عێراق بەهێواشی دەڕووخێت

جیهان 29/10/2023


گرووپەکانی سەر بە ئێران لە بەغدا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و حکوومەت تاڵان دەکەن

مایکلنایتس
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

لە ڕووکەشدا وا دیارە عێراق تا ڕادەیەک جێگیری بەدەست هێناوە. دواجار وڵاتەکە دوای بۆشایییەکی سیاسی، ئەوە بۆ ماوەی ساڵێکە خاوەن حکوومەتێکی کارایە. توندوتیژی تیرۆریستی لە دوای هێرشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. تەنانەت میلیشیاکانی وڵاتەکە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن - بۆ ماوەیەکی زۆر سەرچاوەی گرژی بوون لەگەڵ واشنتۆن - هێرشەکانیان بۆ سەر شوێنە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. لە وتارێکی ٤ی مایدا لە ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، جەیک سەلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ستایشی ستراتیجی ئەمریکای کە لەسەر "هەردوو کۆڵەکەی بەرپەرچدانەوە و دیپلۆماسی بونیادنراوە" بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کرد.

وەک لە وتارەکەی سەلیڤاندا دەردەکەوێت، تیمی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک جۆ بایدن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارام وەک ئامانجێکی کۆتایی بۆ خۆی دەبینێت - لەناوشیاندا عێراق. هەرچەندە سەلیڤان خێرا ئەوەی زیاد کرد کە "ئاڵای سەرکەوتن لەسەر عێراق هەڵنەکراوە" و ئەمریکا هێشتا "ئەجێندایەکی فرەوان"ی بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی بەغدا لەدەست تاران هەیە، پێوەری واقعی سەرکەوتنی ئەو بەڕوونی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوو کە زاڵن بەسەر حکوومەتی عێراقدا. کۆشکی سپی پێی وایە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە پێویستە بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئەمریکا بدات سەرنجی لەسەر کێبەرکێییەکانی خۆی لەگەڵ چین بێت، بەڵام لە عێراقدا، ئەم ڕێبازە وا دیارە تێچووی درێژخایەنی دەبێت: هاوپەیمانەکانی تاران بۆ تێکدانی جێگیری سیاسەتەکەی، خواستی ئەمریکا بۆ هێوربوونەوە، دەقۆزنەوە و سوودی خراپی لێ دەبینن.

عێراق ڕەنگە ئارام دەربکەوێت، بەڵام ڕووکەش دەتوانێت فریودەر بێت. ڕاستییەکەی وڵاتەکە دەچێتە قۆناغێکی مەترسیداری ناوازەوە: هاوپەیمانەکانی ئێران کۆنتڕۆڵی بێوێنەیان بەسەر پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقدا بەدەست هێناوە و بەخێرایی لە بەرژەوەندی خۆیان دەستکاری سیستەمی سیاسی دەکەن و سەروەت و سامانەکانی وڵاتەکە تاڵان دەکەن. تێڕوانینی خۆڕازی واشنتۆن بەرانبەر بەم ڕووداوانە تەنیا ئەوی بۆ دەستتێوەردانی پڕخەرجی دواتر ئامادە دەکات. عێراق سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا و وڵاتێکە کە لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی پەنابەران و تیرۆرەوە دەتوانێت هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر بکات. ململانێی زلهێزەکان هەرگیز نەبووەتە بیانوویەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبنەوە و لە ئێستەیشدا نابێت.

