نەوتی خوێناوی؛ ستەمکاران، توندوتیژی و ڕێساکانی حوکمڕانی جیهان

جیهان 21/09/2023


تام بورگیس
وەرگێڕان: سۆران جەلیل

بازرگانیکردن بە سامانی سروشتی گەلان، وەک نەوت و گاز و کانزا بەنرخەکان، چ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەخلاق و دادپەروەریدا هەیە؟ لە کڕین و فرۆشتنی ئەم سەروەتانەدا پێویستە چ تێبنیگەلێک ڕەچاو بکرێن؟ چۆن دەتوانین بە ڕەچاوکردنی ئەم تێبینیانە، ڕێگە لە گۆڕینی سامانی ئابووری بۆ ئامرازی ستەمکاری و نادادپەروەری بگرین؟ لیف وێنار، لە کتێبە تازە بڵاوکراوەکەیدا هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە چارەنووسسازانە بداتەوە.

لیف وێنار، مامۆستای کۆرسی فەلسەفە و قانوون لە کینگ کۆلێجی لەندەن، داوامان لێ دەکات بیر لەوە بکەینەوە چی ڕوو دەدات ئەگەر نیویۆرک ڕایبگەیەنێت کە لەمەودوا کڕین و فرۆشتنی کاڵا دزراوەکانی ویلایەتی نیوجرسی قانوونییە. وەڵامەکەی ڕوونە: "لەم حاڵەتەدا، نیوجرسی دەبێتە شوێنی گەشەسەندنی دارودەستە تاوانبارەکان و ململانێی نێوانیان و دزییە گەورەکان." ئێمە بە غەریزە قانوونێکی لەو شێوەیە بە نادادپەروەرانە دەزانین. بۆ دەبێت پارێزراوی بە تاوانبارانی نیوجرسی بدرێت، تاکوو موڵکی دزراو بفرۆشن؟ ئایا ناکرێت کڕیارانی ئەم موڵکانە لە نیویۆرک بە یەکێک لە هۆکارەکانی بێ قانوونی و نائەمنی لە نیوجرسی هەژمار بکرێن؟

وەک ئەوەی وێنار لەم کارە داهێنەرانەدا ڕوونی دەکاتەوە، ئەو کاتە نیویۆرک تەنیا خەریکی دووبارە دەرکردنەوەی قانوونێک دەبوو کە چەندان سەدە زاڵ بووە: "حەق لەگەڵ زۆردارە -mightmakes right" بە واتایەکی تر، هەر کەسێک دەسەڵاتی هەیە، ڕێپێدراوە بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت بکات. ئێمە وردە وردە لە بەرژەوەندی سەربەخۆیی و مافی مرۆڤ دەستبەرداری ئەم قانوونە بووین. خراپترین لێکەوتەکانی ئەم قانوونە - کۆیلایەتی و کۆلۆنیالیزم - نەماون، بەڵام لە بواری نەوت و پیشەسازی کانزاکاندا، هێشتا حەق لەگەڵ بەهێزدایە.

دەکرێ کتێبەکەی وێنار بە تەواوکەرێکی فەلسەفی بۆ شیکاری ئابووریی جۆزێف ستیگلیتز(Joseph Stiglitz) و پۆڵ کۆلیێر (Paul Collier) هەژمار بکرێت، چونکە ئەویش پێی وایە لە بارودۆخی ئێستەدا بازرگانی جیهانی بە سامانە سروشتییەکان تێچووی گەورەی مرۆیی هەیە.

وێنار جگە لە هێنانەوەی قسەکانی جان جاک ڕۆسۆ، تۆماس هۆبز، جۆن ستوارت میل و جۆن ڕاولز، ئاماژە بە قسەی فەرمانڕەوای وڵاتێکی ئەفریقایی بە ناوی تیۆدۆرۆ ئۆبیانگ ئێنگویما ئیمباسۆگۆ[۱] دەکات. ئەم کەسە نموونەیەکی کۆنکرێتی ئەو شتەیە کە تیۆریسینەکان پێی دەڵێن "نەفرەتی سەرچاوەکان - resource curse"، یانی ئەو قانوونە ستەمکارەی کە بەپێی ئەو خەڵکی دەوڵەمەندترین وڵاتان لە ڕووی سامانە سروشتییەکانەوە لە هەژارترینەکانی جیهانن.

ئۆبیانگ لە ساڵی ١٩٧٩، دەسەڵاتی گرتە دەست، لەو کاتەوە گینێی ئیستوایی موڵکی ڕەهای ئەو بووە. بۆ زانینی دۆخی ترسناکی ئەم وڵاتە بەسە بزانین لە زیندانی (بلاک بیچ) چ کارەساتێک ڕوو دەدات. لە کاتێکدا لە سەددا ١٠ی منداڵانی وڵاتەکە پێش تەمەنی پێنج ساڵی گیان لەدەست دەدەن، کوڕەکەی ئۆبیانگ، کە بە جێگری دادەنرێت، سامانێکی زۆر و کەلوپەلی وەک دەستکێشە بە ئەڵماسچنراوەکەی مایکل جاکسۆن و ئۆتۆمبێلی گرانبەها کۆ کردووەتەوە.

وێنار دەڵێت ئۆبیانگ و دزە (kleptocrats)کانی[٢] دیکە مافی ئەوەیان نییە بە ئارەزووی خۆیان سامانە سروشتییەکانی وڵاتەکەیان بەکار بهێنن. بەپێی لێکدانەوەی ئەو، هەناردەکردنی زیاتر لە نیوەی نەوتی بەرهەمهێنراوی جیهان پێشێلکردنی مافی خاوەنداریتییە، چونکە خەڵکی ئەم وڵاتانە - خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم سەرچاوانە - هێندە ترساون کە بەشداری بڕیاردان لەسەر میراتی نەتەوەیی خۆیان ناکەن. ئەم بابەتە بۆ سامانە سروشتییەکانی دیکەش ڕاستە. بۆ نموونە؛ چارڵز تیلۆر (Charles Taylor)، سیاسەتمەداری لیبێریا، لە ڕێگەی دەرهێنان و فرۆشتنی ئەڵماسەوە پارەی کوشتنی خەڵکی سیرالیۆن و لیبێریای دابین دەکرد. بە واتایەکی تر، "کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و کانزاکانی تر، ڕۆژانە ملیاران دۆلار لە سامانی سروشتی بە تاڵان دەبەن."

هەڵبەت وێنار زیاتر لە چوارچێوەی تیۆری "نەفرەتی سەرچاوەکان" دەڕوات. ئارگومێنتەکەی لەسەر بنەمای شیکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتە سەربەخۆکان و فرەوانبوونی لێپرسینەوەی سیاسی لە چەند سەدەی ڕابردوودا دامەزراوە، بەڵام بە بۆچوونی ئەو، ئەم پێشکەوتنە لە پشت سنووری وڵاتە گەورەکانی هەناردەکەری نەوت و کانزا سروشتییەکانەوە وەستاوە، چونکە ئەو ڕێنتە [کرێ یان پارە] ئابوورییەی کە لە ئەنجامی ئەم هەناردەکردنەوە دێتە ئاراوە، وا دەکات پێویست نەبێت فەرمانڕەوا وەڵامی خەڵک بداتەوە.

وێنار هەندێک لە بنەمای چەسپاوی دادپەروەریی ئابووری بۆ ئەم مێژووە سیاسییە زیاد دەکات. ئەو نیشانی دەدات کە "تاڵانی - plunder" یەکێک بووە لە بنەماکانی شەڕی ڕۆمانەکان "دەستکەوتەکان، هی سەرکەوتووەکانە - to the victor, the spoils"، بەڵام ئەم دیاردەیە لە سەدەی بیستەمدا بە تاوانی جەنگ دادەنرا، ئەلفرێد ڕۆزنبێرگ، بەرپرسێکی نازی، بە تاوانی تاڵانی لە لایەن دادگای نورنبێرگەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. وێنار دەڵێت سەرۆک کۆمار (یان هەرکەسێک کە ئیدارەی سامانی وڵات دەکات) مافی ئەوەی نییە بەبێ ڕەزامەندی خەڵک لە ڕێگەی پۆستەکەیەوە سەروەت و سامان کۆ بکاتەوە.

وێنار خوازیاری سەپاندنی دیموکراسی ڕۆژئاوا نییە و ناتوانرێت ئەو بە پێشاندەری نوسخەی بازرگانی دەستتێوەردانگەری لیبڕاڵی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق ڕووی دا، تۆمەتبار بکرێت. بەڵکوو دەیەوێت نەوت و کانزاکان تەنیا لەو وڵاتانە بکڕین کە هاونیشتمانیانی ڕازین بە هەناردەکردنی سامانە سروشتییەکان. بۆیە پێویستە ئێمەی ڕۆژئاوایییەکان دڵنیا بین لەوەی خەڵکی ئەم وڵاتانە زانیاری پێویستیان لەسەر ئەم هەناردانە هەیە. ئەوان پێویستە بتوانن بە ئازادی و بەبێ مێشک شۆردنەوە، گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن، بەبێ ئەوەی مەترسییەکی هاوشێوەی زیندانیکردنیان لە زیندانی بلاک بیچدا هەبێت. بێگومان دەبێت وریا بین لە دوای ڕزگاربوون لە تەڵەی "حەق لەگەڵ زۆردارە" نەکەوینە تەڵەی "ڕۆژئاوا لەوانی تر باشتر تێدەگات". وێنار دەڵێت: "مامەڵەی ئێستەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارە تاڵانچی و سەرکوتکەرەکانی وڵاتانی ئەفریقای هەناردەکەری مس و شێخ‌نشینەکانی نەوت و گازی کەنداو، یەکسانە بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتانە."

