تەشەنەسەندنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل و كاریگەرییەكانی لەسەر كورد

جیهان 10/10/2023



كاردۆ عوسمان هەورامی
لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دیاری كراوی رۆژئاوای كوردستان و فەلەستین و ئیسرائیل بە ئاڵۆزییەكی بێپێشینەدا تێدەپەڕن، كە هەموو ئەگەر و لێكدانەوەكان ئاماژەن بۆ تەشەنەسەندنی كە دیار نیە گڕی  ئەم ناكۆكیە چەند ناوچەی دیكە دەگرێتەوە، لە ئەگەری فراوان بوونیشی ئەوا كاریگەری تەواوی لەسەر باشور و رۆژئاوای كوردستان دەبێت.

شەری حماس- ئیسرائیل، هاوكاتە لەگەڵ هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشوری كوردستان، كە دۆخێكی ئاڵۆزی لە ناوچەكە دروستكردووە، هەروەها ئەم شەڕە خەریكە ناوچەكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەبات، چونكە هەمووان سورن لەسەر " مافی بەرگری لەخۆكردن"، كە ئاكامەكەی بۆتە جەنگێكی فراوانی ڕانەگەیەندراو لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست،ئەوەی مەترسی جدییە جەنگی حماس- ئیسرائیلە، چونكە بە هەڵگیرسانی هەموو چاوەكان دەچنە سەر ئەو ناكۆكیە، هەرێم و رۆژئاوا دەبێتە بابەتێكی لاوەكی، لەم كاتەشدا چانسی توركیا فراوان دەكات، كە هێرشەكانی فراوانتر بكات و هەموو دامەزراوە مەدەنی و دەوڵەتدارییەكان بكاتە ئامانج، وەك ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هێرشی كردە سەر وێستگەی كارەبا و ئاو و ئەكادیمیای ئاسایشی ناوخۆ، كە ڕوونە ئەم هێرشانە بۆ خاپور كردنی ژێرخانی وڵاتە، خۆ ئەگەر جەنگی حماس- ئیسرائیل، فراوانتر بێت، ئەوا توركیاش جەنگەكەی فراوانتر دەكات، بۆیە پێویستە كورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكات، بە ئەگەری هێرشی پێچەوانە و بەرگری كردن لە خود و دامەزراوەكان.
توركیا و خودی ئەردۆگان، بەوە ناسراون كە تەنها هێز و بەرپەرچدانەوە ڕایاندەگرێت، نەبووە بەبێ پەرچدانەوە هێرش ڕابگرێت، جا ئەمە هەر بۆ كورد نیە، بەڵكو بەشێكە لە سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر  یۆنان و روسیا و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە لەگەڵ خۆپاراستن لە جەنگ، باشترین وەڵام بۆ توركیا نیشاندانی هێزی كوردە، جا هێزی نەرم بێت یان سەربازی.
هەرچی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانیشە، ئەوا دۆخی زۆر لە رۆژئاوا باشتر نیە، چونكە خۆی لەلاوازییەكی ئیداری و سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسیدایە، بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك و بە ناچاری ڕازی بوو بە چەكداماڵینی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات، هەروەها چاوەڕوانی بەغدایە مانگانە بڕێك پارەی بۆ بنێرێت، لەناوخۆی خۆشیدا پەرلەمان و دامەزراوەكانی لەدەستداوە، حكومەتەكەی كاربەڕێكەرە، ئەمانە لەشەو و ڕۆژێكدا دروست نەبوون، بەڵكو لە نەخوێندنەوەی دۆخەكەوە سەری هەڵداوە كە بەرپرسان نەیانتوانیوە پێش بەڕووداوەكان بگرن، یان لە توانایاندا نەبووە و ئامادەكاریان بۆی نەكردووە، ئەوەی كوردی بەم دۆخە گەیاندووە نائامادەبوونیەتی بۆ ڕووداو گۆڕانكارییەكان، كە لە هەموو دۆخەكاندا ئامادەیی تێدا نیە، بۆیە بە زیانی دەشكێتەوە، كە لە كۆتایدا بەرەو لاوازی بردووە.
لە كۆتایدا، ئەوەی گرنگ و پێویستە سەركردایەتی كورد بیكات ئەوەیە كە واز لە ململانێی ناوخۆیی بهێنێت، خوێندنەوەی تەواو بۆ دۆخی ئێستا و داهاتوو بكات، هەموو  ئەگەرەكان بە هەند وەربگرێت، بەئەگەری تەشەنەسەندنی جەنگی حماس- ئیسرائیل، فشاری عیراق و توركیا و ئێران و چاوپۆشی ئەمریكا لە هێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوا، خۆ ئەگەر خۆی ئامادە نەكات، ئەوا دیسان بە شكستێكی گەورەتر دێتە دەرەوە، كە نازانرێت چەند پایەی دیكەی قەوارەی هەرێم تێكدەدات، دۆستەكانیشمان ئیدانەی ئەم دۆخە نەخوازراوە دەكەن ، لە بەیاننامەیەكدا  هاوسۆزی بۆ كورد دەردەبڕن، بەڵام ئەگەر بەهێز و ئامادەبین، ئەوا كاریگەر و حساب بۆكراوی ناوچەكە دەبین و تامی سەركەوتن دەچێژین،ئومێدێك بە گەلەكەمان و دۆستەكانمان دەدەینەوە، كە لە ئێستادا بەبێ بوونی كورد گۆڕانكارییەكان ڕوونادەن.