هەرێمی کوردستان لەبەردەم باهۆزی شێرپەنجەدایە

ڕاپۆرت 06/02/2022

چاودێر – ڕاپۆرت
ساڵ بە ساڵ ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندان، بەڵام ڕێوشوێنی پێویست و توێژینەوەکان لەسەر ئەو هەڵکشانە مەترسیدارە کەمن. لەم ڕاپۆرتەدا هەندێ وردەکاریی لەسەر ئەو مەترسییە ئاشکرا کراوە.

ئاماری ٢٠٢١
بە پێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە ساڵی ٢٠٢١دا هەشت هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمدا تۆمار کراون و ٦٠%یان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون.
بە پێی ئاماری ساڵانی ڕابردوو، هیچ ساڵێک ئەو ڕێژەیە تۆمار نەکراوە، بەڵکوو لەنێوان شەش تا حەوت هەزار حاڵەت هەبووە، تەنانە لە  ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٧ و بە هەر چوار ساڵەکە نزیکەی شەش هەزار حاڵەت تۆمار کراوە، ئەم پرسە پزیشکانی هێناوەتە قسە و بە مەترسیی گەورە دەیبینن.
د.باساک بەرزنجی، سەرپەرشتیاری کۆنفرانسی ئەمساڵی تایبەت بە شێرپەنجە کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێکی ختسبوو ڕایگەیاند: بەرزبوونەوەی شێرپەنجە تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە و لە سەرجەم وڵاتان ئەو حاڵەتە بەدی دەکرێت.
وتیشی: "بە گشتی لە دونیادا هۆکارەکانی شێرپەنجە دیار نین، بەڵام ژینگە و خۆراک و دەرمان و جگەرە و چەند شتێکی تر لە هۆکارە سەرەکییەکانن."

لەناو منداڵاندا ١٠٠% زیادی کردووە
بەپێی وتەی پسپۆڕانی ئەو بوارە، شێرپەنجە لەناو منداڵانی هەرێمی کوردستان ١٠٠% زیادی کردووە.
مەھدی عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری منداڵانی شێرپەنجە لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ڕایگەیاندووە: تەنها لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ھەزار و ٤٨٩ منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە تۆمار کراون و لە ساڵی ٢٠٢٠ سەدا سەدی ئەم ڕێژەیە زیادی کردووە.
دەشڵێت: "لە دە مانگی ساڵی ٢٠٢١دا، ٥٥١ منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە تۆمار کراون. لەو ژمارەیەش ٤١٣ منداڵ لە سلێمانی، ٩٢ منداڵ لە ھەولێر و ٤٦ منداڵ لە دھۆک تۆمار کراون."
ساڵانی ڕابردوو، به‌ ده‌گمه‌ن به‌سه‌رهاتی تووشبوونی كه‌سێك به ‌شێرپه‌نجه‌ به‌رگوێ ده‌كه‌وت، ١٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌نانه‌ت له‌ سلێمانی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ توشبووانی شێرپه‌نجه‌ نه‌بوو، ئێستا ئیدی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به‌س نییه ‌و جێگای ژماره‌ی هه‌ڵكشاووی تووشبووانی تێدا نابێته‌وه‌، له‌ هه‌ولێر دوو نه‌خۆشخانه ‌و له ‌دهۆكیش نه‌خۆشخانه‌یه‌ك هه‌یه‌. هێشتا نه‌خۆشه‌كان كه‌مشوێنن.

هۆکار و جۆرەکان
بە گشتی پزیشكان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی خراپ، خۆراكی خراپ، قه‌ڵه‌وی، وه‌رزشنه‌كردن، جگه‌ره‌كێشان، هۆكاری شێرپه‌نجه‌ن. جۆرەکانی شێرپه‌نجه ‌زۆربه‌یان كوشنده‌ن ‌و سەد جۆری هه‌یه‌. جۆره ‌باوه‌كانی له ‌هه‌رێمی كوردستان بریتین له:‌ كۆڵۆن، سی، جگه‌ر، مه‌مك، گه‌ده‌، خوێن، سورێنچک، پڕۆستات، منداڵدان و هێلکەدان.
ژینگەی هەرێمی کوردستان و خراپیی خۆراک و دەرمان و کێڵگە پەلەوەرییەکان لە بەکارهێنانی زیاد لە ڕادەی ماددە کیمیاوی و هۆڕمۆنەکان و جگەرەکێشان و وەرزشنەکردن و قەڵەوی لە هۆکارەکانی تووشبوونن.
نەسرەدین عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک و چاودێریی خێزان دەڵێت: " هاووڵاتییان هەتا بۆیان دەکرێت خۆیان بە دوور بگرن لە کڕینی خواردن و خۆراکی لەقتونراو. هەروەها بگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی خۆراکە سروشییەکان و دوورکەوتنەوە لە ژینگە قەرەباڵغەکان، چونکە ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت بەردەوام بێت، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکەم نەخۆشیی بەربڵاو بەراورد بە نەخۆشییەکانی دیکە.