چەرچڵ لە ژووری هەواڵەوە بۆ تونێلەكانی سیاسەت

جیهان 12/06/2022

 (ژیان لەناو هەواڵەكاندا- A Life in the News) باس لە ژیانی وینستۆن چەرچڵ سیاسەتمەدای بەناوبانگی بەریتانیا دەكات، لەدوای گەشتەكەی بەرێگا سەختەكانی ژیان، لەوكاتەی پەیامنێری جەنگ بووە تا ئەو كاتەی بووە بە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، لەماوەی جەنگی جیهانی و دوای جەنگ، كتێبەكە لە نوسینی (ڕیچارد تۆی) پڕۆفیسرۆی مێژووی هاوچەرخ لە زانكۆی (ئێكزێتەری بەریتانیا)، كە خاوەنی چەندین كتێبی دیكەیە، دەربارەی كەسایەتی چەرچڵی رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدار، كە مشتومڕێكی زۆر لەبارەیەوە هەیە.چیرۆكی ژیانی چەرچڵ، كە لە نێوان میدیا و سیاسەتدا دابەشكراوە، چیرۆكێكی دووروودرێژە لە دڵەراوكێ و پێشبڕكێ‌ لەگەڵ كات، بۆ بەستنی كۆنگرەی رۆژنامەوانی و رەوشی كەشوهەوا، چاوپێكەوتن لەگەڵ رۆژنامەونوساندا، بەتایبەت لەماوەی جەنگی دووەمی جیهان.
بە وتەی نوسەر چەرچڵ پێش ساڵی (1900) دەستی بەنوسین كردووە بۆ رۆژنامەكان، پێش ئەوەی ناوێكی لە جیهانی سیاسەتدا بۆخۆی نەخشاندبێت، لەوكاتەدا چەرچڵ سمبولێك بوو لە جیهانی دروستكردنی هەواڵدا، بەو هۆیەشەوە رۆژنامەكان بەشدارییان كرد لە دروستكردنی سیاسەت، كە دنیای لێ پڕكرابوو خەڵكەكەشی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردبوو.
خۆ ئەگەر چەرچڵ هەوڵ و كۆششی خۆی كردبێتی بە پاڵەوان، ئەوا هەر ڕۆژنامەبوو ناوبانگی بۆ ئەو پەیداكرد، رۆژنامە و چاپەمەنییەكان وستگەیەكی گرنگی كەسایەتی سیاسی چەرچڵ بوون، ئەو دەستكەوتە مادیەی لە رۆژنامەنووسی دەستی دەكەوت، بووە پاڵپشت بۆی تا لێوەی بچێنە جیهانی سیاسەتەوە.
نووسەر لە كێتبەكەدا وێڵ بووە بە دوای ئاشكراكردنی وێستگەكان و تایبەتمەندییەكانی ئەو پەیوەندیە نامۆیە لە نێوان ژیانی سیاسی چەڕچڵ و پیشەكەی لە جیهانی رۆژنامەگەری هەیبووە، نوسەر لە كتێبەكەدا باس لە بەراوردی نێوان كەلتوری هەواڵسازی و دروستكردنی هەواڵ لە سەردەمی چەرچڵ دەكات، بە بەراورد بەو گۆرانە مەزنەی ئەمرۆ میدیای پێی گەیشتووە.

لە دایكبوون و مردن لەسەر پەرەی یەكەمی رۆژنامە
نووسەر سەرەتای بەشی یەكەمی كتێبەكەی بە تیشك خستنە سەر ساتەوەختی لەدایكبوونی چەرچڵ دەستپێدەكات، كە زۆر جیاواز بوو لە لەدایكبوونی هاوتەمەنە بەریتانیەكانی لەو سەردەمەدا. هەواڵی لەدایكبوونی چەرچڵ لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ساڵی 1874، لە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەی"The Times"، نەك وەك یەكێك لە هەواڵەكان، بەڵكو وەك ڕیكلامێكی پریپەید لە لاپەڕەی لەدایكبووندا بڵاوبووەوە، كە لەو كاتەدا لاپەڕەی یەكەمی بەناوبانگترین ڕۆژنامەی بەریتانی بە تەواوی تەرخانكرابوو بۆ ریكلام كە پەیوەندی بە هەواڵی هاوسەرگیری و لەدایكبوون و مردن و ئاهەنگ و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانەوە هەبوو.
لەكاتی مردنی چەرچڵ لە ساڵی1965 رۆژنامەكە هەواڵی مردنی چەرچڵی لە لاپەڕەی یەكەم بڵاوكردەوە، لەو سیاسەتە لایدا كە لە لاپەڕەی یەكەم تایبەت بوو بە بە ریكلامە پریپەیدەكان نەك هەواڵ.