سەرکەوتنی میلیشیاکان

عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بە چەندان قۆناغی تاریکدا تێپەڕیوە، بەڵام دەتوانین بڵێین هیچیان بەم شێوەیەی ئێستە نائومێدکەر نەبوون. بەڵێ، عێراق حکوومەتێکی هەیە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیعاع سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بلۆکێکی سیاسی و هاوپەیمانییەکە نزیکە لە ئێران، بەڵام ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەیە براوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، ڕەوتی پۆپۆلیستی موقتەدا سەدر، پیاوی ئایینی شیعە، لە جوونی ٢٠٢٢دا لە پەرلەمان کشایەوە. سەدرییەکان ئەم هەنگاوەیان دوای ئەوە نا کە دەسەڵاتی دادوەری لە لایەن سەرکردەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کرا و ڕێساکانی پێکهێنانی حکوومەتیان بە قازانجی هاوپەیمانەکانی تاران گۆڕی. لە ئەنجامدا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێبایەخ کرا و دۆڕاوەکان بە سەرکەوتن پاداشت کران - تەنانەت دوای ئەوەی ئاژاوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان دروست کرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ناردە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران.

قۆرخکارییەکانی دواتر لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بۆ سەرجەم بەشەکانی حکوومەتی عێراق لە مێژووی دوای ساڵی ٢٠٠٣ی وڵاتەکەدا بێوێنەیە. بە ئاستێکی دەسەڵاتی بێسنووری وا حوکمی عێراق دەکات لە سەردەمی سەددام حوسێنەوە نەبینراوە. سوودانی بووکەڵەیە: لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران بەڕێوەبەرێکی بەئەزموون و تێکۆشەرێکی کەرتی گشتییە، بەڵام تەنیا بە ناو سەرکردایەتی عێراق دەکات و بە ئاشکرا لە لایەن هاوپەیمانەکانی تاران لە بەغدا سووکایەتی پێ دەکرێت. سێ لە بەهێزترین ڕێبەرانی ملیشیاکان، پێوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و هەرسێکیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان: قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق، ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئەمانە لە لایەن ئێرانەوە ڕاهێنراون، نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، ئەمیش لە لایەن ئێرانەوە دامەزراوە.

ساڵانێکی زۆر، ئەم سێ سیاسەتمەدارە تا ڕادەیەک لە لایەن کۆمەڵێک نەیارەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون. لە کاتی داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ و دیسانەوە لە کاتی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩، واشنتۆن بە پەرۆشەوە هەوڵی دا بۆ ئەوەی میلیشیاکان نەتوانن زۆرێک لە لووتکەکانی دەسەڵات بگرنە دەست. هەروەها خۆپێشاندەرە عێراقییەکان هەوڵیان داوە ڕێگری لەو گرووپانە - ئەوانەی لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن - بکەن، خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کۆنتڕۆڵکراو لە لایەن میلیشیاکانەوە - لە دەسەڵات لابرد. لە دوایین هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، سەدر هەوڵی دا تائیفەگەری تێپەڕێنێت و زۆرینەیەکی فرەنەتەوەیی بۆ پێکهێنانی کابینەیەک لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کۆ بکاتەوە.

ئەمڕۆ هەموو ئەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنانە نەماون. بە هۆی دەستتێوەردانی دەسەڵاتی دادوەرییەوە یارییەکانی سەدر لە هەڵبژاردن شکستی هێنا و بزووتنەوەکەیشی ئێستە لە دەرەوەی دەسەڵاتە، دەستەوئەژنۆ بیر لە شکستەکانی دەکاتەوە و برینەکانی ساڕێژ دەکات. هەروەها میلیشیاکانی سەر بە ئێران هیچ ترسێکیان لە گەنجە خۆپێشاندەرە ترسێنراو و بێهیواکان نییە. لەم نێوەندەدا، ئەمریکا بە هۆی ململانێی جیۆپۆلەتیکی لەگەڵ چین سەرقاڵ بووە و ئامانجەکانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورت کردووەتەوە - بەبێ گوێدانە تێچووی درێژخایەن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

چەسپاندنی سیستەمەکە

کاریگەرییەکانی دەستبەسەرداگرتنی حکوومەتی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە لە ئێستەوە ڕوونە. ئەم هاوپەیمانییە ئێستە دەسەڵاتی چەسپاندنی کۆنتڕۆڵی فرەوانی بەسەر وڵات، تاڵانکردنی سەرچاوەکانی حکوومەتی عێراق و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکانی هەیە. هیچ ئاماژەیەكی پاشەکشەکردنی نییە: ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی زاڵە بەسەر کابینەی حکوومەتدا و تا هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، بە بەرنامەی داڕێژراو پەرلەمانی کۆنتڕۆڵ کردووە.

