مالیكی خۆی بۆ جەنگی كۆتایهێنانی سەدر ئامادە دەكات
چاودێر:
بەشی چوارەمی تۆمارە دەنگییە نهێنیییەكانی نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا پەردە لەسەر پلانێكی فراوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كراوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانە كورد و سونەكانی ئامادە دەكات و بۆ ئەوەش پشت بە گرووپە چەكدارە شیعەكانی نزیك لە خۆی دەبەستێت بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕەكەی بەهێز لەبەرژەوەندی خۆی.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی العرب-ی لەندەنی ئەو تۆمارە دەنگییە ئەوە دەسەلمێنێت كە مالیكی خوازیاری شەڕی شیعی – شیعییە لە پێناو دەرچوون لەو چەقبەستووییەی لەگەڵ سەدر تێیكەوتووە، كە سەدر بە بكوژ و نەزان و ترسنۆك پێناسە دەكات.
مالیكی دەڵێت: عێراق لە لێواری جەنگی نێوخۆدایە، رزگاری نابێت لەو جەنگە تەنها بە كۆتایهێنان بە پرۆژەكەی سەدر و هاوپەیمانەكانی نەبێت، لە حاڵی شكستی ئەو پرۆژەدا عێراق رزگاری دەبێت، ئەگەر نەكرا، ئەوە وڵات دەچێتە بازنەی سوورەوە.
مالیكی هێرشی توندی كردووەتە سەدر و ئاشكراشیكردووە كە بە كازمی گوتووە سووپا و پۆلیس پشتیان پێ نابەسترێت، ناتوانن هیچ بكەن، متمانەیان پێ ناكرێت.
هەرچەندە مالیكی ئەم تۆمارانە رەتدەكاتەوە، بەڵام دەنگدانەوەی زۆری هەبووە بەتایبەت لەنێو نێوەندی شیعیدا و كاردانەوەی سەدریشی بەدواهاتووە.
سەدر بە لایەنگرانی گوتووە كە ناچنە نێو ئاژاوەیەكی نوێوە.
نوێنەری سەدر لەنوێژی ملیۆنی هەینی گوتی: نابێت ئەوانەی لە پێشدا ئەزموونیانكردووە دووبارە ببنەوە دەسەڵاتدار، داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكان و كۆكردنەوەی چەكی بۆ دەستی حكومەتیش كرد.
شرۆڤەكاران لەو باوەڕەدان ئەم جەنگە نوێیەی مالیكی و سەدر ئاشكرایە، سەدر ئەم شەڕە دەبەستێتەوە بە گەندەڵیی و بوونی مالیكیەوە، ئەوەی دووهەمیش نایشارێتەوە كە ئامادەكاری ستراتیژی دەكات بۆ رزگاربوون لە نەیارەكەی.
شرۆڤەكاران دەڵێن نێوەرۆكی بەشی چوارەمی تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی ئامادەیی ئەم سەركردەیە نیشاندەدات بۆ جەنگی نێوخۆی شیعی شیعی لەپێناو گرتنەدەستی رێبەرایەتی شیعەكانی عێراق و رێگانادات بە سەدر ئەو بەرپرسیارێتیە وەربگرێت، لەهەموو مەترسیدارتر بریتییە لە دانپێدانانی مالیكی بە بوونی گرووپی چەكداری خۆی و ئامادەبوونیان لە پلانەكەیدا، ددانیش نانێت بە سووپا و پۆلیس دا.
ددان نەنانی مالیكی بە پۆلیس و سووپا، واتای ددان نەنانە بە دەوڵەت بە گشتی، واتا كاركردنە بۆ دروستكردنی دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا، لەم پێناوەشدا حەشدی شەعبی دروستبووە، كە ئامانجی درستبوونی سووپای پاسەوانی شۆڕشی عێراقە هاوشێوەی سووپای پاسدارانی ئێران و لایەنگری تاران دەبێت و توانای كاردانەوەی توندی بەرامبەر حكومەت دەبێت لە حاڵی نەیارێتی بەرژەوەندییەكانی ئێران.