لە نێوان تفەنگ و پێنووس
نووسەر لە بەشی یەكەمدا ڕۆشنایی دەخاتە سەر پەروەردەی چەرچڵ و خوێندنەكەی، ئەو كات لە قوتابخانەی بەناوبانگ دەستی پێكردووە، تا دەگاتە كۆلێژی سەربازی بەناوبانگی "ساندهێرس" كە منداڵانی خێزانە ئەرستۆكراتیەكانی تیا وەرگیراون.
كتێبەكە ئارەزووی چەرچڵی نمایش كردووە، بۆ ئەوەی ببێتە كەسێكی پیشەیی لە بواری نووسیندا، ئەوە سەرەڕای ئاراستەكردنی بەرەو خوێندنی سەربازی، هەروەها دەرفەتی ئەوەی پێدرا كە لە سوپای بەریتانیادا خۆی تۆمار بكات، نووسەر سەرەتای ژیانی چەرچڵ لە ڕووماڵكردنی جەنگ و شەڕەكاندا دەخاتە ڕوو.
دوای دەرچوونی لە زانكۆی ساندهێرس كاتێك تەمەنی بیست ساڵ بوو، لە ساڵی 1895گەشتێكی كرد بۆ وڵاتی كوبا، بۆ ڕووماڵكردنی شەڕەكانی سوپای ئیسپانیا لەگەڵ شۆڕشگێڕانی كوبا، هەروەها دوای گەڕانەوەی لە كوبا لە ساڵی 1896، ئاماژە بە گەشتەكەی دەكات بۆ هیندستان، ئەو كات لەگەڵ ئەو كەتیبە سەربازییەی بووە، كە دوای تەواوكردنی خوێندن پەیوەندی پێوە كردبوو، لە هیندستان سەرقاڵ ڕوماڵی هەواڵی شەڕ و جموجۆڵەكانی سوپای بەریتانیا بوو بۆ ڕۆژنامەی "The Telegraph" و "Pioner"ی هیندستان.

ئەركی چەرچڵ لە دۆڵی نیل
چەرچڵ دوای گەڕانەوەی لە هیندستان لە ساڵی ،1898 لە چوارچێوەی هەڵمەتی فەرماندەی بەریتانی ژەنەڕاڵ هێربێرت كیچنەر كە ئەوكات فەرماندەی سوپای میسر بوو، یاوەری سوپای بەریتانیا دەكات لە ئەركێكی سەربازیدا لە وڵاتی سودان، ئامانجی ئەم هەڵمەتە نەهێشتنی شۆڕش و دەوڵەتی مەهدی بوو كە ١٣ ساڵ لەوەبەر شكستی بە سوپای بەریتانیادا هێنابوو.
چەرچڵ سەرەتا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە، كە نزیك بوو بێبەشی بكەن لە گەشتەكەی بۆ سودان، لە هەمووی گرنگتر كە سەرۆكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكە، ژەنەڕاڵ كیتچنەر، ئامادە نەبوو یاوەری پەیامنێرانی جەنگ بكات بۆ هێزەكانی، بەڵام چەرچڵ توانی بە پەیوەندییە بەرفراوانەكانی ڕازی بكات.
شێوازێكی نوێی گێڕانەوەی هەواڵ و راپۆرت
نووسەر دەڵێت، چەرچڵ لە سودان بیری لە داهێنانی شێوازێكی نوێ بۆ نووسینی ڕاپۆرتەكانی كردەوە، كە جیاوازە لەوەی كە لەو سەردەمەدا لە چاپەمەنی بەریتانیادا باو بوو. سەرەتا هەوڵی دەدا بابەتەكانی بەبێ واژۆ بڵاوبكرێنەوە وەك نامەیەك كە بۆ هاوڕێیەكی دەنێردرێت، تا ئەو هاوڕێیە بەبێ ئاگاداری نووسەر بڵاوی بكاتەوە. چەرچڵ لە وتارێكدا بۆ هاوڕێكەی، ڕۆژنامەنووس ئۆلیڤەر بۆرسویك، ئەو پاساوانە ڕوون دەكاتەوە، كە بانگیان كردبوو بۆ گرتنەبەری ئەم شێوازە و دەڵێت: "ئەمە شێوازێكی ئەدەبییە، كە شتێكی سەرنجڕاكێش و چێژبەخش دروست دەكات".بەڵام ئەو وتارەی كە چەرچڵ لە سودانەوە نووسیبووی، وەك خۆی ویستی بڵاو نەكرایەوە، بەو پێیەی بەشی سەرنووسەری ڕۆژنامەی "مۆرنینگ پۆست" دەستكاری دەكرد و وەك ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی بڵاوی دەكردەوە.
بە وتەی نووسەری كتێبەكە، ئەمە چەرچڵی پەیامنێری ڕازی نەكرد، كە ئاواتەخوازی هاتنە پێشەوەی شێوازێكی ڕۆژنامەوانی نوێ بوو، بەشێوەیەك جیاواز بێت لەوەی لە سەردەمی خۆیدا باو بوو، ئەویش ناڕەزایی خۆی بەو شتانە دەربڕی كە لە ژمارەیەك نامەدا ڕوویدا بۆ دایكی و هاوڕێكانی نووسیبوونی.