لە هەمووی گرینگتر، ئەم گرووپە بە ڕادەیەک دەست لە کارەکانی دەسەڵاتی دادوەری وەردەدات کە لە دوای ڕووخانی سەددامەوە نەبینراوە. فایەق زێدان، باڵاترین دادوەری عێراق، هاوپەیمانێکی نزیکی فەرماندەکانی لووتکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. بە سەرکردایەتی ئەو، دادگای باڵای عێراق بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی میلیشیاکان، دەستتێوەردانی لە سیاسەتی وڵاتەکەدا کردووە. ڕێک لەو ساتەدا کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێویستی پێی بوو بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١، دادگا یاساکانی پێکهێنانی حکوومەتی گۆڕی - بڕیاری دا سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەبری زۆرینەیەکی سادە، پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەیە.

هەروەها چوارچێوەى هاوئاهەنگی، دەسەڵاتە ڕەهاکەی بۆ چەسپاندنى خۆی لە دامودەزگاکانى دیکەی دەوڵەتى عێراقدا بەکار دەهێنێت. دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی عێراق، فڕۆکەخانەی بەغدا، دەزگاکانی دژەگەندەڵی و بنکە گومرگییەکان هەموویان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ەوە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەم گرووپەوە. دامودەزگا دەوڵەتییەکانی عێراق خۆی لەخۆیدا لاواز بوون و ئەم دەستتێوەردانانەیش زیاتر لاوازیان دەکات.

تاقمەکانی سەر بە ئێران، کاریگەری بەرفرەوانبوونی خۆیان لەناو ئەم دامەزراوانەدا بۆ پەرەپێدانی هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی ناوخۆیی خۆیان کەڵک وەردەگرن. بۆ نموونە، دوای ئەوەی لە مانگی جەنیوەریدا کۆنتڕۆڵی ڕێکخەری میدیای عێراقیان بەدەست هێنا، کۆمیسیۆنی پێوەندییەکان و میدیا، پلانیان داڕشت بۆ هێنانەکایەی ڕێسایەک لەسەر ناوەڕۆکی دیجیتاڵی توند بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕینی عێراقییەکان. ئەو ڕێسایانەی داوا دەکەن کاریگەرەکانی سۆشیال میدیا ئاڕاستە بکرێنەوە بۆ ئەو بوارانەی کە حکوومەتی عێراق خاوەندارییەتی دەکات و پێناسەی ناڕوونیان تێدایە بۆ ناوەڕۆکی نەگونجاو، کە پاساو بۆ سانسۆر دەهێننەوە، ئەمەش بە هۆی پێشێلکردنی دەستووری عێراقەوە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناڕەزایی لێ کەوتەوە.

لە کۆتاییدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەروەت و سامانی حکوومەتی عێراق بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی تاڵان دەکات. گرووپەکانی سەر بە ئێران کۆمپانیایەکی دەوڵەتییان دامەزراندووە کە چالاکانە سوود لە سەروەت و سامانی دەوڵەت وەردەگرێت، بە بەکارهێنانی هەمان ڕێبازی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران. جگە لەمەش، ئەم گرووپانە لە هەوڵێکدا بۆ کڕینی پشتیوانی خەڵک و چەسپاندنی دەسەڵاتەکەیان، سەرپەرشتی فرەوانکردنی بودجەی عێراقیان کردووە.