کێشەکە تەنیا لە دیکتاتۆرە بەئەزموونەکانی وڵاتانی نەوتیدا سنوردار نییە. بە گوتەی وێنار، لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بەکارهێنەرانی نەوت لە جیهاندا، نەخوازراوانە پارەیان بۆ فرەوانبوونی توندڕەوی ئایینی لە لایەن سعوودیەوە دابین کردووە. "ئەو بزووتنەوەی جیهادییە جیهانییەی ئێستە دەیبینین بەبێ پارەی نەوت بوونی نەدەبوو." لەمەش خراپتر، وڵاتانی دەوڵەمەند، ئاسانکاری بۆ سپیکردنەوەی پارەی فەرمانڕەوا گەندەڵەکان دەکەن. وێنار ئاماژە بەوە دەکات: "بەبێ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی قەرز و پشک لە ڕۆژئاوا، ئەم ڕژێمانە ناچار دەبوون ڕووبەڕووی مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە ناوچەکانی وەک خۆیان ببنەوە."

ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی "بازرگانی پاک"ی لیف وێناریان قەبووڵ کردووە، خۆیان لە کڕینی نەوت، گاز، کانزا و بەردی بەنرخی ئەو وڵاتانە بەدوور دەگرن کە سوود لە "سەروەری سامانی گشتی - popular resource sovereignty" وەرناگرن. ئەم پێوەرە دەتوانرێت بە یارمەتی زۆرێک لە داتاکانی پێوەست بە ئازادی ڕۆژنامەگەری، گەندەڵی دارایی و هاوشێوەکانی بپێورێت. وێنار ددان بەوەدا دەنێت کە پەسەندکردنی سیستەمێکی لەم جۆرە ڕەنگە تێچووی زۆری هەبێت، بەڵام دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی ژینگەیی، پێویستە بە هەر شێوەیەک بێت بەکارهێنانی نەوت کەم بکەینەوە.

وێنار هیواخوازە سزادانی ڕژێمە پاوانخوازەکان، لێپرسینەوە و بەرپرسیارییەتی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەی کە بەدەست نەفرەتی سەرچاوەکانەوە دەناڵێنن، زیاد بکات. سەرەڕای ئەمەش، ئەمە قەبووڵ دەکات کە: "تا ئێستە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە حکوومەتە ڕێنتییە [کرێخۆری] هەناردەکەرانی نەوت گۆڕاون بۆ دیموکراسی." بە گوتەی بەشێک لە شارەزایان، تا کاتێک یەدەگی سروشتی ئەو وڵاتانەی خاوەن سامانی سروشتین، تەواو نەبێت، دۆخی زۆربەی ئەم وڵاتانە باشتر نابێت، بەڵام وێنار لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە. ڕاستە دۆزینەوەی نەوت لە گینێی ئیستوایی لە لایەن کۆمپانیای مۆبیلەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٥، واتە ١٦ ساڵ دوای دەستپێکردنی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئۆبیانگ، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە، لە عێراق تا کۆنگۆ و ئازەربایجان، دەرهێنانی سامانی سروشتی پێش سەربەخۆیی ئەم وڵاتانە دەستی پێ کرد. هەربۆیە، ڕێنتخۆری حکوومەت هۆکاری ستەمکاری بوو نەک بە پێچەوانەوە. ئەو دەسەڵاتدارانەی کە سوودمەندن لە پارەی سەرچاوەکان پێویستییەکی کەمیان بە کۆکردنەوەی باج هەیە، بەم پێیەش، بە ئاستەم دەتوانرێت بە نوێنەری خەڵک دابنرێن.

بەڵگە ئەخلاقییەکانی وێنار دەیانهێنێتەوە قایلکەرن. بە دەربڕینی جۆن ستوارت میل، دەتوانین بڵێین وێنار بانگمان دەکات بۆ هاودەنگی و قەبووڵکردنی "ویستی یەکگرتوویی لەگەڵ هاوبوونەوەرەکانمان". لە سەردەمی ناتەبایی و دابەشبووندا، ئەم جۆرە هەستانە بەنرخن و پێویستە ڕێزیان لێ بگیرێت.

