چیتر نابێت ڕێگە بدرێت چاکەی گشتی بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەت بکرێت

جیهان 07/10/2023


دیرک فیلیپسن
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

ئادەم سمیس بیرۆکەیەکی ڕوونی لەسەر ئەم کێشە ناسراوە هەبوو، کێشەیەک دووچاری مرۆڤەکان دەبێت، کاتێک هەوڵ دەدەن زیرەک، کارامە و ئەخلاقی بن. ئەو لە کتێبی سامانی نەتەوەکاندا (١٧٧٦) دەڵێت نانەوا بە هۆی چاکەخوازییەوە نییە نان دروست دەکات، بەڵکوو لەبەر قازانجی تایبەتی خۆیەتی. گومانی تێدا نییە چاکەی گشتی کاتێک دەتوانێت بەدەست بێت کە خەڵک بەدوای ئەو شتەوەن کە بە سادەترین ڕێگە بەدەست دەهێنرێت: بەرژەوەندی خۆ.

لەگەڵ ئەمەشدا: لۆجیکی بەرژەوەندی کەسی - ئەم بیرۆکەیەی کە دەبێت تەنیا "لێگەڕێین بازاڕ کاری خۆی بکات"- خاوەنی سنووردارکردنی جددییە. بە تایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، نەبوونی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی کاریگەر لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەی کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە (Covid-19) بڵاو بووەوە، ئەم دژبەیەکبوونانەی زۆر زەق کردووەتەوە.

لە سەرانسەری جیهاندا، بازاڕی ئازاد پاداشتی کێبەرکێ، دۆزینەوەی دەرفەت، بەرەوپێشبردن و ڕێگەخۆشکردن دەدات، بۆیە ئەمانە بوونەتە خواستراوترین لێهاتوویییەکانی خەڵک. هاوسۆزی، یەکگری و یەکڕیزی یان نیگەرانی بۆ چاکەی گشتی دەگوازرێتەوە بۆ خێزان، پەرستگە یان چالاکییەکان. هاوکات بازاڕ و قازانجی کەسی گرینگی بە تەندروستی، بەختەوەری و جێگیری کۆمەڵایەتی نادات. لە ئەنجامدا لە کەیپ تاونەوە تا واشنتۆن، سیستەمی بازاڕی کایەی گشتی - تەندروستی گشتی، فێرکاری و پەروەردەی گشتی، دەستڕاگەیشتنی گشتی بە ژینگەیەکی تەندروست - لە بەرژەوەندی قازانجی تایبەتدا لێکیداوەتەوە و زیانێکی زۆری پێ گەیاندووە.

کۆڤید-١٩ پێکهاتەیەکی تری ناعەقڵانی ئاشکرا دەکات: کەسانێک بەرپرسیارن لە ئەرکە زۆر پێویستەکان - چاودێری نەخۆشەکان دەکەن؛ زبڵەکان کۆ دەکەنەوە؛ خواردن دەگەیەننە ماڵەکان؛ دڵنیامان دەکەنەوە کە دەستمان بە ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت دەگات – زۆرجار ئەمانە هەمان ئەو کەسانەن کە بەبێ بیمە و یارمەتی یان گرێبەستە دەستەبەرکراوەکان، کەمتر لە هەمووان داهاتیان دەست دەکەوێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی زۆرجار کارامەیییەکانیان کەمتر دیارە - ئەوانەی لە پلەیەکی دەسەڵاتەوە قسە دەکەن، بەڕێوەبەرە باڵاکان - بەردەوام بەشێکن لە براوەکانن. بیر لەوە بکەرەوە: چ زیانێکی هەیە ئەگەر نووسینگەکانی سندووقەکانی پشکی تایبەت و کۆمپانیاکانی قانوونی بازرگانی و بازاڕکردن لە کاتی کەرەنتینەدا دابخرێن؟ وەڵامەکە ڕەنگە نەخێر بێت، مەگەر ئەوەی کە خاوەنی سەرجەم پشکەکانت ڕاستەوخۆ سوود لە چالاکییەکانیان وەربگرن. بەڵام ئەمانە هەمان ئەو کەسانەن ملیۆنان دۆلار داهاتیان هەیە - هەندێکجار لە ماوەی کاتژمێرێکدا ئەوەندە پارە پەیدا دەکەن کە کارمەندانی چاودێری تەندروستی یان گەیاندن لە ماوەی ساڵێکی تەواودا بەدەستی دەهێنن.