تاڵانکردنی دەوڵەت

سیاسەتمەدارانی میلیشیاکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەمێژە هەوڵی دامەزراندنی کۆمپانیایەک دەدەن کە بتوانێت زەوی حکوومەت و سەروەت و سامانی گشتی دیکە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. مۆدێلی ئەوان بۆ ئەم هەوڵە، خاتەم ئەنبیای گرووپی کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانە، لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٩٠، زیاتر لە ١٢٠٠ گرێبەستی بیناسازی، بە بەهای زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار، کاریگەرییەکی بەرفرەوانی ئابووری و سیاسی لە ئێراندا بەدەست هێناوە. خاتەم ئەنبیا لە لایەن ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاوە وەک درێژکراوەی بازرگانیی سوپای پاسداران سزای بەسەردا سەپێنراوە.

لەم ساڵانەی دواییدا هەرکاتێک هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ کرابێت، میلیشیاکانی سەر بە ئێران پرسیاریان لە هەموو کاندیدا هەڵبژێردراوەکان کردووە، کە ئایا پاڵپشتی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی لەم شێوەیە دەکەن یان نا. لە ساڵی ٢٠١٨، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕازی بوو بە دامەزراندنی کۆمپانیاکە و پشتگیری میلیشیاکانی وەرگرت بۆ دەستنیشانکردنی وەک سەرۆک وەزیران، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا ڕێگری لە پێکهێنانی کۆمپانیاکە کرد. کاتێک مستەفا کازمی، لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک سەرۆک وەزیرانی کاتی دەستنیشان کرا، پاڵپشتی سیاسی هەبوو بۆ ئەوەی ڕێگە بە پێکهێنانی کۆمپانیاکە نەدات - لە ساڵی ٢٠٢٢دا جارێکی دیکە ئەم داوایەی ڕەد دایەوە، کاتێک هاوپەیمانانی تاران لە بەرانبەر هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەم وەک سەرۆک وەزیران ئەم داوایەیان ئاراستە کرد. دواجار میلیشیاکانی سەر بە ئێران درێژەیان بە ڕێگەی خۆیان دا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٢دا پێکهێنانی "کۆمپانیای گشتی موهەندیس بۆ بیناسازی، ئەندازیاری، بەڵێندەری میکانیکی، کشتوکاڵی و پیشەسازی"* ڕاگەیاند. ناوی کۆمپانیاکە بە ناوی ئەبو مەهدی موهەندیس، تیرۆریستی دەستنیشانکراوی ئەمریکاوە ناونراوە کە لە جەنیوەری ساڵی ٢٠٢٠، بە هۆی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکاوە کوژرا. ئەمجارەیان ئەمریکا هیچی نەکرد.

تا ئێستە هیچ ڕێکخراوێکی وەک کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە عێراقدا نەبووە. وەک لە گرێبەستی دامەزراندنیدا دەردەکەوێت، کۆمپانیاکە بەفەرمی لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکەی سەر بە ئێران سەرۆکایەتی دەکەن. ئەرک و دەسەڵاتی ئەم کۆمپانیایە بێسنوورە: وەک لە ناوەکەیدا دیارە، دەتوانێت لە هەر کەرتێکدا کار بکات و لە بنەڕەتدا سندووقێکی بەتاڵە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەتوانن لە ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئابووری عێراقدا بچەسپێنن. ئەم کۆمپانیا نوێیە جیاواز لە هەر کۆمپانیایەکی دیکەی عێراقی، دەتوانێت زەوی و سەرمایەی دەوڵەت بەخۆڕایی وەربگرێت، هەروەها دەتوانێت بەبێ ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان هەموو وەبەرهێنانێک بکات.

کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە دیسەمبەری ٢٠٢٢، ڕاستەوخۆ دوای دامەزراندنی، ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دۆنم زەوی حکوومی بەدرێژایی سنووری نێوان عێراق و سعوودیە بەبێ هیچ بەرانبەرێک وەرگرت. وەرگرتنی ئەم زەوییە لە میدیاکانەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام بە هیچ ڕێکارێکی ئاساییی نووسراو یان ڕۆتینێکی وادا تێنەپەڕی کە بەگشتی دەبێت لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیەدا هەبێت. گوایە پڕۆژەکە بۆ چاندنی نەمام و کشتوکاڵە - بەڵام بۆ ئەوەی قەبارەکەیمان بۆ دەرکەوێت، ئەو ڕووبەرەی دەیگرێتەوە نیوەی ڕووبەری لوبنانە و زیاتر لە ٥٠ هێندە گەورەترە لە گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی کە تا ئێستە لە مێژووی عێراقدا بینرابێت. هەروەها زەوییەکە بە شێوەیەکی ستراتیجی لە ناوچەیەکدایە میلیشیا عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە چەند جارێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی سعوودیە و ئیمارات کردووە. ڕەنگە ئەمە یەکەم نموونەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی شارەکان بێت لە عێراق، هێزێکی حەشدی شەعبی لە ٢٤ی ئەپریلدا بە شێوەیەکی ناقانوونی و لەژێر ناوی کۆمپانیای گشتی موهەندیسەوە دەستی بەسەر پارچەیەکی گەورەی خانووبەرەی سەرەکی ڕۆژئاوای بەغدادا گرت، بەسادەیی دەستیان بەسەر بەشێكی مێژووییی بەغدادا گرت بە قەبارەی ٢٠ ڕیزەخانووی شاری نیویۆرک، یان بە ئەندازەی تەواوی زەویی کۆشکی باکینگهام، یان باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا.

بە بەردەوام گەشەسەندنی کۆمپانیای گشتی موهەندیس گورزێکی توند بەر عێراق دەکەوێت. هەروەها هیواکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئابووری وڵاتەکە پووچەڵ دەکاتەوە. لە ٣١ی مایدا، باڵیۆز باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ڕاگەیاند، "بۆ یەکەم جارە بەڕاستی زیندوویی ئابووری" لە عێراقی ئەمڕۆدا دەرکەوتووە. ئەم توانایە لە بێشکەدا دەخنکێت، ئەگەر میلیشیا بەهێزەکان بتوانن دەسەڵاتە ئابوورییە نوێیەکەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر پیشەسازییەکی ئومێدبەخش بەکار بهێنن، دەست بەسەر گرێبەستە حکوومییەکاندا بگرن و وەبەرهێنەرانی بیانی بترسێنن.

تاڵانکردنی بانک

هەروەها میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان سوود لە داهاتەکانی دەوڵەت وەردەگرن. یەکەم ڕەشنووسی بودجەی حکوومەت بە سەرۆکایەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین پڕۆژە بودجەیە لە مێژووی عێراقدا: پێشنیازی خەرجکردنی ١٥٢ ملیار دۆلاری کردووە، بە بەراورد لەگەڵ دوایین بودجەی پەسەندکراوی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا، بە ڕێژەی لە سەددا ٥٠ زیادی کردووە. حکوومەت بەڵێنی داوە ئەم ئاستە لە خەرجییەکان بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک بەردەوام بێت - واتە تا هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥.

