ئەمریكا جارێكی دیكە قەوارەی هەرێمی كوردستانی رزگاركرد

ڕاپۆرت 04/07/2022

ململانێی ناتۆ و رووسیا لە سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد

چاودێر:
   ململانێكانی خۆرئاوا- ناتۆ لەگەڵ رووسیا بە كردار گەیشتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی هێزە سەربازییەكانی عێراق بە خواستی رووسیا و ئێران نزیكبوون لە دەستبەسەرداگرتنی كێڵگە غازی و نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكوری ئەفریقا رایگرتن.
هەر لەو ساتەوەی باس و خواستی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ئەوروپا سەریهەڵدا، هەرزوو بەرەی رووسیا كە خۆی لە بەغدا و تاران دەبینێتەوە زنجیرە بڕیارێكیان دژی كەیسی نەوت و غازی هەرێم دەركرد لەرێگای دادگای فیدراڵی و كەیسەكەیان بە نادەستووری نێوبرد، هاوكات هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكانیان دەستپێكرد، هاوكاتی مووشەكبارانی راستەوخۆی ئێران و گرووپە شیعەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان.

مۆسكۆ و تاران و بەغدا نەیانشاردووەتەوە بە توندی دژی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانن بۆ ئەوروپا و توركیا وەك جێگرەوەی وزەی رووسی و هۆشداری توندیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە داوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێیان بۆ نەگرتوون.

بەپێی زانیارییەكان هەفتەی رابردوو سووپای عێراق بە نیاز بوون بە زەبری هێز دەست بەسەر كێڵگە نەوتی و غازییەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرن دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رەتكردەوە و هێزی پێشمەرگەشی جوڵاند بۆ بەرگری لە كێڵگە نەوتی و غازییەكان.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان ئەمریكا لە كاتێكی هەستیاردا هاتەسەر هێڵ، لە رێگای برێت مەكگۆك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقا پێوەندی لەگەڵ باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا و دەسەڵاتدارانی عێراق كردووە و ئاگاداری كردوونەوە كە دەبێت كێشەی وزەی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت و پەنا بۆ رێگەچارەسەی سەربازی نەبردرێت.

ئەم هەوڵەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكی نیوەشەوی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیشدا رەنگی دابووەوە پێوەندی لەگەڵ مەكگۆرك كردووە، دڵنیایی دا لە پارێزراوی كێڵگە نەوتی و غازییەكان و كارمەندەكانیان.

بە گوتەی شارەزایانی سیاسی هەرچەندە بەرەی رووسیا هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هەیە و بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی العرب كە هەفتەی رابردوو لە چاودێر بڵاوكرایەوە، رووسیا لە 2017وە دەستی بەسەر كەیسی وزەی هەرێمدا گرتووە، بەڵام هێشتا خۆرئاوا و ناتۆ سوورن لەسەر پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان كە لە دوای ساڵی 1991وە بە پشتیوانی ئەوان دروستكراوە.

دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەولێری پایتەخت لە 2014 و هێرشەكانی سووپای عێراق لە شازدەی ئۆكتۆبەری 2017، ئەمە جاری سێهەمە كە خۆرئاوا راستەوخۆ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ بەپێوەهێشتنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان.