یەکێتی و پارتی لەبەغداوە دەستیان بەزۆرانبازی کرد
چاودێر
بەغداد بووەتە جێی
زۆرانبازی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هەریەکەیان
بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆدەبنەوە، هەریەکەیان شەڕی کۆکردنەوەی
زۆرترین دەنگ بۆ کاندیدەکەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات.
بەرهەم ساڵح کاندیدی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، هۆشیار زێباریش کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە،
ڕکابەرییەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە، چاوەڕێی دەستی حزبەکانیانن، بۆئەوەی
یەکێکیان لەململانێکە دەرچێت و بیکەنە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق.
یەکێتی و پارتی بەجیا دەستی
خۆیان گەیاندووەتە بەغدا، لەوێ بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە، زۆرنبازی
لەسەر کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و دەنگە سەربەخۆکان
دەکەن، لەهەرێمیش سەنگەری میدیاییان لەبەرامبەر یەک گرتووە و خەریکی وەڵام و
وەڵامکارین.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە،
پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستی کوردە و پێویستە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار ڕەزامەندی
پارتی و یەکێتیشی لەسەر بێت، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێی وایە پۆستەکە
بەرکەوتەى کورد و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.
ئەمین بابە شێخ، وتەبێژی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەڕێگەی ڕۆژنامەی فەرمی حزبەکەیەوە ئەمڕۆ ڕایگەیاند،
یەکێتی هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی بووە و هەوڵیان بۆ ئەوەداوە، بەڵام بەداخەوە پێشبینی
ئەوەدەکرا، پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ ئاگاداری یەکێتی و لایەنەکانی دیکە،
چووەتە ڕێکەوتنێکەوە، کە خزمەت بەپڕۆسەی سیاسی لەعێراق و مافە دەستوورییەکان و
قەوارەی هەرێم ناکات.
شوان محەممەد، بەرپرسی
لقی پێنجی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە بەغدا وتی: "هەموو شتێک یەکلایی بووەتەوە
و ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کە هۆشیار زێباری بەربژێری پارتییە، چونکە پۆستی سەرۆککۆمار
بەرکەوتەی کوردە نەک هی لایەنێک، پارتیش وەکو گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی، مافی
خۆیەتی داوای ئەو پۆستە بکات".
ستران عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند، پارتی ویستوویەتی یەکێتی
واژۆ لەسەر بەرنامەیەک بکات کە پارتی خۆی نێوەڕۆکەکەی داڕشتووە، دەشڵێت، "بۆ ئەوان
بەرنامەکەمان واژۆ نەکرد، چونکە دەستکەوتەکانی گەلی کوردی تێدانەبوو، پارتی لە پشتەوە
پاشقولی لە مافەکانی گەلی کوردستان گرتووە."
لەدوای
هەڵبژاردنەکانی ١٠\١٠\٢٠٢١ەوە هاوکێشە سیاسییەکان گۆڕان، بەجۆرێک لایەنەکانی نزیک
لەئەمریکا کورسیی پەرلەمانییان زیادیکرد و لایەنەکانی نزیک لەئێران کورسی
پەرلەمانییان کەمیکرد، بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە ڕێکەوتنێکی هاوبەش لەنێوان ڕەوتی
سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر ئەنجامدرا.
ئەو
ڕێکەوتنە وایکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی کورسییە کانی خۆی و هاوپەیمانەکانی
بگاتە نزیکی ١٨٠ کورسی، بەمەش فشاری خستە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە
کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دابنێت، کە بەدڵی پارتی بێت، لەکاتێکدا پۆستی سەرۆک
کۆماری عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ەوە تاکو ئێستا وەک پشکی کورد لای مام جەلال، فوئاد
مەعسوم و بەرهەم ساڵح بووە، کە هەرسێکیان لەپشکی یەکێتی بوون و پێشتر ئەم پۆستە
لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم دراوە بەیەکێتی.
بەغداد بووەتە
مەیدانی زۆرانبازییەکەی یەکێتی و پارتی، لایەنە عێراقییەکان بەشێکی لەگەڵ ئەوەن
کورد لەنێو خۆیدا ڕێکبکەوێت، بەشێکی دیکەشیان وەک ڕەوتی سەدر خۆیان ساغکردووەتەوە
بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمەش وادەکات زۆرنبازییەکە گەرمتربێت.