(چاودێر) گەورەترین کردەوەی بەتاڵانبردنی زەویەکانی خانەقین ئاشکرادەکات
چاودێر-تایبەت:
کاربەدەستێکی گەورەی پۆلیس و هاوڕێ لەگەڵ چەتەیەک و بە هاوکاری چەند فەرماندەیەکی سەربازیی دیالە، خەریکی بە تاڵانبردنی زەویەکانی خانەقینن.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس، بە (چاودێر)ی راگەیاند:
بە پشتیوانی هەندێ فەرماندەی سەربازیی دیالە، چەند مانگێک لەمەوبەر ئەفسەرێکی گەورەی پۆلیس بەناوی (م. ا) بە هاوکاری لەگەڵ جەردەی ناسراو (ح.ش) زەویەکانی گەڕەکی دارەکونارەیان دەست بەسەردا گرت و فرۆشتیان بە زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دینار. لەگەڵ هەندێ زەوی مەتروکەی شارەوانی.
ئەو سەرچاوەیە، راشیگەیاند: ئێستا هەمان ئەم دوو چەتەیە، خەریکی فرۆشتنی زەویەکانی برایم بەیاتی و ریاضن، کە مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، ئیدارەی خانەقین لە پێشودا چاوی لەو دزیانە پۆشیوە، بەڵکو گومانێکی زۆر هەیە لەو چاوپۆشینەش، بەڵام قایمقامی ئێستای خانەقین دلێر سایە، جوامێرانە رێگەی گرتوە لە زەویە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێستا، بۆیە هیوادارین بڕیارەکانی بباتە سەر و رێگە نەدات وەکو ساڵانی پێشوو زەویەکانی خانەقین تاڵان بکرێت.