جەنگی ئۆكرانیا چووە قۆناغێكی زۆر مەترسیدارەوە
چاودێر:
ئەمڕۆ سووپای ئۆكرانیا بەچڕی سەكۆ نەوتییەكانی رووسیای لە نیمچە دورگەی كریمیا كردە ئامانج و بە چڕی بۆردومانی كردن.
دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند سەكۆ نەوتییەكان كراونەتە ئامانج بەهۆیەوە 3 كەس بریندار بوون و پرۆسەی فریاگوزاری بۆ ئەوانەی دیكە بەردەوامە.
فەرمانڕەوای نیمچە دوورگەی كریمیا سێرگی ئەكسیونۆڤ كە لەلایەن رووسیاوە داندراوە گوتی: ئەم بەیانییە هێرشكراوەتەسەر سەكۆ نەوتییەكانی كۆمپانیای چیرنومورنیفت، لەپێوەندی لەگەڵ هاوكارانمان لە وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری بەردەوامین بۆ رزگاركردنی كارمەندان.
گوتیشی: 5 كەس رزگاركراون لە كۆی 12 كەس كە لەنێویاندا 3 بریندار هەن، ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە بەشداری كەشتی و هێزی ئاسمانی بەردەوامە.
ئەكسیۆنوڤ ژمارەی ئەو سەكۆ نەوتییانەی ئاشكرانەكرد كە بۆردومانكراون، بەڵام كۆمپانیای چیرنومورنیفت لە چەند كێڵگەی نەوت و غازی دەریای رەش و دەریا ئازۆڤ چالاكە بەرامبەری كریمیا.
ئەمە یەكەم گورز وەشاندنە لە دامەزراوە نەوتییەكان لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگی ئۆكرانیاوە.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند چاوەڕێ دەكرێت مۆسكۆ هێرشەكانی زیاد بكات لەم هەفتەیەدا، هاوكات رێبەرانی ئەوروپا تاوتوێی پشتیوانی كیێڤ دەكەن بۆ چونە پاڵیان و مۆسكۆش هەوڵ دەدات خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بگرێت.
زێلێنسكی لە تۆماری ڤیدیۆی خۆیدا گوتی: چاوەڕێ دەكەین ئەم هەفتەیە مۆسكۆ جموجۆڵە دووژمنكارییەكانی زیاد بكات، ئێمە ئامادەین.
ئۆكرانیا داواكاری بوون بە ئەندامی لە یەكێتی ئەوروپا پێشكەشكردووە دوای چوار رۆژ لەتێپەڕینی سوپای رووسیا بۆ سنوورەكانی لە مانگی فێبرایەر، رۆژی هەینی كۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاریكرد ئۆكرانیا ببێتە پاڵێوراو.
رێبەرانی ئەوروپا ئەم داوایە لە رۆژانی هەینی و پێنج شەممەی داهاتوو تاوتوێ دەكەن چاوەڕێ دەكرێت رەزامەندی بدەن لەسەر داواكەی ئۆكرانیا سەرباری مەترسی هێندێك لە ئەندامان.
كردنەوەی ئامێّزی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئۆكرانیا یەكێك لە نیگەرانییەكانی مۆسكۆیە، كە پێشتر رایگەیاندووە ئەو كاتەی فەرمانی هێرشی بۆ سەر ئۆكرانیا دەستپێكرد.
پووتین سەرۆكی رووسیا رۆژی هەینی گوتی كێشەمان لەگەڵ چوونی ئۆكرانیا بۆ ئەوروپا نییە، بەڵام گوتەبێژی كرێملن گوتی: رووسیا لەنزیكەوە چاودێری زیادبوونی هاوكاری بەرگری ئۆكرانیا و ئەوروپا دەكات.