سەدر دەست بەسەر دەوڵەتی عێراقدا دەگرێت
سیناریۆكانی داهاتووی عێراق
چاودێر:
خۆپیشاندانەكانی رەوتی سەدر و مانگرتنەكانی نێو ناوچەی سەوز و پەرلەمان بەردەوامن، چوارچێوەی هەماهەنگیش دوای خۆپیشاندانەكەی دوێنێ داوای چۆڵكردنی پەرلەمان دەكەن، چەند سەرچاوەیەكیش پلانی سەدر بۆ قۆناغەكانی داهاتوو لە كۆنترۆڵی دەوڵەت لە بەغدا ئاشكرا دەكەن.
شەوی رابردوو رەوتی سەدر داوای لەخۆپیشاندەران لە پارێزگاكانی دیكەی جگە لە پایتەخت كرد كە كۆتایی پێ بهێنن و بگەڕێنەوە بەغدا لە پەرلەمان درێژە بە مانگرتن و خۆپیشان بدەن.
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە سەدر بۆ ئاژانسەكانی هەواڵیان ئاشكراكردووە سەدر پلانی داناوە بۆ قۆناغی نزیكی ئایندە ئەویش دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی دەوڵەتە لە بەغدا بەتایبەت دوای دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بەتایبەت كە هێزە چەكدارەكان ئاسانكاری زۆریان بۆ خۆپیشاندەرانی سەدری كردووە، بەڵام دوێنێ رێگەیان نەدا كە خۆپیشاندەرانی هەماهەنگی بچنە ناوچەی سەوزەوە.
سەرچاوە نزیكەكان دەشڵێن سەدر بە نیازی گۆڕان و هەمواری دەستووریشە، ئەمەش كراوەتە خواستی سەرەكی خۆپیشاندەرانی سەدری.
ئەم هەڵوێستانەی سەدر نەك نەیارەكانی بەڵكو دۆستەكانیشی بەدگومانكردووە، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كە هاوپەیمانی سەدرە رایگەیاند دەستوور بە رێگای خۆی هەموار دەكرێت نەك مەزاجی كەسی.
لای خۆیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند راگەیاندراوێكدا داوای چۆڵكردنی پەرلەمانیان لەلایەنگرانی سەدر كرد تا پەرلەمان بگەڕێتەوە بارە ئاساییەكەی خۆی.
هاوكات هەمواكردنەوەی دەستووریشیان رەتكردەوە لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان و گوتیشیان نابێت لایەنێك خۆی بسەپێنێت.
چاودێران دەڵێن گردبوونەوەكەی ئێوارەی دوێنێی هەماهەنگی گەیاندنی پەیامێك بوو بۆ سەدرییەكان كە ئەوانیش جەماوەریان هەیە و توانای جوڵاندنی جادەیان هەیە لە كاتی پێویست، بۆیە خوازیارن سەدر بێتە ژێر باری گفتووگۆ و رێككەوتن لەگەڵیان.
چاودێران پێشبینی دوو سیناریۆ دەكەن بۆ رەوشەكە ئەوانیش دروستبوونی پێكدادان لەنێوان جەماوەری هەردوولا لە حاڵی سازش نەكرد بۆ یەكدی و شەڕی نێوخۆ، یان سەركەوتنی سەدر و پلانەكانی، چونكە ئەوە یەكلابووەتەوە جارێكی دیكە سەدر نە گفتووگۆ لەگەڵ هەماهەنگی دەكات و كابینەیان لەگەڵ پێكدەهێنێت، نە رێگاش دەدات هەماهەنگی بە خواستی خۆیان كابینە پێكبهێنن.
لای خۆشیەوە ئیبراهیم جابری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەدر لە بەغدا گوتی: هیچ شتێك بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە تا گفتووگۆیان لەگەڵدا بكەین، ئەم خوولەی پەرلەمانیش كۆتاییهاتووە، جارێكی دیكە تازە ناگەڕێینەوە پێش خۆپیشاندانەكان.