ئەسەد و هەسەدە ئامادەكاریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سووپای توركیا دەستپێكرد
چاودێر:
دوای بەردەوامیدان بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی لەشكركێشی بۆ سەر باكووری سووریا و رۆژئاوای كوردستان، هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە و سووپای حكومەتی سووریا بە هاوكاری رووسیا ئامادەكارییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری لەشكركێشی توركیا دەستپێكرد.
بەپێی سەرچاوە هەرێمییەكان، لە دوێنێوە سووپای رووسیا 300 سەرباز و كەرەستەی سەربازی بە رێگای هێلیكۆپتەر رەوانەی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان كردووە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، هێزەكانی رووسیا لە شاری قامیشلۆ جێگیربوون بە ئامانجی بەهێزكردنی پشتێنەی بەرگری دژی ئەگەری لەشكركێشی توركیا.
لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی سووپای حكومەتی سووریا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هێزی زۆریان رەوانەی ناوچەكانی منبج و عەین عیسا هاوسنووری ناوچە داگیركراوەكانی بن دەستی توركیا و گرووپە چەكدارە توندڕۆ ئیسلامییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كردووە.
سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایانكرد، هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكومەتی سووریا رێككەوتوون بە هاوكاری و هاوبەشی یەكدی، پێش بە هەر هێرشێكی سووپای توركیا بگرن بۆ سەر سنوورەكە.
ئەم رێككەوتنەی هەسەدە و حكومەتی سووریا بە چاودێری و ئاگاداری هەردوو دەوڵەتی رووسیا و ئێران و لارینەبوونی ئەمریكاش كراوە.
لە دواین لێدوانیدا حوسێن عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی سەردانێكدا بۆ دیمەشق و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا گوتی: ئێران بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هێرشی توركیادا نییە بۆ سەر خاكی سووریا و بە توندی دژایەتی هەر جۆرە هێرشێك دەكات.
حكومەتی توركیا پلانی دەسپێكردنی هێرشێكی نوێی بۆ سەر رۆژئاوا لە مانگی رابردوودا دانابوو، بەڵام لە ژێر گووشاری رووسیا و ئەمریكادا دوای خست.
دوێنێ مەولوود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكدا گوتی: ئەمریكا بەردەوامە لە هاوكاریكردنی پەكەكە و پەیەدە، ئێمە چەند جارێك پێمانگوتون كە ئەو هاوكارییانە رابگرن، بەڵام رایاننەگرتووە.
ئۆغلۆ گوتی: ئێمە ئامادەكاریمانكردووە و لە نیوەشەوێكدا دەچینە باكووری سووریا وەك سەرۆك ئەردۆغان گوتویەتی، بۆیە ئێمە نە گوێ لە رووسیا نە گوێ لە ئەمریكا دەگرین، ئەو هێرشە دەكەین.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، حكومەتی ئەنقەرە سوورە لەسەر هێرشەكەی، بەڵام رەنگە لەبەرامبەر هێندێك داواكاریدا پاشەكشە بكات.