بەسادەیی، سیستەمی بازاڕێک کە بەرژەوەندییە تایبەتییەکان بەڕێوەی دەبەن، هەرگیز تەندروستی گشتی، جۆرە سەرەکییەکانی ئازادی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دابین نەکردووە و هەرگیز دابینی ناکات.

زۆرێک ئاماژەیان بە نائەخلاقیبوونی سیستەمی تەماح و خواستنی هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی خۆ، ناکارامەیی، دڕندەیی، کورتبینی و مەترسییەکانی بۆ سەر هەسارەکەمان و مرۆڤەکان کردووە، بەڵام لە سەرووی هەمووشیانەوە، لۆجیکی بەرژەوەندی تایبەت شتێکی ڕووکەشە، بەو پێیەی لە دیارکردنی شتە ئاشکراکان شکست دەهێنێت: هەموو دەستکەوتێکی تایبەت تەنیا لەسەر بنەمای هاوبەشێکی گەشەسەندوو – کۆمەڵگەیەکی جێگیر و ژینگەیەکی تەندروست – شیاوی بەدەستهێنانە. چۆن من بووم بە پرۆفیسۆر لە زانکۆیەکی نوخبە؟ ڕەنگە بە هەندێک ژیری و ماندووبوون، بوونی ئامانجێک، بەڵام لە هەمووی زیاتر سوپاس بۆ بەختی هەبوونی دایک و باوکێکی باش، لەدایکبوون لە کات و شوێنی گونجاو، خوێندن لە قوتابخانە حکوومییە نایابەکان، هەروەها هەوای پاک، خواردنی باش و هاوڕێی نایاب؛ زۆر کەس بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی متمانەپێکراو هەموو ئەو شتانەی خۆم نەمتوانیوە بۆیان دابین کردووم: چاودێری پزیشکی، پێداویستییە تەندروستییەکان، کارەبا، دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان. بێگومان وەک ئەوەی ڕۆبەرت فرانک، تووێژەر لە زانکۆی کۆرنێل، لە کتێبەکەیدا ساڵی ٢٠١٦، لەبارەی ئەفسانەی هێژاسالاری (شایستەسالاری - meritocracy) بەڕوونی نیشانی دا: بەختێکی پاک و بێگەرد.

ڕۆبەرت ئێف کەنەدی، سیناتۆری ئەمریکایی لە ساڵی ١٩٦٨، کاتێک لەسەر چۆنیەتی بەدواداچوونی کارکرد لە سیستەمەکانی ئابووری مۆدێرن بۆچوونی خۆی خستە ڕوو - گرینگیدان بە بڕی بەرهەم نەک بە ئەنجامی کار، بە بڕ نەک بە کوالیتی، بە نرخەکان نەک بە دەرفەتەکان - گوتی کە ئێمە "بەکورتی هەموو شتێک دەپێوین، تەنیا ئەوە نەبێت کە ژیان بەنرخ دەکات." بابەتێکی دیکەی گرینگتر کە دەیخاتە ڕوو ئەمەیە: "ئازادی، بەختەوەری، باشبوون - هەموویان لەسەر پایەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست ڕاوەستاون." بوونی ئەم بەهایانە بەندە بە توانای گشتیمان بۆ سوودوەرگرتن لە شتەکانی وەک؛ هەوای پاک، ئازادی ڕادەربڕین و پەروەردەی گشتی باش. بەکورتی: هەموومان پشتمان بە گۆمەڵگەیەکی تەندروست قایمە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهێزترین یەکەی پێوانە لە جیهاندا، داهاتی پوخته‌نه‌كراوی ناوخۆیی (GDP)، ئەوە بە هیچ دادەنێت.

