پلان بۆ جەنگێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان دادەندرێت
چاودێر:
دەرئەنجامی لوتكەی تاران ئەگەرچی رێگری لە توركیا كرد لەشكركێشی بۆ نێو خاكی رۆژئاوا بكات، بەڵام پلانی بۆ جەنگێكی دیكە لەسەر خاكی رۆژئاوا دانا كە رەنگە كارەسات بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست بكات.
سەرچاوە ئاگادارەكان بڵاویانكردەوە بەرەی رووسیا هیچ رەزامەندیەكیان بۆ لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان نیشان نەداوە و لە گوتاری رێبەرانی ئەم دەوڵەتانەش رەنگی دایەوە.
بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، رووسیاو ئێران و سووریا و توركیاش هەموویان رێككەوتوون كە هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان دووربخەنەوە و لە گوتاری رێبەرەكانیشیاندا لە لوتكەی تاران رەنگدانەوەی هەبووە.
ئەمڕۆ چوار شەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سوورییەكەی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەمریكا بەشێكی دەوڵەمەندی خاكی سووریای داگیركردووە، دەبێت ئەمریكا لەو ناوچانەدا بكشێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان گوتی: دەبێت رێز لەسەروەری و یەكێتی خاكی سووریا بگیرێت و پارێزراو بێت.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سووریا بە توندی دژی هەر لەشكركێشییەكی توركیا وەستایەوە، گوتی: هیچ پاساوێك بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەنێوخاكی سووریادا لەلایەن توركیاوە نییە، ئەوە سیاسەتی بە تورككردنە، بەهیچ شێوەیەك قەبوڵناكرێت و داگیركارییە.
لە لوتكەی تاراندا لە گوتەكانی رێبەرانی ئێران و رووسیا دەركەوت كە خواستی گووشارهێنانیان هەیە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بەتایبەت كاتێك فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا رایگەیاند دەبێت ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ بن دەستی حكومەتی سووریا بگەڕێندرێنەوە و لە دژی سەربەخۆخوازەكان رابوەستن.
لای خۆشیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گوتی: دەبێت هەرئێستا هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات لە سووریا بچنە دەرەوە.
بە گوتەی چاودێران چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەدا رووسیا بە هاوكاری ئێران و سووریا هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ گووشارهێنان بۆ دوورخستنەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و گەڕاندنەوەی رۆژئاوا بۆ بن دەستی حكومەتی سووریا لە رێگای رێككەوتنێكەوە لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا.
لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی خۆسەرەوە شرۆڤەكاران دەڵێن ئیدارەی خۆسەر هیچ بوارێكی دیكەی نییە، ناچارە لەگەڵ دیمەشقدا پێكبێت، لەحاڵێكدا توركیا زۆر دژی رۆژئاوا بێت و بەردەوام لەسەنگەردابێت و رووسیاش پشتی دیمەشق بگرێت، كورد تەنها دۆستی كە هەیبێت ئەمریكایە، ئەویش هەڵوێستی ئاشكرای نییە.
لە یەكەم كاردانەوەی ئەمریكا بەرامبەر لوتكەی تاران، جۆن كێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گوتی: دەبێت ئێران خۆی ساغبكاتەوە یان بێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی یان لەگەڵ رووسیادا بێت كە كەنارگیركراوە، سەردانەكەی پوتنیش بۆ تاران دەرئەنجامی ئەو كەنارگیریەیە.