ئیخوانەكان بەرامبەر كۆمەڵكوژییەكەی ئەردۆغان لە زاخۆ بێدەنگبوون
چاودێر-
رەوتی ئیخوانەكان لە زۆرینەی ئاستەكانیانەوە بەرامبەر رووداوی كۆمەڵكوژییەكەی گوندی گەشتیاری پەرەخی زاخۆ لەلایەن سووپای توركیاوە بێ دەنگیان هەڵبژاردن، ئەمە حاڵێكدا رووداوەكە بووە جیهانی و سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش تاووتوێی دەكات.
بڕیارە سبەی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر خواستی حكومەتی عێراق تاووتوێی كۆمەڵكووژییەكەی زاخۆ بكات.
عێراق لەسەر ئاستی حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و پەرلەمان و وەزارەتەكانی دەرەوەو بەرگری و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە توندی كاردانەوەیان بەرامبەر ئەم كۆمەڵكوژیە نیشان دا لەگەڵ زۆرینەی حیزبەكاندا، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش ژمارەیەك وڵات لەوانە ئەمریكا و بریتانیا و هوڵەندا و ئێران و میسر و كۆمكاری عەرەبی كاردانەوەیان نیشانداوە.
ئەوەی لەمبابەتەدا جێگەی پرسیاری شرۆڤەكارانی سیاسی بووە، بێدەنگی یان لاوازی دەنگی گرووپ و لایەن و دەوڵەتەكانی هەژماركراو لەسەر رەوتی ئیخوان بوو.
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانەوە یەكگرتووی ئیسلامی كە لەسەر رەوتی ئیخوان حسابە هەرچەند راگەیەندراوی هەبووە، بەڵام لەمێدیای فەڕمی حیزبەكە كەناڵی سپێدە لەسەرەتای گەرمەی رووداوەكەدا گرینگی لە رادەبەری دا بە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی توركیادا كە هێرشەكەی خستە ئەستۆی پەكەكە و رایگەیاندبوو بەغدا كەوتووەتە ژێر گوتاری پەكەكەوە، لەحاڵێكدا بەبەڵگە بەغدا سەلماندی هێرشەكە توركیا كردوویەتی، بەڵام كەناڵەكەی یەكگرتوو خوازیاربوو لە رێگای پەیامەكەی توركیاوە بڵێت پەكەكە هێرشەكەی كردووە نەك توركیا.
هاوكات كەناڵی فەڕمی ئەو حیزبە كەمترین گرنگی بەم كەیسە داوە لە رۆژانی رابردوودا كەمترین هەواڵی لەسەر بڵاوكردووەتەوە و لە كەمترین شوێنیش باسی ئەوەی كردووە كە توركیا خەتابارە.
لەلایەكی دیكەوە كەسایەتی ئاینی عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان كە لە توركیا و قەتەر نزیكە و لە هەرێمیش لە یەكگرتوو بێدەنگی هەڵبژاردووە، لەحاڵێكدا بۆ بچوكترین رووداوی غەزە یان شوێنەكانی دیكەی جیهان كە پێوەندی بە ئیخوانەوە هەبێت راگەیەندراوی خۆی هەیە.
لەسەر ئاستی مێدیای نێودەوڵەتیش كەناڵی الجزیرەی قەتەری بەهۆی نزیكی لە توركیاوە گرینگی بە رووداوەكە نەدا، لەحاڵێكدا رووداوەكە بووە بە جیهانی لە ئەنجوومەنی ئاسایش تاووتوێ دەكرێت و لە زۆر كەناڵی جیهانی گرینگی زۆری پێدراوە بەتایبەت كەناڵی العربیە و حەدەسی سعودی و سكاینیوزی ئیماراتی و چەندین كەناڵی دیكە.