باج مەترسیی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات
چاودێر:
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای چەند كۆمپانیایەكەوە فشار لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان درووست دەكات بەتایبەت كۆكردنەوەی پارە لە هاووڵاتیان لە ژێر دەیان ناودا بەتایبەت كاسبكاران و دووكانداران.
لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان تەنگەژەی ئابووری هەیە، حكوومەت ناتوانێت بەپێی پێویست مووچە دابەشبكات، دامەزراندن نییە، هەلی كار نییە و بێكاری و هەژاری و كۆچ ڕوو لە هەڵكشانە، كەچی لەبری چارەسەری ئەم كێشانە تادێت حكوومەت فشاری زۆرتر لە هاووڵاتیان دەكات.
حكوومەت ئەگەرچی نەیتوانی چارەسەری تەنگەژەی كارەبا بكات لە رێگای سیستمی زیرەكەوە، بەڵكو خراپتر بووە، كەچی كرێی كارەبای چەند هێندە كردووە لەسەر هاووڵاتیان بەتایبەت كاسبكاران، كرێی كارەبا بە چەند مانگێك كۆدەكرێتەوە تاكو بە گرانتر هەژماری بكەن لە سەر هاووڵاتیان، ئەمە سەرباری كێشەكانی دیكەی سیستمی زیرەك كە حكوومەت نەیتوانیوە چارەسەری بكات و كارەباش خۆی لە شەو و رۆژێكدا چەند سەعاتێكە.
كرێی ئاو كێشەیەكی دیكەیە ژمارەیەك كۆمپانیا لە رێگای پێوەری ئاوەوە پارەیەكی زۆریان لە هاووڵاتیان سەند كە پێوەرەكانیش زۆر خراپبوون و هێشتا كێشەكانی چارەسەر نەكراوە و هاووڵاتیەكی زۆریش ئامادەنین بیبەستن، لەلایەكی دیكەوە كرێی ئاو لە سەر هاووڵاتیان زیادكراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی چاودێر، باج و رسوومات لەسەر موڵك و ماڵ و ئۆتۆمبێل و شتی دیكە بە چەند هێندە زیادیكردووە، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و خانووبەرە بە تەواوی سستبووە، بەهۆكاری ئەوەی هاووڵاتیان ئامادەنین پارەیەكی زۆر لە هەر كڕین و فرۆشتنێكدا بدەنە حكوومەت، بۆیە هاووڵاتیان ئۆتۆمبێل و خانووەكانیان ناگۆڕن زۆر پێویست نەبێت، بەمهۆیەشەوە بازاڕی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل پەكیكەوتووە.
لەلایەكی دیكەوە سەندنی پارەی زڵ و لۆگۆ و پیشە لەچەند رۆژی رابردوودا بە تەواوی دوكاندار و كاسبكار و هاووڵاتیانی نیگەرانكردووە هەر دووكانە و چەند سەد هەزاری بۆ هاتووەتەوە، هەیە چەند ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە.
دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هاووڵاتیان كرد پارەی زبڵ نەدەن چونكە نایاساییە و هەر كەس سكاڵا بكات پارێزەری بۆ دەگرێت.
ئەم ئەندامەی پەرلەمان رەخنەی توندی لە شارەوانی گرتووە كە لە رێگای كۆمپانیاوە پارە لە هاووڵاتیان كۆدەكەنەوە.
شارەزایەكی ئابووری بۆ چاودێر گوتی: ئەم رێوشوێنانەی حكومەت گرتونیەبەر چارەسەر نەكرێن و هاوسەنگی نەگەڕێتەوە، رەوشی هەرێمی كوردستان هێندەی دیكە خراپ دەكات، شەپۆلی كۆچ زیاد دەكات، هەژار و بێكاری زیاد دەكات، تووڕەیی و نیگەرانی هاوڵاتی زیاد دەكات.
گوتیشی: لە گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانەدا تەنها بەرژەوەندی حكوومەت لەپێش چاو گیراوە، هیچ حسبێك بۆ هاووڵاتی و كاروكەسابەتیان نەكراوە، ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری كارگە و دوكان و پێشەنگەكان دابخرێن، كە هەر یەكێكیان چەندین كەس كاریان تێدا دەكات و بێكار دەبن.
گوتەی ئەم ئابووریناسە لە حاڵێكدا هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان لە بەرنامەیەكی كەناڵی رووداودا گوتی لە هەموو جیهاندا 80%ی باج لە كۆمپانیا گەورەكان وەردەگیرێت بەڵام لە هەرێم بە پێچەوانەوەیە.
ژمارەیەك زۆر لە پەرلەمانتار و شارەزایان دەڵێن حكوومەتی هەرێم لە چەندین كۆمپانیای گەورە خۆشبووە بۆ باج، بەڵام چەند هێندە باجی لەسەر دووكانێك داناوە، هاوكات باج لەسەر خواردنەوەی كحولی و جگەرە نییە، بەڵام باج لەسەر ئارد و خۆراك هەیە.