ئەم ئاستە بێباکانەیە لە خەرجکردن، هۆشدارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) و بانکی جیهانی پشتگوێ خستووە، داوایان لە عێراق کردووە ئاوسانی کەرتی گشتی کەم بکاتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی خەرجییە ناجێگیرەکانییەوە نیازپاکی کوتلە سیاسییەکان و دانیشتووانی عێراق بکڕێت؛ لەناویاندا ڕەخساندنی لانیکەم ٧٠١ هەزار هەلی کاری نوێی حکوومی - ئەمەش یانی زیادبوونی لە سەددا ١٧ی فەرمانبەرانی حکوومەت تەنیا لە ساڵێکدا. بۆ نموونە؛ بڕیارە حەشدی شەعبی لە ١٢٢ هەزار ئەندامی مووچەخۆرەوە بۆ ٢٣٨ هەزار ئەندامی مووچەخۆر زیاد بکرێت، ئەمەش زیادبوونی ژمارەی میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتە بە ڕێژەی لە سەددا ٩٥، لە وڵاتێکدا کە نزمترین ئاستی توندوتیژی لە ماوەی دوو دەیەدا بەخۆیەوە دەبینێت.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە پابەندبوون بە مووچەوە بارگرانییەکی زۆر لەسەر دەوڵەت دادەنێت و زەمینە بۆ ناجێگیری داهاتوو دەڕەخسێنێت. تەنانەت بە نرخی ئەمڕۆی نەوت کە نزیکەی ٧٥ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، ئەم ئاستە لە خەرجکردنە زۆربەی یەدەگی ١١٥ ملیار دۆلاری عێراق لە ماوەی پێنج ساڵدا لەناو دەبات. ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، بەغدا هێندەی تر خێراتر دادەڕووخێت. کاتێک بەغدا دوایین جار لە ساڵی ٢٠١٤دا خۆی لە دۆخێکی دارایی سەختدا بینییەوە، جیهان خێرا بۆ یارمەتیدانی عێراق کۆ بووەوە، چونکە ئەو وڵاتە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە شەڕدا بوو. بەڵام حکوومەتی عێراق ناتوانێت حساب بۆ ئەو خەرجکردنە زۆرەی داهاتوو بکات. لە ٣١ی مایدا سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا و پێشبینی کرد، عێراق لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەڕووی "مەترسی قەیرانی جێگیری ئابووریی گەورە - critical macroeconomic stability risks" دەبێتەوە. بە دەربڕینی سادە، ئەمە بە واتای دروستبوونی کێشەی پارەدان بە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران، هەڵاوسان و ناڕەزایی، پشێویی و کۆچکردنی پەنابەران بەرەو ئەورووپا دێت.

دەستکەوتی زۆر بە خەرجی کەم

بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕەنگە ئەو بێدەنگییە ڕواڵەتییەی لە عێراقدا هەیە، بگۆڕێت بۆ ئارامی پێش زریان. ئەمە یەکەمجار نییە واشنتۆن پێی وا بێت لەسەر ڕێڕەوێکی خزە بەرەو جێگیری لە عێراقدا: دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ و ڕاسپاردنی کارەستباری مالیکی بۆ خولی دووەمی سەرۆک وەزیران، ئەمریکا هەوڵی دا دەست لەم وڵاتە بشوات. پاشان، وەک ئێستە لایەنەکانی سەر بە ئێران، توانییان دەستکاری پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندی خۆیان بکەن، دواتر بە هۆی گەندەڵی، کاریگەری میلیشیا و دۆستایەتی سیاسییەوە دەسەڵاتی بەغدایان لاواز کرد. دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە دیسەمبەری ٢٠١١، عێراق ئارام دەرکەوت – بەڵام بناغە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لەناوەوە پووکابوونەوە. دوای دوو ساڵ و نیو، ئەمریکا ڕاکێشرایەوە ناو عێراق بۆ ئەوەی شەڕێکی خوێناوی بکات، دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی داگیر کرد. واشنتۆن ناتوانێت ڕێگە بدات مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.

کەمکردنەوەی کاتی هێرشی توندوتیژی بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا کە خاوەن زرێپۆشی بەهێزن، نابێت پێوەرێکی سەرەکی واشنتۆن بێت بۆ سەرکەوتن لە عێراق. بنکە دیپلۆماسییە بەهێزەکانی ئەمریکا بە تێچووی زۆر دروست کراون، بۆ ئەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا بەرگری لە بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەمریکا بکەن بەبێ گوێدانە تەنگ پێ‌هه‌ڵچنینەکانی دوژمن.