چوونە ناو ڕاڕەوەكانی سیاسەت
چەرچڵ لە بەهاری ساڵی 1899 دوای ئەوەی ڕوماڵی لەشكركێشی سودان كرد، گەڕایەوە بەریتانیا ، دوای چەند ڕۆژێك چوو بۆ ڕووماڵكردنی جەنگێكی دیكەی ئیمپراتۆریەت كە خۆر لەسەری هەرگیز ئاوا نەدەبوو، ئەمجارەیان بەرەو باشووری ئەفریقا.چەرچڵ پێش ئەوەی گەشت بكات بۆ باشووری ئەفریقا بۆ ڕووماڵكردنی جەنگی نێوان ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و كۆماری بویر لە ئەفریقا، دەرفەتی ئەوەی هەبوو بەدوای جیهانی سیاسەتدا بگەڕێت، كە دواتر دەچووە ناو رارەوەكانی سیاسەتەوە.
لە هاوینی ئەو ساڵەدا چەرچڵ بانگ كرا بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی لاوەكی لە ئۆلدهام بەشداری بكات. هەرچەندە بەختی نەبوو كورسییەكی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەڵام توانی خۆی بەو یانە سیاسییە بناسێنێت، كە ڕۆژنامەی زە مەیل ستایشی بیرۆكە سیاسییەكانی و شێوازی پێشكەشكردنی دەكرد.


چەرچڵ لە ئۆكتۆبەری 1899 لەگەڵ كۆمەڵێك چاوپێكەوتندا گەشتێكی بۆ باشووری ئەفریقا كرد، لەسەر پۆستێكی پۆستی مۆرنینگ. لە بابەتەكانی سەرەتاییدا باسی گەشتەكەی بۆ بەرەی جەنگ كردووە، لەوێ زۆر نەمایەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك سەربازی بەریتانی بە دەستی بۆرەكان دەستگیركرا.ڕۆژنامەی ناتال دەیلی ئەفریقای باشوور، ساڵانێك دوای ئەو جەنگە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ فرانز چانگوێن بڵاوكردەوە، كە لەنێو ئەو گروپەدا بوو كە چەرچڵیان دەستگیركرد. پێی وابووە كەسانی وەك ئەو وەك رۆژنامەنووس ئاگری شەر خۆش دەكەن.


كاتێك پەیامنێر خۆی دەبێتە هەواڵ
بڵابوونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی چەرچڵ لەلایەن تەلەگرافەوە گەیشتە زۆرێك لە ڕۆژنامەكانی بەریتانیا، كە لە 17ی تشرینی دووەمی 1899 بڵاویكردەوە، باسی ئەو پیاوەی كردووە كە پاڵەوانێكی بەریتانیایە، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ سوپادا بەشداری كردووە بۆ وەستاندنی پێشڕەوی بۆرەكان.
پێدەچێت بازنەی فراوانبوونی قسەكردن لەسەر قارەمانێتی چەرچڵ لە بەرژەوەندی ئەو نەبووبێت، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە دەیانگوت كاتێك دەستگیركرا دەمانچەیەكی پێبووە، ئەمەش وایكرد كە دەستگیركراوەكانی بە دیلی جەنگ بزانن نەك ڕۆژنامەنووس، هەرچەندە ڕێگەیان پێدا ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوەكان بنێرێت، هاوكات ڕێگەیان دا پەیامنێرێكی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا ئەنجام بدات.
نووسەر باس لەوە دەكات چەرچڵ زۆر لە دیلێتیدا نەماوە، دوای چەند ڕۆژێك توانی خۆی دەرباز بكات و لە سایەی هاوكاری هەندێك لە هاوڕێ‌ ئینگلیزەكان گەیشتە ناوچەكی كۆلۆنیالیستی پورتوگالی و لەوێشەوە بۆ كۆلۆنیسالیستی بەریتانیا.
نووسەری كتێبەكە پێی وایە ئەوەی لە باشووری ئەفریقا بەسەر چەرچڵدا هاتووە، هاوكارییەكی زۆری كردووە بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی ڕۆژنامەگەری، دواتریش بەشداری دەكات لە پێدانی پێگەیەكی دیار لە یانەی سیاسی بەریتانیادا.
دوای گەڕانەوەی لە گەشتێكی بۆ باشووری ئەفریقا، چەرچڵ دەستی بە كاری سیاسی كرد و توانی بگاتە داون ستریت، شوێنی دانیشتنی حكومەتی بەریتانیا، لەوێ وەك ئەندامی پەرلەمانی بۆ بازنەی هەڵبژاردنی "ئۆڵدهام" هەڵبژێردرا.
چەرچڵ پێی وایە ڕۆژنامەكان ئەو هەلەیان بۆ رەخساندووە، وەك سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بگاتە لوتكەی شكۆمەندی سیاسی.


وەرگێران
فرید دڵشاد