زاراوەی خەڵکی ئاسایی "Common"بە شێوەیەکی بەرفرەوان بەکار دەهێنرا و بە هۆی وتارێکی گارێت هاردن (Garrett Hardin)، ئەکادیمیستی ئەمریکایی، کە پێش ئەمە ناسراو نەبوو، بە ناوی "کارەساتی خەڵکی گشتی - Tragedy of the Commons" (١٩٦٧)، تا ئەمڕۆش لە لایەن زۆربەی خوێندکارانی زانکۆوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. بانگەشەی سەرەکی ئەو ئەمەیە: موڵک و ماڵی گشتی وەک زەوییە گشتییەکان یان ڕێڕەوە ئاویییەکان لەدەست دەچن، ئەگەر بۆ بەکارهێنانی کەسانێک وازیان لێ بهێنرێت کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵ دەدەن. تیۆرییەکەی کێشەیەکی هەبوو، دواجار خۆشی ددانی بەوەدا نا: لە زۆربەی بابەتەکان هەڵە بوو.

لەجیاتی ئەوە، ڕەنگە بتوانین کێشەی ڕاستەقینەی ئێمە بە "کارەساتی تایبەت" ناو بنێین. هەر لە بیابان و زەوییە بێ ئاو و سەوزایییەکان لە ساڵانی ١٩٣٠ تا دەگاتە پەرەسەندنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا لەمڕۆدا، لە زانیاری چەواشەکارانەی ئۆنلاینەوە تا ژێرخانی تەندروستی گشتی شکستخواردوو، لە هەموو ئەم بوارانەدا ئەوە بەرژەوەندی تایبەتی تێرنەخواردووە کە زۆرجار کاڵا هاوبەشەکانی پێویست بۆ مانەوە و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەمان، تاڵان دەکات. لە سیستەمێکدا کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەت دامەزراوە، چ کەسێک پیشەسازی سووتەمەنی فوسیلی  کە بەرەو لێواری لەناوچوونمان دەبات، بە تاوانبار دادەنێت؟ چی بەسەر ئەو زەوییە کشتوکاڵی و لووتکەی چیا و زەریایانە دێت کە بۆ هەتاهەتایە بە هۆی کانگاکردنی چڕوپڕ بۆ قازانجی کەسییەوە وێران دەکرێن؟ ئەی چی دەکەین کاتێک سەروەت و سامانی کەسی سەرەنجام دیموکراسیمان لەناو ببات؟

بازاڕێک کە لە کۆمپانیا تایبەتییەکان پێک هاتووە، بە گوتەی جۆناسان ڕۆ (Jonathan Rowe)، نووسەری ئابووری، خاوەنی:"کەموکوڕییەکی سروشتی کوشندەیە - بە واتایەکی تر، بێتوانایی لە وەستاندنی گەشەکردن. بەبێ گوێدانە ئەوەی دوێنێ چەند گەشەی کردووە، دەبێت سبەی بەردەوام بێت لە گەشەکردن، دیسانەوە زیاتر؛ ئەگەرنا ئەم سیستەم و ڕێکخستنە دەڕووخێت."

لە کۆتاییدا ئاماژە بە یەکێک لەو خاڵانە دەکەم کە بە دەگمەن باسی دەکەین: بەبێ هاوکاری بەرچاوی حکوومەت، سیستەمی سەرمایەداری چەوسێنەری نوێ، کە لەسەر بنەمای تەماح و بەرژەوەندی تایبەت دامەزراوە، زۆر دەمێک بوو لەناوچوو بوو. جۆرێکی سنووردار لە بیرکردنەوە لەبارەی ئابووریی گەورە کە ئێستە زاڵە بەسەر دامەزراوە هزرییەکانی حکوومەت و زانکۆکاندا، هەرزەکارە ساویلکەکان هان دەدات بە شێوازی جۆراوجۆر سەرکۆنە و ئیدانەی دایک و باوکیان بکەن، تەنیا کاتێک بە گیرفانی بەتاڵ دێتەوە ماڵەوە و هیچ بیرۆکە و پشتگیرییەکی نییە. بۆینگ، گۆڵدمان ساکس، بانکی ئەمریکا، ئێکسۆن - هەموویان بەبێ پشتگیرییەکانی حکوومەت و کەمکردنەوەی باج و یارمەتییەکان مایەپووچ دەبوون. هەر جارێک ئەم سیستەمە تایبەتە تووشی قەیران دەبێت، یارمەتییەکانی حکوومەت [بودجەی گشتی] دەیپارێزن - لەم قەیرانەی ئێستەدا، بە بڕی چەندان تریلیۆن دۆلار یارمەتی دراوە. وەک ئەوەی کەسانی دیکە زیاتر لە سەدەیەکە ئاماژەیان پێ کردووە، سەرمایەداری ئامێرێکی زیرەکە کە داهاتەکانی بە تایبەت کردووە و تێچوونەکانی بە کۆمەڵایەتی دەکات.

