رووسیا عێراق و ئێران دەكاتە گۆڕەپانی جەنگ

ڕاپۆرت 29/06/2022

چاودێر:

  كشانەوەی فراكسیۆنی سەدرییەكان لە پەرلەمانی عێراق هەلی دایە رووسیا كە رۆڵی كاریگەر لە عێراق و ئێران ببینێت وەك ناوچەیەكی ستراتیژی، بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لە ئێران ئەگەر بتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.

رووسیا گەڕایەوە سەر تەختەی شانۆی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر حسابی ئەمریكا، ئەوەش جموجۆڵەكانی لە عێراق و ئێران دەگرێتەوە.

لەناو ئەو جموجۆڵانەدا وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ گەورە كاربەدەستان و كەسایەتییە سیاسیی و سەربازییەكانی ئێراندا لەنێویاندا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆمار كۆبووەتەوە.

 ماڵپەڕی ئۆیل پرایس بڵاویكردەوە، كرێملن كەمكردنەوەی ئاستەنگەكانی لە ماوەی رابردوودا دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی قۆستوەتەوە بۆ پەرەدان بە زیادكردنی بوونی خۆی لە ئێران بەشێوەیەكی گەورە.

تەنها لە بواری وزە كۆمپانیاكانی رووسیا لەوانە گاز پرۆم و زارۆبیج و تانتفت رێكەوتنیان كردووە بۆ دەرهێنان و گەشەدان بە كێڵگە نەوتییەكانی ئێران، هاوكات كۆمپانیای لۆك ئۆیلی رووسی  و كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران رێكەوتنیان كردووە بۆ گەشەدان بە كێڵگەكانی ئاب تەیمور و مەسنوری لەنێوەڕاستی ئێران.

لەوانەش گرنگتر، مۆركردنی یاداشتێكە لەلایەن جێگری وەزیری نەوتی ئێران ئەمیر حوسێن زەمانیان و جێگری وەزیری وزەی رووسیا كیریل تسۆڤل كە 22 خاڵ لەخۆی دەگرێت لە توێژینەوە و پلانی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و غاز لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكانی پێترۆ كیمیایی و بە بازاڕكردن .

بەپێی ماڵپەڕی ئۆیل پڕایس لە دواین دیداردا لاڤرۆڤ و سەرۆكی ئێران تاووتوێی فراوانكردنی پێوەندییەكانیان كردووە لە تەواوی بوارەكاندا.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی ئامانج لەسەردانەكەی لاڤرۆڤ فراوانكردنی هاوكارییەكانە.

هاوكات سەرۆكانی رووسیا و ئێران تاوتوێی پێدانی سیستمی مووشەكی ئێس 400 و فڕۆكەی سوخۆی-35 بە ئێران كردووە.

چاودێران بەدووری نازانن رووسیا هەمان رۆڵ لە عێراق ببینێت، بۆیە لەبەرژەوەندی نییە سەدر كابینەیەكی بەهێز و سەربەخۆ دروست بكات و سنوور بە دەستی دەرەوەیی دابنێت.

بە پێی راپۆرتی ئۆیل پرایس كێشەی سەدر ئاستەنگكردنی چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئەمە رووسیاش دەگرێتەوە، چونكە سەدر سنوور بۆ دەستوەردانی دەرەوە دادەنێت.

بەپێی سەرچاوەكان رووسیا دەستی بەسەر كەرتی نەوتی كوردستاندا گرتووە لە 2017وە، بۆیە هەوڵی فراوانكردنی هەژموونی خۆی لەباشووریش دەدات.

هاوكات ئێران  و  عێراقیش هەنگاوی نوێیان ناوە بۆ فراوانكردنی پێوەندیی و هاوكارییەكانیان.