​ ناكوكی توند لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرهەڵدەدات

ڕاپۆرت 27/06/2022

چاودێر:

ناكۆكی توند لەنێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا سەرهەڵدەدات، بەشێكیشیان لەگەڵ پارتی و حەلبووسی لە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ نزیك دەبنەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتی: ناكۆكی نوێی توند لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەریهەڵداوە.

ئەو سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی كە ناوەكەی بڵاونەكراوەتەوە بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز گوتی: ناكۆكی نوێ لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە سەریهەڵداوە، بەڵام نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا بە توندی ئەم بیرۆكەیە رەتدەكاتەوە، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعلی رێبەری عەسائیبی ئەهلی حەق پشتیوانی دەكەن، پێكهێنانی هەر كابینەیەكیش لەگەڵ سەدر رەتدەكەنەوە.

ئەو سەركردەیە گوتیشی: درەنگانی ئەمڕۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەك رێكدەخەن پێش دیداریان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گفتووگۆ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت بە هەڵوێستێكی یەكگرتووەوە لەلایەن هەموو پێكهاتەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیەوە.

دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگفتووگۆ بووە بۆ چۆنێتی پرۆسەی سیاسی و دانانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبری جێگرە كشاوەكەی سەدر و هاوكات پێكهێنانی كابینەی نوێ.

بەپێی سەرچاوە سیاسییەكان بەشێكی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەن بەبێ سەدر گفتووگۆكانی پێكهێنانی كابینە بكەن، بەڵام بەشەكەی دیكە رای سەدریان بەلاوە گرنگە بۆ كابینەی ئایندە.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەواڵی كەناڵی العربیە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پارتی و حەلبووسی لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە و سازشیان بۆ داواكانیان كردووە لەپێناو گەیشتن بە كورسی سەرۆك وەزیران.

بەپێی زانیارییەكان چوارچێوەی هەماهەنگی بە خواستەكانی پارتی رازی بوون لەوانە دەركردنی یاسای نەوت و غاز، داواكاری حەلبووسی بریتییە لە گۆڕینی سسیستمی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ تەنها سەرۆك و جێگر.

لای خۆیەوە جەعفەر ئێمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مێدیای حیزبەكەی گوتی "ئێمە وەكو پارتی كراوەین لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پرۆسەی دیموكراسی، نە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەین نە خۆشمان پەراوێز دەخەین، قەدەری ئێمە لەو وڵاتە بەمشێوازە بەردەوام دەبێت، بێ مەرج ناچینە ناو هەموو پرۆسەیەك".

گوتیشی: "لای ئێمە رێزگرتن لە دەستوور و بنەما نیشتمانییەكان، ھاوبەشی و ھاوسەنگی و رێككەوتن پارێزراوبن، ئەوكاتە هەر لایەنێكی سیاسی عێراقی شیعە بێت یان سوننە و كورد هاوبەشی ئێمەیە لە پرۆسەی سیاسیی و دیالۆگی لەگەڵ دەكەین و لەگەڵی دەگەینە رێككەوتن، چونكە ئەم وڵاتە بەبێ حكومەتێكی بەهێز بەڕێوەناچێت".