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە تام بورگیس نووسیویەتی، عیرفان سابتی لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە و بە ناونیشانی (نفت خونین: ستمگران، خشونت و قواعد حاکم بر جهان)، ٢ی جوولای ٢٠١٦، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

•• لیف وێنار (Leif Wenar)، پرۆفیسۆری فەلسەفەیە لە زانکۆی شێفیڵد. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فەلسەفە لە زانکۆی ستانفۆرد لە ساڵی ١٩٨٧ و دوکتۆرای لە فەلسەفە لە زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ١٩٩٧ بەدەست هێناوە، گرینگی بە فەلسەفەی ئەخلاق، سیاسەت و قانوون دەدات. لێکۆڵینەوەکانی لەسەر فەلسەفەی سیاسی لیبڕاڵ و بەتایبەت کارەکانی جۆن ڕاوڵز و تیۆرییەکانی خاوەندارییەتی تایبەت بووە. وێنار خاوەنی دوو کتێبە؛ نەوتی خوێناوی: ستەمکاران، توندوتیژی و ڕێساکانی حوکمڕانی جیهان، لە ساڵی ٢٠١٦، سەرووتر لە نەوتی خوێناوی: فەلسەفە، سیاسەت و داهاتوو، لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کراونەتەوە.

[۱] تیۆدۆرۆ ئۆبیانگ ئێنگویما ئیمباسۆگۆ (Teodoro Obiang Nguema Mbasogo)، لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئێستە سەرۆک کۆماری گینێی ئیستوایییە، ئۆبیانگ لە ئۆگەستی ١٩٧٩، بە کوودەتایەکی سەربازی، فرانسیسکۆ ماسیاس نگومای دیکتاتۆری مامی لە دەسەڵات دوور خستەوە. وڵاتی گینێی ئیستوایی یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کیشوەرەکەدا و سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی لە دوو ملیۆن کەمترە، بەڵام لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پلەی زۆر خراپی هەیە. زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە بەزەحمەت دەستیان بە ئاوی پاک بۆ خواردنەوە دەگات. سەرەڕای هەژاریی ئەوپەڕی خەڵک، ئۆبیانگ لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە خاوەنی چەندان ملیار دۆلارە.

[٢] کلیپتۆکراسی (Kleptocracy)، فەرمانڕەوایی دز و جەردە (ڕەگی ئەم وشەیە لە کلیپتۆ Klepto واتە دز و جەردە + کراسی Cracy واتە فەرمانڕەوایی ھاتووە)، زاراوەیەکە بەکار دەھێنرێت بۆ حکوومەتێکی گەندەڵ لە بەڕێوەبردنی داھاتی گشتیدا بە مانای ئەوەی بەڕێوەبردنەکە وا نەخشەی بۆ کێشراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە خەمی بەخێوکردن و پشتگیریکردنی دەوڵەمەندی تاکەکەسی و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە حکوومییەکان و دارودەستەکانییەتی. لەبەرئەوەی دیموکراسی دزینی ئاشکرا بۆ بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی تاکەکەسی بە مەبەستی پشتگیریکردن بۆ ماوەیەکی دریژخایەن و مانەوە لە دەسەڵاتدا قورستر و زەحمەتتر دەکات، بۆیە ڕژێمە کلیپتۆکراسییەکان زۆرجار ڕژێمی دیکتاتۆرین یان ھەندێک شێوازی تری حکوومەتی ئۆتۆکراتین (تاکڕەوین). فەرمانڕەوایی کلیپتۆکرات (kleptocrats) واتە؛ ئابووری وڵات بخرێتە ژێر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کەسانی کلیپتۆکرات. ئەو وڵاتانەی سەروەت و سامانیان لەرێگەی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بەدەست دێت وەک، ئەڵماس، نەوت و گاز … هتد. لەوانەیە بە شێوەیەکی تایبەت ببن بە کلیپتۆکراسی. ئەوانەشی سامانیان لە رێگەی سیستەمی باج وەرگرتنەوە بەدەست دێت سنوورێکی سروشتی دیاریکراویان ھەیە لەبارەی ئەوەی تا چ ڕادەیەک دەتوانن سیاسەتی کلیپتۆکراسیان فرەوان بکەن لەسەر خەڵکی خۆیان بەبێ شڵەژاندنی حکوومەتەکەیان.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

‪Tom Burgis, ‘Blood Oil: Tyrants, Violence, and the Rules that Run the World, by Leif Wenar,’ Financial Times, 4 March 2016