دەربەردەری بوونەتەوە،زێدیان وێران و دیموگرافیایان گۆڕدراو خاکیان داگیرکراوەو بەتەعریبکراوە، دووایینیان لەسەردەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بوو،
ئێزدیەکان هەزارو چوارسەت ساڵە باجی دەستگرتنیان بەکولتوورو ئایینی باوباپیران و ڕەسەنێتی بوونیان دەدەن،
هەرجارەو لەلایان تاقمێکی و جەلاد و هۆڤی و ڕێکخراوێکی لادەری فاشیست و فاندەمێنتالیزم و بەڵتەجی خەلافەتی جەهالەت و کۆنەپەرستی بەبیانووی کافربوون هێریشیان دەکرێتەسەرو داوایان لێ دەکرێت دەستبەرداری مێژووی میترایی و ئایینی ئێزدایی و یەکتاپەرستی و تیشکی ڕووناکی خۆر و،بن و بەزۆر و لەژێر هەڕەشەی شمشێری جەهالەت و هێزی تاریک پەرستی بچنە سەر مەزەبی سەر بڕین و، بەکۆیلەو کەنیزەکردنی مرۆڤ و باوەڕ بە کلتووری بیابان و یاسای بەردبارانکردن بێنێن و ئایینەکەیان بگۆڕن و ببنە هەڵگری هەمان ئایدۆلۆژیا خورافی و، دۆگما و بەربەریەکەی ئەوان،.گەرنا دەکرێن بە دەستکەوت و غەنیمەی جەنگی پیرۆز و داگیرکاری و، بەسەر سەربازەکانی ڕێگای نەزانی و تاریکیدا دابەشدەکرێن و ئەتکدەرێن و ماڵیان دەدزرێت و خاکیان داگیردەکرێت و کۆجۆ ئاسا گولەباران و کۆمەڵکوژو جینۆسایددەکرێن.ئەو بەربەریانەی لەنکاو پەلاماری ئێزدیەکان و شاری شنگالیاندا،وشاری شنگالیان لەشاری زەیتون وهنجیرو خۆر و ئێزداوە، کرد بە شاری مەرگ و ئەهریمەن و وێرانە،شاری کوشتارگەو ئەتکردن،تێیدا دنیایەک کردەی تیرۆرستانە و کاری بەربەریانیان ئەنجامداو سەتان و،هەزاران پاکیزەی ئێزدایی و پەپولەی ئێزدی ئەتکران و خۆری میترایی بۆماوەیەک کوژێنرایەوە،
ماوەتەوەبڵێم
پاکیزەکانی شنگال
خەم نامەو
داستانێکی تراژیدی کوردانی ئێزدیە،
ئەو کوردانەی لەو زیاد لەهەفتا فەرمانەی بەسەریانداهاتووە
چی نەما لەتاڵی و ئازار وتراژیدیا نەیچێژن،لەبەردەم بێدەنگی وبەبەرچاوی هەموو دنیا،وەک درامایەکی ترسناک و تۆقاندن سەیری ئەو فیلمەیان دەکرد،کە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەشنگال و بە بەژداری جەلادەدڵڕەقەکانی خۆی لەنموونەی حەجی خان ئەفگانی، ئەبی عائیشە، سوهەیب و خورشیدلکوردی و سەتان و هەزاران جەلادو هۆڤیتر و ئێزدی قوربانی و بەستەزمان و بێ تاوانەکانی لەنموونەی سەربەست (ئازاد) ،نالین،نیشتمان، عیدۆ،شیرین،عەڤدال ،دلشاد وسالار تاد... درووستی کرد،
ئیدی مافی خۆیانە دڵیان لەتەواو مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوون و ژیان و هەموو شتێک بشکێت و چیتر باوەڕ بەو درووشمە زل و بێ ناوەڕۆک و بریقەدارانەی کۆمەڵگەی نێودوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و،ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەکەن.
..