شەڕی ئەمریكا و رووسیا لە میحوەری تاران و ریازەوە دەستپێدەكات
چاودێر:
ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بەسەردانێكی فەڕمی دەگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی دەگرێتەوە، لەگەڵ كاربەدەستانی ئیسرائیلی و عەرەبستان و ئەنجوومەنی هاریكاری كەندودا كۆدەبێتەوە، هاوكات بڕیارە هەفتەی داهاتوو فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بگاتە تاران و لوتكەی ئەردۆغان و پوتین و رەئیسی بەڕێوەبچێت.
دەمێكە عەرەبستان و ئیماراتی عەرەبی هاواریان لێهەستاوە بەهۆی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی حووسییەكانی یەمەنی هاوپەیمانی ئێرانەوە، بەڵام ئەمریكا بەهانایانەوە نەچوو، بۆیە فەرمانڕەوایانی ریاز و ئەبووزەبی لە بێدەنگی رۆژئاواییەكان بەرامبەر هێرشی هاوپەیمانەكانی ئێران نیگەران بوو.
زۆری نەبرد سعوودییەكان رۆژیان هاتەوە، كاتێك رووسیا هێرشی داگیركاری سەر ئۆكراینی دەستپێكرد، نرخی نەوت ئاگری كردەوە تەنگەژەی بۆ زۆر بواری جیهان دروستكرد، ئەمریكا بە ناچاری پەنای بۆ عەرەبستان برد بۆ زیادكردنی ئاستی بەرهەمی نەوتی خاوی رۆژانە بۆ راگرتنی هاوسەنگی بازاڕی نەوت و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بە هۆی بایكۆتی بەرهەمی رووسیاوە دروست بووە.
هەرزوو سعودییەكان هەستیان بەوەكرد كە كاتی یارییە بەهێزەكەیە، بۆیە بە ئەمریكایان گوت نا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد ناكەن و لەنێوان رووسیا و رۆژئاوا بێلایەن دەمێننەوە.
ووردە ووردە ئەمریكا ناچار بوو بەدوای رێگای نوێدا بگەڕێت بۆ رازیكردنی سعودییەكان، باشترین كاریش رەواندنەوەی ترسی سعودییەكانە لە هێرشی حوسییەكان.
ئێستا ئەمریكا لە رێگای ئیسرائیلەوە كار دەكات بۆ بەستنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هەوایی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت كەنداو، ئەمەش هەلێك دەبێت بۆ رزگاربوونی سعودییەكان لە هێرشی حووسییەكان كە چەن ساڵێكە بە دەستیەوە دەناڵێنن.
هەرزوو كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای هەردوو وەزارەتی هەواڵگری و دەرەوە و سەرۆكی پەرلەمانەوە كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەم هەنگاوەی ئەمریكا نیشاندا، گوتی سەردانەكەی بایدن بۆ رۆ ژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵگەی گەڕانەوەی واشنتنە بۆ ناوچەكە بە ئامانجی بەنێوەندیكردنی ئیسرائیل.
ئێران گوتی: ئەمریكا هیچ نازانێت جگە لە ناشیرینكردنی ئێران و تێكدانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە، بۆیە ئێران ئامادەی دانوستانە لەگەڵ دراوسێكانیدا بەبێ دەستوەردانی لایەنی بیانی.
ئاماژەی بەوەشكرد بەستنەوەی سسیتمی بەرگری هەوایی ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبیی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەكە بە گشتی.
بەگوتەی شرۆڤەكاران ئەم هەنگاوەی رۆژئاواییەكان لە پێناو رازیكردنی عەرەبستان بە زیادكردنی بەرهەمی نەوت، دەبێتە ئاگری شەڕێكی نوێ لە ناوچەكەدا، چونكە بە ئێران بە ئاسانی بەم هەنگاوە رازی نابێت.
دوای سەردانەكەی بایدن بڕیارە رۆژی هەینی سەردانی سعودیە بكات و لە جەدە لەگەڵ بەرپرسانی سعودی و ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا كۆبێتەوە.
رووسیاش لەبەرامبەر هەوڵەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەستەوەستان نییە، ئەویش لە رێگای ئێران و توركیاوە خەریكە بەرەیەكی بەهێز دروست بكات.