ئامادەكاری بۆ جەنگی گەورەی دوو دەوڵەت لە رۆژئاوا دەستیپێكرد

ڕاپۆرت 27/07/2022

چاودێر:
ئامادەكاری بۆ جەنگی گەورەی نێوان سووپای توركیا و سووریا لە رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكرد، جەنگێك لە نێوان دوو سووپای بەهێزی ناوچەكەدایە، توركیا ئەندامێكی بەهێزی ناتۆیە و سووپای سووریاش هەرچەندە ماندووی شەڕی نێوخۆی زیاد لە 10 ساڵی رابردووە، بەڵام هێشتا نازناوی بەهێزییەكەی هەرماوە.

بەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی سووریا لە راگەیەندراوێكدا گوتی: دوای گرژییەكانی چەند رۆژی رابردووی باكووری سووریا هێزەكانمان ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێكی سووپای توركیا و گروپە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی.

ئەم راگەیەندراوە دوای ئەوە هات لە چەند رۆژی رابردوودا سووپای توركیا هێرشی چڕی كردە سەر ناوچەیەكی باكووری سووریا بەتایبەت پێگەكانی سووپای سووریا كە نزیكەی 20 كوژراو و برینداری لێكەوتەوە لە ریزەكانی سڤیل و سەربازی لەنێویاندا سەرباز و پلەداری سووپای سووریا، پلەداری هێزەكانی سووریای دیموكرات.

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ دەڵێن لەنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە دوای راگەیاندراوەكەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی سووریا، سووپای ئەم وڵاتە چەك و كەرەستەی سەربازی و هێزی زۆر بۆ سنورەكانی بەرەی پێشەوەی جەنگ لەگەڵ توركیا رادەگوێزێت.

هاوكات چاوەڕێدەكرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ راگواستنی هێز بەردەوامی پێ بدرێت.

ئەمە لە حاڵێكدایە سووپای توركیا سوورە لەسەر ئەنجامدانی هێرشی سەر رۆژئاوای كوردستان و دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گوتی: باكووری سووریا بووەتە كانگای گرووپە تیرۆرستیەكان، دەبێت رووسیا و ئێران وەڵامیان هەبێت.

دوای شكستی ئەردۆغان لە لوتكەی تاران بۆ رازیكردنی مۆسكۆ و تاران بە هێرشی سەر رۆژئاوا، ئێستا چاوەكان لەسەر كۆبونەوەی سووچین كە بڕیارە لە رۆژی 5ی ئاب لەنێوان پووتین و ئەردۆغاندا بەڕێوەبچن، بەڵام بە دوور دەزاندرێت پووتین گڵۆپە سەوزەكە بۆ ئەردۆغان هەڵبكات.