"دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلی بە عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 23/01/2019

ڕەخنەی چاودێر

ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلی لە لایەن وەرگێڕێکی بەغداییەوە لە زمانی فارسییەوە کراوە بە عەرەبی و بڕیار وایە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لە لایەن چاپخانەیەکی کوەیتییەوە بچێتە چاپەوە و دواتریش بڵاو بکرێتەوە.


مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی دیاری کورد کە بۆ زمانی فارسی و بە پێچەوانەوە وەرگێڕان دەکات و بەشێکی بەرچاوی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی و نووسەرانی تری کوردی کردووە بە فارسی، بە "ڕەخنەی چاودێر"ی ڕاگەیاند، ئەو کارە لە سەرەتای بەهاری ساڵی ڕابردووەوە قسەی لێ کراوە و ئێستاش کارەکانی تەواو بووە و تەنها چاپکردنی ماوە.


وەرگێڕی ڕۆمانەکە غەسان حەمدانی بەغداییە و ڕۆمانەکەی لە فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. غەسان حەمدانی، وەرگێڕێکی دیاری عەرەبییە و زیاتر لە بیست کتێبی لە فارسییەوە کردووە بە عەرەبی و نزیکەی دە کتێبیشی لە عەرەبییەوە کردووە بە فارسی. ئەو وەرگێڕە کۆبەرهەمی سادقی هیدایەت، سوهرابی سپهری و خیامی کردووە بە عەرەبی و هەڵبژاردەی لە شیعرەکانی ئەحمەدی شاملو، فروغی فروخزاد و چەندان نووسەری تری فارسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی.


هەڵەبجەیی وتیشی: "٢٥ ساڵە کاک بەختیار عەلی دەنووسێت و جیهانگیریترین نووسەری ئێمە بووە لە باشوور، بەڵام وەرگێڕێک نەهاتووە لە زمانی کوردییەوە بیکات بە عەرەبی، جا بە هەر هۆکارێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بێت یان هۆکاری تەکنیکی کە وەرگێڕێکمان نەبووە بتوانێت وەرگێڕان بکات بۆ زمانی عەرەبی، دیارە ڕیشەکە کۆنترە و لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە ئێمە ڕۆمانمان بە عەرەبی و لە چاپخانە و بڵاوکراوەیەکی گرنگی عەرەبی بڵاو نەکراوەتەوە و کاریگەری و دەنگدانەوەی هەبێت، ئەمەش کێشە و پرسیاری گەورەیە کە سەدان ساڵە لەگەڵ نەتەوەیەکدا دەژین و دەبووایە ئێستا هێندە وەرگێڕمان هەبووایە کۆمەڵە کتێبێکمان هەبێت بە زمانی عەرەبی."


"دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلی جگە لە زمانی فارسی، کە مەریوان هەڵەبجەیی وەریگێڕاوە، بۆ زمانەکانی ئەڵمانی، ئیتاڵی وەرگێڕدراوە و بڕیارە وایە بە زمانی فەڕەنسیش بڵاو بکرێتەوە و دەنگدانەوەی باشیان هەبووە.


"جێگەی نیگەرانییە بە ئەڵمانی و فارسی و ئیتاڵی و چەند زمانێکی تر ڕۆمانەکانی کاک بەختیار هەبن، بەڵام بە عەرەبی نەبێت کە ٢٣ وڵاتن و خۆشمان لە وڵاتێکداین ئەکسەرییەتی عەرەبە." مەریوان هەڵەبجەیی وای وت.


ساڵی پار، بەختیار عەلی لە بەرامبەر وەرگێڕان و دەنگدانەوەی هەر دوو ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا" و "شاری مۆسیقارە سپییەکان" خەڵاتی نیلی زاکسی لە ئەڵمانیا وەرگرت.


ئەو وەرگێڕە وتیشی: "غەسان حەمدان وەرگێڕانە فارسییەکەی منی بە دڵ بوو، کاک بەختیاریش بینیویەتی و بە ڕەزامەندیی کاک بەختیار کراوە، ئەو بەشانەی کە لە فارسییەکەشدا سانسۆر کراوە من هەموویم خستووەتەوە بەردەم ئەو وەرگێڕە و لەم ماوەیەشدا دێتە سلێمانی کە وەرگێڕێکی زۆر باشی بەغداییە و دەیەوێت سەرجەمی کارەکانی کاک بەختیار بکات بە عەرەبی."