کاتێک کۆمپانیا تایبەتییەکان دووبارە هەڵدەستنەوە و کار دەکەن، خۆیان بە بەرپرس بەرانبەر ئەو خەڵکە دانانێن کە ئەمانیان ڕزگار کردووە. وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لەگەڵ بانکی وێڵز فارگۆ، هێڵی ئاسمانی ئەمریکا و کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەمریکایی (AIG)، بینیومانە، دوای یارمەتییە دارایییەکانی حکوومەت، کۆمپانیا ڕزگارکراوەکان زۆرجار ڕاستەوخۆ دووبارە دەست بە دۆشینی خەڵک دەکەنەوە.

سیاسەتمەداران و ئابووریناسان بە گرینگیدان بە ئاڵوگۆڕی بازاڕی تایبەت لەسەر حیسابی چاکەی گشتی کۆمەڵایەتی، بیرۆکەیەکیان وەرگرتووە، بیرۆکەیەک کە تەنیا لەژێر هەلومەرجێکی زۆر سنووردار و بەڕوونی پێناسەکراودا باشە، ئەمەیان وەرگرتووە و وەکوو جۆرێک ئایدۆلۆجیای ژەهراوی و کوێر پەرەیان پێ داوە. ئێستە کاتی ئەوەیە بەرگری لەم بابەتە ئاشکرایانە بکەین: بەبێ جەماوەرێکی بەهێز، بابەتی کەسی ناتوانێت بوونی هەبێت. تەندروستی من بەندە بە تەندروستی گشتییەوە. ئازادی من پێوەستە بە ئازادی کۆمەڵایەتییەوە. سیستەمی ئابووری لە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بە خزمەتگوزارییە گشتییە کاراکان جێگیر کراوە، نەک بە پێچەوانەوە.

ساتی ئازار و داڕمان دەتوانرێت بە زەنگی بەئاگاهاتنەوە دابنرێت؛ دەرک و تێگەیشتن لەوەی کە بابەتی گشتی گەورەترین چاکەی ئێمەیە، نەک بابەتی تایبەتی. لە پەنجەرەوە سەیری دەرەوە بکە تا تێبگەیت: بەبێ جەماوەرێکی زیندوو و جێگیر، ژیان دەتوانێت بەخێرایی سست، ناخۆش، ئاژەڵانە و کورت بێت.

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە دیرک فیلیپسن نووسیویەتی، ئەفسانە دادگەر لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە و بە ناونیشانی (دیگر نباید گذاشت نفع شخصی خیر همگانی را نادیده انگارد)، ١١ی جوونی ٢٠٢٠، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

•• دیرک فیلیپسن (Dirk Philipsen)، مێژوونووسی ئابووری و داکۆکیکارێکی ئابووری خۆشگوزەرانییە و لە زانکۆی دوک لە کارۆلینای باکوور وانەی سیاسەتی گشتی و مێژوو دەلێتەوە. هەروەها هاوکارێکی باڵایە لە پەیمانگەی کینەن بۆ ئەخلاق. نوێترین کتێبی؛ ژمارە بچووکە گەورەکە: چۆن داهاتی پوختەنەکراوی ناوخۆیی (GDP) بوو بە حوکمڕانی جیهان و چی بکەین لەو بارەیەوە (٢٠١٥).

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Dirk Philipsen, ‘Private gain must no longer be allowed to elbow out the public good’, Aeon, 24 April 2020