ئەمریکا پێویستی بە ناردنی سەرباز یان چەندان ملیار دۆلار نییە بۆ ئەوەی یارمەتی پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتە مەترسیدارەکانی عێراق بدات. توانا دارایی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هێشتا دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کردەوەی بەرپرسانی عێراق هەبێت - کە زۆربەیان خواست و بەرژەوەندی سیاسی باڵایان لە بازرگانی و بانکە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. بۆ نموونە، بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، فایەق زێدان زۆر نیگەران بووە، کاتێک سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە مانگی فێبریوەریدا نامەیەکیان بۆ بایدن نارد و ناوی ئەویان وەک ئامانجێکی ئەگەری سزادان دانابوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستی بە بەکارهێنانی هێزی وەک ئەمە هەیە - بەتایبەتی لە سەرەتادا - بۆ ئەوەی نیگەرانی خۆی لە دۆخی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و سەرکردایەتییە سەرەکییەکەی نیشان بدات.

مەترسی ڕاستەقینە هەیە لەوەی عێراق ببێتە جۆرێک لە دیکتاتۆری دادوەری (judicial dictatorship)، کە تێیدا حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری وەکوو کوتەکێک بەردەوام لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە بەکار دەهێنرێت. بەرپرسانی ئەمریکا زانیاری هەواڵگری بێوێنەیان سەبارەت بە پێوەندی و بەرژەوەندییە دارایییەکانی بەرپرسانی گەندەڵ لە عێراقدا هەیە، پێویستە بەردەوام ئەم زانیارییانە بۆ دەرکردنی هۆشداری تایبەتی توند بۆ بەرپرسانی بەغدا بۆ چاککردنی ڕەفتارەکانیان، بەکار بهێنن.

هەروەها دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و بەها ئەمریکایییەکانی وەک دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا بپارێزێت. سەلیڤان لە وتارەکەیدا لە مانگی مایدا جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانیکردن لە بەهاکانی ئەمریکا یەکێکە لە پێنج پایەکانی سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە عێراقی ئەمڕۆدا، ئەو سنووردارکردن و کۆتوبەندە توندانەی بەغدا بەسەر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری و تەنزی سیاسیدا دەیسەپێنێت - هەموویان نیشانەی دیکتاتۆرییەکن کە خەریکە دروست دەبێت.

واشنتۆن پێویستە پشتیوانی لە ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی بکات و لە ڕێگەی ئۆفیسەکانییەوە یارمەتی پاراستنی ئەم جۆرە هەوڵانە بدات. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت تواناکانی هەواڵگری دارایی خۆی بەکار بهێنێت بۆ دۆزینەوەی پارە شاردراوەکانی بەرپرسە گەندەڵەکان لە دەرەوەی وڵات و گەڕاندنەوەی ئەم پارانە بۆ عێراق. بۆ نموونە، دەتوانێت یارمەتی دەسەڵاتدارانی عێراق بدات بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی ڕاستەقینەی پشت "دزینی سەدە"ی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، کە تیایدا بەرپرسانی پێوەست بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەژمارێکی باجی حکوومەتی عێراقیان بە دزینی دەستەچەک و نووسینی سەدان چەک بەتاڵ کردەوە. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕاستی دەوڵەتێکی عێراقی سەربەخۆ، خاوەن سەروەری و کارا لە ڕووی ئابوورییەوە دەوێت، دەبێت خۆی سەرکردایەتی و پشتگیری لە لێکۆڵینەوەکانی بەدواداچوون بۆ پارە دزراوەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق بکات - نەک تەنیا لەبارەی ئەم بابەتانەوە ئەو کاتە ئاگادار بێتەوە کە لە هەواڵەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە.

لە هەمووی گرینگتر، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە ئابووریی عێراق داببڕێت، پێش ئەوەی دیمەنی وەبەرهێنانی وڵاتەکە پیس بکات. کۆمپانیایەکە هەوڵێکە بۆ زەوتکردنی سەروەت و سامانی وڵاتێکی پیشەسازی گەورە بۆ قازانجی دارایی ئەوانەی لە لایەن ئەمریکاوە وەکوو تیرۆریست و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دەستنیشان کراون، ئەمانە سوودمەندی سەرەکی کۆمپانیاکەن. مایەی شانازی حکوومەتی ئەمریکایە، کۆمپانیای گشتی موهەندیس لە ئێستەدا جێی سەرنجی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی گەنجینە و نووسینگەی ڕێکخەری دژەگەندەڵی جیهانی ئەمریکایە، بەڵام ئەمە دەبێت بگۆڕێت بۆ دیاریکردنی سزاکان.

ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت خۆی لە دیوە ڕاستەکەی مێژوو لە عێراقدا دابنێت ئەگەر بەردەوام بێت لە پاشەکشەپێکردنی خراپترین زیادەڕۆیییەکانی ئەو میلیشیایانەی لە پشت حکوومەتی ئێستەی عێراقەوە وەستاون. تەنانەت لەناو ململانێیەکانی لەگەڵ چین و جەنگی ئۆکراینادا، واشنتۆن هێشتا دەتوانێت دەنگ و توانا دارایی و هەواڵگرییە بێهاوتاکانی خۆی بەکار بهێنێت بۆ لاوازکردنی هێزە دژە دیموکراسییەکان و دەرفەت بە گەنجان، چاکسازیخوازان و لێکۆڵەرەوانی دژە گەندەڵی عێراق بدات، تاکوو بەرگری لەو دیموکراسییە لاوازە بکەن، کە تا ئێستە - بەزەحمەت - لە عێراقدا بوونی هەیە.

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە مایکل نایتس نووسیویەتی و بە ناونیشانی (Iraq Is Quietly Falling Apart)، ٥ی جوونی ٢٠٢٣، لە سایتی فۆڕن ئەفێرس بڵاو کراوەتەوە.

•• مایکل نایتس (Michael Knights)، تووێژەرە لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن و پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی و ئەمنی عێراق، ئێران و وڵاتانی کەنداو، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی وێبلاگی (Militia Spotlight) تایبەت بە کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی نزیک. شیکاری قووڵی پێشهاتەکانی پێوەست بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا دەخاتە ڕوو. دوکتۆرای لە کینگ کۆلێجی لەندەن وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لێکۆڵینەوەی بەرفرەوانی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو کردووە. نایتس وەک بەڕێوەبەری شیکاری و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە عێراق، لیبیا و یەمەن کاری کردووە و خزمەتگوزاری ئەمنی پێشکەش بە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە.

* کۆمپانیای گشتی موهەندیس بۆ گرێبەستی بیناسازی، ئەندازیاری، میکانیکی، کشتوکاڵی و پیشەسازی (شركة المهندس العامة للمقاولات الإنشائية والهندسية والميكانيكية والاعمال الزراعية والصناعية)، کۆمپانیای بەڵێندەری موهەندیس، کۆمپانیایەکی بەڵێندەری عێراقییە، سەرمایەی ١٠٠ ملیار دیناری عێراقییە. لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت، دوای ڕەزامەندی حکوومەت لە ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢، لە لایەن حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی، لە ٢٦ی فێبریوەری ٢٠٢٣، بەفەرمی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق تۆمار کرا، لە بەیاننامەی ڕەزامەندی حکوومەتدا هاتووە؛ "ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی بە ناوی (موهەندیس) بە سەرمایەی سەد ملیار دینار دراوە"، پێوەستە بە دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی (٨)ی قانوونی (٢٢ی ساڵی ١٩٩٧) هەموارکراوی کۆمپانیا گشتییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە یادداشتنامەی بەڕێوەبەرایەتی قانووندا بە ژمارە (ق/٢/١/١٠٦/٣١٥ ل.ق) لە ڕێکەوتی ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢دا هاتووە و بەوردی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە دیاری دەکات. ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی لە ژمارەی (٤٧١١)ی ١٣ی مارچی ٢٠٢٣دا، بڕوانامەی تۆماری فەرمی بۆ کۆمپانیای (بەڵێندەری موهەندیس) دەرکردووە. کۆمپانیاکە بە ناوی ئەبومەهدی موهەندیسەوە ناونراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ کوژرا.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Michael Knights, ‘Iraq Is Quietly Falling Apart’, Foreign Affairs, 5 June 2023